سدیق شەیدا هونەرمەندی كەركوكی دەڵێت: ئاواز و شیعری زۆربەی گۆرانییەكانم هی خۆمە و سوود لە شیعرەكانی گۆرانی شاعیر وەردەگرم.
گۆرانیبێژ سدیق شەریف محەمەد ناسراو بە (سدیق شەیدا) ساڵی 1954 لە كەركوك لەدایكبووە و هەر لە تەمەنی هەرزكارییەوە هۆگری گۆرانی و مەقاماتی كوردی بووە و لە مێردمنداڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن كردووە.
سدیق شەیدا بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1968 لەكاتێكدا كە تەمەنم تەنها چواردە ساڵ بوو چوومە ناو جیهانی هونەرەوە و دەستم بە گۆرانی وتن كرد و تا هەنووکە لە خزمەتكردن بە هونەر و میوزیك و گۆرانی كوردی بەردەوامم، لە راستیدا كەس هاندەر و پاڵپشتم نەبووە، بەڵام گۆرانییەكانی مامۆستا حەسەن زیرەكی نەمر زۆر كاریگەرییان لەسەرم هەبووە.
وتیشی: تا ئێستا 22 گۆرانیم لە تەلەفزیۆنەكان تۆمار كردووە كە زۆربەیان شیعری خۆمن و سوودم لە شیعرەكانی گۆرانی شاعیر وەرگرتووە و لە زۆربەی ئاهەنگ و بۆنە و فێستیڤاڵە كەلتورییەكاندا لە شارە جیاجیاكانی كوردستان، لە باشوور و باكوور و رۆژهەڵات بەشدارییم كردووە و گۆرانی كوردی بە گشتی بە سەركەوتوو دەبینم بە تایبەتی لەناو گەنجاندا و دواڕۆژێكی پرشنگدار چاوەڕێیان دەکات.
كەركوك، رزگار كەركوكی