رەوەز ئیسماعیل
وادەی دوا دوو یاریی هەڵبژاردەی عیراق لە پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئاسیادا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی ئایندەی 2026، نزیك بۆتەوە و هیچی وای نەماوە.
رۆژانی 5 و 10/6/2025، ئەم هەڵبژاردەیە دوا دوو یارییەكەی خۆی لە قۆناغی گروپەكاندا (دوا قۆناغی پاڵاوتن) دەكات، یەكەمیان لە بەسرە لەگەڵ كۆریای باشوور كە ئەمیان یەكەمی گروپەكەیە، دووەمیشیان لەگەڵ ئوردندایە كە ئەمیشیان دووەمی گروپەكەیە و عیراقیش خۆی سێیەمی گروپەكەیە.
پێش ئەم دوو یارییە و لەسەر ئەنجامە خراپەكانی هەڵبژاردەی عیراق، خیسۆس كاساسی ئیسپانی راهێنەریان لە پۆستەكەی دوورخستەوە و گراهام ئارنۆڵدیان خستۆتە جێگای، ئێستا بۆ ئەم دوو یارییە ئارنۆڵد ئەركەكە دەگرێتە ئەستۆ.
ئارنۆڵد بۆ ئەم دوو یارییە چارەنووسسازە، لە رۆژی یەكشەممەی رابردووەوە، كامپی مەشق و راهێنانی بۆ هەڵبژاردەكە دەستپێكردووە، سەرەتاش لە یەكەم ئەركیدا یاریگای (مەدینەی ریازی) لەبەسرە بەسەر كردۆتەوە، بە وردی بە نێو سەرجەم بەشەكانی یاریگاكەدا گەڕاوە، ئەمەش بۆ ئەوەی هەرچی پێداویستییەكانی تیمی هونەریی تیپەكەیەتی دابین بكرێن، تا كامپەكەی نێو ئەم یاریگایە و خۆئامادە كردنی تیپەكە وەك پێویست بەڕێوەبچێت.
ئارنۆڵد ئەوەی راگەیاندووە كە یەكەی مەشق و راهێنانەكانی ئەم كامپە بە داخراوی دەبێت، نایەوێت كەناڵەكانی راگەیاندن سەردانیان بكەن و دەیەوێت دووربێت لە چاوی كامێرا و پرسیاری راگەیاندكاران، ئەوەشی راگەیاندووە كە راهێنانەكانی كامپەكە زۆر هەمەڕەنگ دەبن تەنانەت راهێنانی مەلەوانگەو توانای جەستەیی و هۆڵە داخراوەكانیش لەخۆ دەگرێت.
ئارنۆڵد لە یاریگاكەو چیمەنی یاریگاكە رازییە، بەڵام ئەوەی دەیەوێت تیمی یاریدەدەری بۆی ئامادە بكەن ئەوەیە بزانێت لێدانی دڵی یاریزانەكان چۆنە، رێژەیی ئۆكسجینی جەستەیان چۆنە، رێژەی چەوری جەستەیان چەندە، ئەوسا بەرنامەی خواردن بۆ یاریزانەكانی دادەنێت.
سەبارەت بە یاریزانەكانیش كە ئەم داوایكردووە لە كامپەكەدا ئامادەبن، لەدوێنێ دووشەممەوە یاریزانەكان دەستیان کردووە بە ئامادەبوون لە بەسرە، لیستێكیشی لە ناوی یاریزانان ئامادە كردووە كە زۆربەیان هەمان ئەو یاریزانانەن كە كاساس كاتی خۆی بانگی دەكردن و چەند یاریزانێكی كوردیش لەخۆ دەگرێت، دیارترین یاریزانەكانیش ئەمانەن: (جەلال حەسەن، ئەحمەد باسل، سەعد ناتق، عەلی فایز، رێبین سۆلاقا، میرخاس دۆسكی، ئاكام هاشم، مستەفا سەعدون، حسێن عەلی، ئیبراهیم بایش، عەلی جاسم، ئەمیر ئەلعەماری، ئوسامە رەشید، موهەنەد عەلی، ئەیمەن حسێن، عەلی حەمادی، عەلی جاسم).
بۆندی ئارنۆڵدی تەمەن 61 ساڵ، تا كۆتایی یارییەكانی جامی وڵاتانی ئاسیا 2027 دەبێت، مەرجێكی بنەڕەتیش لە بۆندەكەیدا هەیە ئەویش ئەوەیە دەبێت هەڵبژاردەی عیراق بگاتە مۆندیالی 2026، ئەگەر ئەمە نەبوو، ئەوا بۆندەكە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و هەردوولا (یەكێتیی تۆپی پێی عیراق و ئارنۆڵد) یش بەم مەرجە قایل بوون، بڕی پارەی بۆندەكەش مانگانە 20 هەزار دۆلارە، مووچەی یاریدەدەرەكانیشی لە نێوان 5 تا 8 هەزار یۆرۆدا دەبێت.
لەم گروپەدا 6 هەڵبژاردە بەشدارن، تەنیا دوو جەولە یاریی ماوە بكرێت، كۆریای باشوور لەو 8 یارییەی كردوونی 16 خاڵی هەیە و یەكەمی گروپەكەیە، ئوردن 13 خاڵی هەیە دووەمە و عیراق بە 12 خاڵ سێیەمە و عومان 10 خاڵی هەیە و چوارەمە، یەكەم و دووەمی گروپەكەش راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال و سێیەم چوارەمیش دەچنە یارییەكانی پاشكۆی پاڵاوتنەوە.