بڕیارە رۆژی شەممە 31/5/2025 سەعات 6ی ئێوارە لە نووسینگەی قاهیرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەنتەری جەلال تاڵەبانی بۆ توێژینەوەی عەرەبی و كوردی و نێودەوڵەتی لە قاهرە بكرێتەوە.
دامەزراندنی ئەم سەنتەرە گرنگیی زۆری دەبێت لە بەهێزكردنی دیالۆگی ئەكادیمی و ئاڵوگۆڕی كەلتووریی نێوان لایەنی عەرەبی و كوردر بە گرنگیدان بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان.
بڕیارە لە مەراسیمی كردنەوەی سەنتەری جەلال تاڵەبانی كەسایەتییە باڵا و دیارەكانی میسر لە بوارەكانی سیاسەت و رۆشنبیری و ئەكادیمیدا بەشداربن.
كردنەوەی سەنتەری جەلال تاڵەبانی بەشێكە لە ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی و یوسف زوزانی جێگری سەرۆكی دامەزراوەكە بەشداری لە كردنەوەی سەنتەری جەلال تاڵەبانی دەكەن.
د.مەلا یاسین، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتی لە قاهیرە جەختی لە گرنگی ئەم ناوەندە كردەوە وەك چرایەكی لێكۆڵینەوە و شیكاری، بە ئامانجی قوڵكردنەوەی لێكتێگەیشتنی یەكتر و بەرزكردنەوەی هاریكاری لە بوارە جیاجیاكاندا.