سازدانی/ ئهیاز ههركی
ڤەژینا کورد نووسەر و شاعیری رۆژئاوای كوردستانە و خاوهنی چهندین بەرهەمە كه گوزارشت له ئێش و ئازارهكانی خهڵكی رۆژئاوای كوردستان و بهتایبهتی عهفرین دهكات. ڤەژینا کورد لە ساڵی 1975 لە گوندی (ماراتێ) له عەفرین لەدایکبووە، دەرچووی زانکۆی حەلەب-ە، پاشان بووەتە مامۆستای زمانی ئینگلیزی و دامهزرێنهری کۆمەڵەی رۆشنبیری رهوشهن بەدرخانە و لە ساڵانی رابردوودا لە عەفرین سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە بووە، هەروەها خاوهنی چەندین بابهت و وتاری رۆژنامهوانییه، ئێستا لە هۆڵەندا چالاکوان و مامۆستای زمانی کوردییە.
پێشخستنی رۆڵی ژنان لە عەفرین
سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی بۆ ژنانی کورد بەگشتی و عەفرین بەتایبەتی وتی: لە ساڵی 2012 بە هاوکاری چەند هاوڕێیەک کۆمەڵەی رۆشنبیری رهوشهن بەدرخانمان لە عەفرین دامەزراند، پاشان له ساڵی 2013 دا رۆژنامەیەکمان بە ناوی رەوشهن دەرچواند، كه تەنها 47 ژمارەی بە زمانەکانی (کوردی ـ لاتینی و عەرەبی) لێ بڵاوکرایەوە.
ئامانجمان پێشخستنی رۆڵی ژنان بوو لە عەفرین، لەو ماوەیەدا زۆرێک لە نووسەری کچ و ژنی عهفرین لە دەوری رۆژنامەکە کۆبوونەوە
ئامانجمان له بڵاوکردنەوەی رۆژنامهكه پێشخستنی رۆڵی ژنان بوو لە عەفرین، لەو ماوەیەدا زۆرێک لە نووسەری کچ و ژنی عهفرین لە دەوری رۆژنامەکە کۆبوونەوە، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2018 دا لەگەڵ لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر شارەکەمان، چالاكی کۆمەڵەی رهوشهن بەدرخان و رۆژنامهكه بۆ ههمیشه وەستا.
سەبارەت بەو بەرهەمانەی بڵاویکردوونەتەوە دەڵێت: لە ساڵی 2016 دا شیعرێکم بە ناوی (ئەلەندێ) بڵاوکردەوە، پاشان لە ساڵی 2018، رۆمانێکم بە ناوی (هاوارینا عەفرین) و شیعرێکی دیکەم بە ناوی (گوڵستان پیر نابێت) بڵاوکردەوە. رۆمانی (نەخشەی ئازار) یشم هەر سەبارەت بە عەفرین و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی و دۆخی سهختی كچان و ژنانی عەفرین نووسیووە.
مامۆستای زمانی کوردییه
ڤەژینا کورد ئێستا لە هۆڵەندا مامۆستای زمانی کوردییه، وەک ئاماژەی پێدا لەبەرئەوەیە دۆخی زمانی کوردی لە ئەوروپا باش نییە، بەتایبەتی مەترسیی لەسەر زمانی کوردی لهناو منداڵاندا هەیە، بۆیە به پێویستی زانیووە لە هۆڵەندا لە بواری پاراستنی زمانی کوردیدا کاربکات.
وتیشی: لە سهنتهرێكی سەربەخۆی پاراستنی زمانی کوردی کاردەکەم، كه فێرخوازانی زمانی کوردی تێیدا دهخوێنن، ئامانجی سهرهكیمان پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی گهنجان و منداڵانی کورد و بیانییە، چونکە پێویستە زمان و کهلتوری کوردهواریی بپارێزین، بەو هیوایەی خێزانه کوردەکانی ئەوروپا به زمانی كوردی بخوێنن و بە کوردی قسە بکەن.