یارییەكانی خولی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا (نەیشنس لیگ)، دوا هەنگاوەكانی دەنێت و سبەی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئایندە، هەردوو یاریی پێشكۆتایی ئەم پاڵەوانێتییە دەكرێن.
هەردوو یارییەكە زۆر گرنگن، هەر چوار هەڵبژاردەی (پورتوگال، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) توانیویانە بگەنە ئەم قۆناغەی یارییەكان (قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و دوو یاریی پێشكۆتایی)، ئەم چوار هەڵبژاردەیەش، سبەی چوارشەممە و دووسبەی پێنجشەممە 4 و 5/6/2025 بەمشێوەیە دوو یاریی پێشكۆتایی دەكەن:
*ئەڵمانیا × پورتوگال - چوار شەممە 4/6.
*ئیسپانیا × فەرەنسا - پێنجشەممە 5/6.
*دۆڕاوەكان رۆژی یەکشەممە 8/6. لەسەر پلەكانی سێیەم و چوارەم یاریی دەكەن.
*هەمان رۆژ، سەعات 10 ی شەو، براوەكان یاریی كۆتایی دەكەن.
لە یاریی ئیسپانیا و فەرەنسادا، دوو ئەستێرەی ناوداری ئەوروپا و جیهان جارێكی تر رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ئەوانیش عوسمان دیمبلی – هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان و لامین یامال – هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بارسیلۆنا.
ئەم دوو یاریزانە، پاڵێوراون بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ، ئەم یارییەش رەنگە سەنگی مەحەك بێت بۆ هەردووكیان، چونكە لامین یامال نەیتوانی بگاتە یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ، بەڵام دیمبلی گەیشتە یاریی كۆتایی و یارییەكەشیان 5-0 لە ئینتەرمیلان بردەوە، بەڵام نەگۆڵی لەم یارییەدا كرد، نە بە باشترین یاریزانی یارییەكەش دیارییكرا چونكە دیزیری دوێ بە باشترین یاریزان دیارییكرا و دووگۆڵی كرد و ئەسیستێكیشی كرد.