عەلی جاسم یاریزانی هەڵبژاردەی عیراقە، لە یانەكانی عیراقەوە دەركەوت، وەك یاریزانێكی موحتەریف بۆ چەند یانەیەكی ئەوروپا و توركیا یاریی كردووە، ئێستا بە خواستن یاریی بۆ یانەی ئەلمیری سیتی هۆڵەندی دەكات و نازانرێت دوای ئەم خواستنە، روو لە كام یانەی تر دەكات.
لەگەڵ گەیشتنی بە هۆڵەندا، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: دەمەوێت پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم تا بگەمە یانەیەكی مەزنی ئەوروپا، لە هەمان كاتیشدا یاریزانێكی سەرەكی هەڵبژاردەی عیراق بم.
هەروەها دەڵێت: ئەو كاتەی ماوەكەم لەگەڵ یانەی ئەلمیری سیتی كۆتاییهات، دەگەڕێمەوە یانەی كۆمۆ لە ئیتاڵیا، بەڵام ئیتر نازانم لەوێ بەردەوام دەبم یان نا، ئەگەرەكانی بەردەمم زۆرن و دواتر دوا بڕیاری خۆم دەدەم.
سەبارەت بە هۆڵەندا و خولی هۆڵەنداش وتی: لێرە یانەی زۆر مەزنم بینی، خەڵكەكەی بەڕێزن، كەش و هەوا زۆر ساردە، بەڵام زۆر هەست بە ئارامی و ئاسایش دەكەم.
لەكۆتاییدا وتی: من ئێستا دەمەوێت بەباشی فێری زمانی ئینگلیزی ببم، تاڕادەیەك لەو رووەوە باشم و قسە لەگەڵ یاریزانانی هاوڕێمدا دەكەم، سەرەتا زۆر سەخت بوو بۆم، بەڵام ئێستا رۆژانە وشەی تازە فێردەبم و كارەكە ئاسان بووە بۆم.
ئەم یاریزانەی هەڵبژاردەی عیراق، لە هێڵی ناوەنددا یاریی دەكات، سەرەتا لە عیراق بۆ چەند یانەیەكی وەك كەرخ و شورتە و كارەبا یاریی كردووە، دواتر چۆتە یانەی ئەنتاڵیا لە توركیا، پاشان روویكردۆتە یانەی كۆمۆی ئیتاڵیا و ئێستاش بە خواستن یاریی بۆ یانەی ئەلمیری سیتی هۆڵەندی دەكات.