حەجی ئەمساڵ: ژیریی دەستکرد و درۆن و رۆبۆت

11:44 - 2025-06-10
جیهان
83 جار خوێندراوەتەوە

بەراورد بە ساڵانی رابردوو، حەجی ئەمساڵ جیاواز بوو، رۆبۆت و تەکنەلۆژیا نوێیەکان، درۆن و رۆبۆت و ژیریی دەستکرد بەکارهێنران بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی حەج دەکەن و ئەو کەسانەشی چاودێریی پرۆسەکە دەکەن.
ئیتر بەکارهێنانی درۆن، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە چاودێریکردنی بارودۆخی ئەمنی و تەندروستی لەکاتی بەڕێوەچوونی حەجدا، ئەم درۆنانە یارمەتی خێراترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەدەن و دۆخی گشتی ناوچە جیاوازەکان دەگوازنەوە.
هەروەک، کۆنترۆڵکردنی ئەو قەرەباڵغییەی لەکاتی حەجدا دروستدەبێت ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ سعودیە، ئەو وڵاتە بە سوود وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد، چاودێریی ئەو بڕە زۆرەی داتا و گرتە ڤیدیۆییانە دەکات، لەنێویاندا گرتە ڤیدیۆییە راستەوخۆکانی درۆنەکانی چاودێری کە بەسەر مەککەدا دەفڕن.
هەروەها سعودیە بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی حاجیان، ئەپڵیکەیشنێک بەناوی ئای سێڵفیبەکاردەهێنێت کە دەتوانێت پشکنینی ورد لە چەند چرکەیەکدا ئەنجامبدات، وەکو هێڵکاری دڵ، پەستانی خوێن، رێژەی ئۆکسجین لە خوێندا، هەناسەدان و پلەی گەرمی، بۆ دیاریکردنی هەر نیشانەیەکی نائاسایی، ئەم پشکنینانە پێویستی بە ئامێرە تەقلیدییەکان نییە و ئەمەش رێکارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر دەکات.
لەپاڵ ئای سێڵفیدا، چەندین ئەپڵیکەیشنی دیکە بۆ حاجییان بەردەستە، ئاسانکارییان بۆ دەکات لە دۆزینەوەی شوێنەکان، پێدانی زانیاری لەبارەی فەریزەی حەج و چەندین کاری دیکە.
هەر ئەمساڵ سعودیە گرووپێکی نوێی رۆبۆتی خستەکار کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکات بۆ پێدانی فەتوای خێرا بۆ سەردانکەرانی مزگەوتی گەورەی مەککە.
ئەم رۆبۆتانە ناویان "مەنارە" یە، لە ناوچە جیاجیاکانی ناو مزگەوتی گەورە و حەوشەکانی جێگیرکراون تاوەکو دەستڕاگەیشتن پێیان ئاسان بێت. دەتوانن بە 15 زمان قسە بکەن یان بنووسن، وەڵامی خێرا و هەمەچەشنی بەکارهێنەران بدەنەوە.
یەکێکی تر لەو تایبەتمەندییانەی کە حاجیان ئەمساڵ بینیان لە ناو مەککەدا، پزیشکی رۆبۆت بوو، پێشتر بەهۆی ژمارەی زۆری نەخۆش و کەمی پزیشکەکانەوە بە کاتێکی زۆر دەیانتوانی چارەسەر وەربگرن، بەڵام ئەمساڵ رۆبۆتی پزیشک توانی رێنمایی پزیشکی ئاڕاستە بکات و لە حاڵەتە سەختەکاندا راستەوخۆ پزیشک ئاگاداربکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان