لە بەغدا، یادی دامەزراندنی یەكێتی كرایەوە

11:29 - 2025-06-02
عیراق
76 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پیرۆزبایی لە سەرۆك و  سەركردە و كادر و رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد بەبۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی ی.ن.ك (یۆبیلی زێڕین) و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە كارەكانیان بە مەبەستی چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لە وڵاتدا و بەدیهێنانی دادپەروەری و ژیانێكی ئازاد و شایستە بۆ هاووڵاتیان لە كوردستان و هەموو عیراقدا.
دوێنێ،  سەرۆك كۆمار سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا كرد و لە لایەن نزار محەمەد سەعید بەرپرسی مەكتەبی سیاسی  لە بەغدا، پێشوازیلێكرا.
سەرۆك كۆمار لەگەڵ لێپرسراوان و ئەندامانی نووسینگەی بەغدا كۆبووەوە و ئاماژەی بە هەنگاوەكانی یەكەمی دامەزراندن و هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال و قارەمانێتی و قوربانیدانی شەهیدان كرد لەسەر رێگەی رزگاربوون لە دیكتاتۆری و ستەم.
هیوای سەركەوتنیشی بۆ سەركردایەتیی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی و هاوڕێكانی خواست لە بەرەوپێشبردنی بەهاكانی دادپەروەری و چەسپاندنی دیموكراسی لە وڵاتدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان