دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: بڕیاری رەوانەکردنی هێزی مارێنز و گاردی نیشتمانی بۆ شاری لۆس ئەنجلوس، وایکرد شارەکە لە سوتانی تەواوەتی رزگاربکرێت.
دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر لە سێ شەوی رابردوودا هێزی رەوانەی لۆس ئەنجلوس نەکردایە، ئەوا ئەو شارە جوان و مەزنە ئێستا بە تەواوەتی سوتابوو.
لەبارەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە سیاسەتی کۆچ و بڕیارەکانی دژە کۆچبەران، کە لە لۆس ئەنجلوس بەڕێوەچوون، کارۆخ خۆشناو سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی بۆ كوردستانی نوێ وتی: دۆناڵد ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا جەختیدەکردەوە، دژی كۆچی نایاساییە و سنوور بۆ ئەو دیاردەیە دادەنێت و کۆچبەرانی نایاسایی بە زەبری هێز دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان. هەروەها بەڵێنی دابوو دیوارێكی پۆڵایین لەنێوان (مەكسیك و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا)دا دروستدەكات، ئەوەی ئێستا دەیكات بەشێكە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردن، دیارە ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانەی لە شاری لۆس ئەنجلوسی ویلایەتی کالیفۆرنیا بەڕێوەچوون، کاری ئەو كۆچبەرانە بوو، كە دژی ناردنەوەیانن بە زەبری هێز و بە زۆرەملێ. بە بۆچوونی ترەمپ-یش، خۆپیشاندانێكی گێرەشێوێنییە و خۆپیشاندەران تێكدەرن و پێویستە سنووریان بۆ دابنرێت.
وتیشی: لەم چوارچێوەیەدا سەرۆكی ئەمریكا سوپای گاردی نیشتمانی جوڵاند، كە سوپایەكی فیدراڵییە، ئەگەرچی حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا، كە سەر بە دیموكراتەكانە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و ناڕازییە لەو كارەی ترەمپ و دەڵێت ئەوە زاڵكردنی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵە بەسەر دەسەڵاتی حكومەتی ویلایەتەكەدا.
کارۆخ خۆشناو روونیکردەوە، ئەو هەنگاوەی دۆناڵد ترەمپ بەشێكە لە ململانێی نێوان دیموكرات و كۆمارییەكان، كە ئێستا كۆمارییەكان بە سەركردایەتیی ترەمپ لە كۆشكی سپین، حاكمی هەندێك لە ویلایەتەكانیش سەر بە دیموكراتەكانن، بۆ نمونە (ویلایەتی کالیفۆرنیا) بەدرێژایی مێژووی (50) ساڵی رابردوو هەر دیموكراتەكان حوکمیان كردووە و ویلایەتێكی شینە، ترەمپیش دەیەوێت لەڕێگەی هێزەوە بەتایبەتی بۆ شاری لۆس ئەنجلوس پەیامێك بگەیەنێت، كە یەكەمیان ئەوەیە دەڵێت بەڵێنەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ دەكەم و دژی كۆچبەرانم. دووەمیان ئەوەیە، کە دیموكراتەكان ناتوانن شارەكان و ویلایەتەكان بەڕێوەببەن و لاوازن و رێگەیەكی زۆریان بە كۆچبەر و پەنابەران داوە بۆئەوەی داوای مانەوە بكەن لە ئەمریكادا.
بە وتەی سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی، دیموكراتەكان ئەجێندایان نەرمترە لەگەڵ كۆچبەر و پەنابەراندا، بەڵام ترەمپ توندترە بەرامبەریان و دەیەوێت لەو رێگەیەوە رەخنەیەكی توند لە دیموكراتەكان بگرێت و بڵێت نابێت بە هیچ شێوەیەك رێگە بەو خەڵكانە بدرێت، كە كۆچبەرن و پەنابەرن و دێن وەك گێرەشێوێن ئەمریكا دەشێوێنن و وڵاتەكە تێكدەدەن. وتیشی: ئەوە یەكەمجار نییە كە ترەمپ گاردی نیشتمانی دەجوڵێنێت، لە ساڵی (2020) كاتێك جۆرج فلۆید، كە كەسێكی رەش پێست بوو لەلایەن پۆلیسێكی سپی پێستەوە خنكێندرا، ئەوكاتیش ترەمپ لە ویلایەتی واشنتۆنی پایتەخت، گاردی نیشتمانی جوڵاند، کە ئەو هێزە بۆ كاتی پێویستە و لە دەسەڵاتی سەرۆكی ئەمریكادایە كاتێك ویلایەتێك دەكەوێتە مەترسییەوە یان شارێك گێرەشێوێنی تێدا بكرێت، دەتوانێت هێز بجوڵێنێت.
كوردستانی نوێ – هیوا كازم
کارۆخ خۆشناو