ئەو یاریزانانەی مان یونایتد کە لە یانەیەکی تر دەبنە سوپەرستار

10:28 - 2025-05-27
وەرزش
48 جار خوێندراوەتەوە

تیشكۆ مەحمود

یانەی مان یونایتد ساڵ لە دوای ساڵ قەیرانەكانی زیاتر دەبن، ئەم یانەیە ماوەی چەندین ساڵە لە بردنەوەی نازناوەكان بێ بەش بووە، چ لە نازناوە ناوخۆییەكانی ئینگلتەرا یان لە نازناوە كیشوەرییەكان بە تایبەتی ئەوروپا. لەمانەش گرنگتر ئەوەیە لە ریزبەندیی پریمەرلیگیشدا ناتوانێت پلەی باش بگرێت تا بەشداریی خولە گرنگەكانی ئەوروپا بكات، ئەوەتا ئەمساڵ لە پلەی 16 ی ریزبەندیی پریمەر لیگدایە كە رەنگە ئەم پلەیە نامۆترین پلەبێت بۆ ناو و ناوبانگی یانەیەکی وەک مان یو.
بەڵام هەرچۆنێك بوو ئەمساڵ لە خولی یۆرۆپا لیگدا، توانی بگاتە یاریی كۆتایی، هاندەرانی یانەكە چاویان لەوە بوو بەم خولە جارێكی تر یانەكە بگەڕێتەوە سەر سكەی بردنەوەی نازناوەكان، بە تایبەتیش كە ئامۆریمی راهێنەری نوێ، دەیویست ئەو ئاواتەی هاندەران بێنێتە دی، بەڵام شەوی چوار شەممە 21/ ی ئەم مانگە، ئەو ئاواتەشی نەهاتە دی و یارییەكەیان 0-1 بە تۆتنهام دۆڕاند.
ئەمانە بەلایەك، لەلایەكی ترەوە وەك رۆژنامەكانی ئینگلتەرا باسیان كردووە، شتێك هەیە ناوی (نەفرەتیی یانەی مان یونایتد)ە، ئەم نەفرەتییە چەند یاریزانێكی گرتۆتەوە، بەوەی لە تیپەكەدا لەسەر دەستی ئەو راهێنەرە یەك لە دوای یەكانەی دەكرێنە راهێنەر، دەبنە هاوەڵی كورسی یەدەك و فەرامۆش دەکرێن و راهێنەرەكان پشت بە تواناكانیان نابەستن، ئەوانیش یەك لە دوای یەك مان یونایتد جێدەهێڵن، بەڵام كاتێك مان وینایتد جێدەهێڵن و دەچنە یانەیەكی تر، لە یانە نوێیەكانیان دەبنە ئەستێرە و فریاد رەسی یانە نوێیەكانیان.
لە نموونەی ئەم یاریزانانە زۆرن كە راهێنەرەكانی مان یونایتد ناچاریان كردوون یانە جێبهێڵن، لەوانە كریستیانۆ رۆناڵدۆ كە لەسەردەستی تین هاگ یانەكەی جێهێشت، راشفۆردیش چووە ئەستۆن ڤێللا، سانچۆ چووە چێڵسی، ئەمانەو چەند یاریزانێكی تر، دواجاریش لەسەردەمی تین هاگ و نیستلرۆی و ئەمۆریمدا، دوو ئەستێرەی وەك ماكتۆمینای و ئەنتۆنی دۆس سانتۆس، ناچار كران یانەكە جێبهێڵن، لەبەر ئەوەی كەمترین كات یارییان پێدەكرا و فەرامۆش کرابوون.
ئەنتۆنی بەرازیلی، ئێستا لە یانەی ریاڵ بیتیس و لەسەر دەستی پیلگیرینی راهێنەر ئاستێكی نموونەیی پێشكەش دەكات، بە هەمان شێوە  سكۆت ماكتۆمینای سكۆتلەندی لە یانەی ناپۆلی و لەسەر دەستی ئەنتۆنیۆ كونتی هەمان بارودۆخی هەیە. ئەنتۆنی ئەمساڵ لەگەڵ ریاڵ بتیس بۆ یاریی كۆتایی كۆنفرانس لیگ سەركەوتووە، تیپەكەشی شەشەمی لالیگایە، تائێستاش 5 گۆڵی بۆ یانەكەی كردووە.
سەبارەت بە ماكتۆمینای، ئەم لە ناپۆلی لە ئاستێكی بێ وێنەدایە، جامی سیریا ئەی ئیتاڵیایان بردەوە و پێش ئینتەرمیلان كەوتن، لە دوا یاریی ناپۆلی و كالیاری-شدا كە یارییەكی چارەنووساز بوو بۆ ناپۆلی و یاریی یەكلا كەرەوەی نازناو بوو، گۆڵێكی زۆر نایاب و جوانی كرد و دواتریش رۆمیلۆ لۆكاكۆ گۆڵی دووەمی ناپۆلی كردو بەم ئەنجامە ناپۆلی بووبە پاڵەوانی خولی ئیتالیا.
ئێستا نهێنییەكە ئەوەیە، بۆچی ئەم یاریزانانە لە یانەی مان یونایتد جێیان نابێتەوە، بەڵام كە دەچنە یانەیەكی تر، دەبنە سوپەر ستار و ئەم ئاستە نایابانە پێشكەش دەكەن؟. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان