لە پەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا بە هاوڕێیەتیی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بۆ بەشداری لە سێیەمین کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان لە شارى نیس-ی فەرەنسا، دوێنێ چوارشەممە 11/6/2025، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دیدارێکی لەگەڵ بەرنامەی کافێ شۆ-ی رادیۆ مۆنت کارلۆ بەشی عەرەبیدا سازدا، ئەمەی خوارەوەش دەقی دیدارەکەیە:
ئامادەکردن و وەرگێڕانی:
راگەیاندنی خانمی یەکەمی عیراق
*میوانی ئەمڕۆمان کەسایەتییەکە مێژوویەکی خێزانی و سیاسی و رۆشنبیریی دەوڵەمەندی هەیە و ئەزموونێکی مرۆیی گەورەی بەرگریکارانەی لە دژی ستەمکارى لە قۆناغی منداڵییەوە هەیە و ئێستاش پشتیوانێکی دیاری ژنان و منداڵانە، لە (سلێمانیی عیراقەوە) بەرەو گۆڕەپانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی رووی مرۆیی و دیپلۆماسیی عیراق دەکات، بەو بۆبەیەشەوە پێشوازیی لە خانمی یەکەمی عیراق، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەکەین.
خۆشحاڵبووین بە ئامادەبوونی بەڕێزتان بەتایبەتی کە لەعیراقەوە بەشدارن لە سێیەمین کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان لە شارى نیس-ی فەرەنسا و ئامادەبوونێکی بەرچاوتان هەبوو لەگەڵ خاتوو بریجیت ماکرۆن و ژمارەیەک لە خانمانی یەکەمی دیکە لە پڕۆگرامی رۆشنبیری. ئەم ئەزموونە چۆن بوو چی بەتۆ و بەعیراق بەخشی؟ هەروەها بیستم کە لەگەڵ خانمی یەکەم باستان لە رادیۆی مۆنت کارلۆی نێودەوڵەتی کردبوو کە لە قۆناغەکانی منداڵیدا گوێتان لێ گرتووە.
-سەرەتا دەمەوێت سوپاستان بکەم، زۆر شانازی دەکەم کە میوانی ئێزگەى مۆنت کارلۆم، چونکە یادگاریى زۆرم هەیە لەگەڵ ئەم رادیۆیەدا کە هەموو عیراقییەکان بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەتی ئەم رادیۆیەمان بە سەرچاوەى راستی هەموو هەواڵەکان دەزانی، زۆر خۆشەویست بوو لەلامان، خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵتاندام.
هیوادارم بڕیاربەدەستان بۆچوونیان بگۆڕن، چیتر ئەو چەکانە بەکارمەهێنن کە وڵاتە گەورەکان دروستی دەکەن و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا شەڕ دەنێنەوە و هەندێکجار دەیدەنە هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو
*ئێمەش شانازی دەکەین بە ئامادەبوونت لەگەڵماندا و بەشداریکردنت لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ خانمانی یەکەمی جیهان و خاتوو بریجیت ماکرۆن. بۆمان باس بکەن ئەم دەرفەتە چی بە تۆ و بەعیراق بەخشی؟
-کۆبوونەوەکان هەمووکاتێک کاریگەرن و مرۆڤ سوود لەو ئەزموونانە دەبینێت کە هەر خانمێک یان وڵاتێک و ئەو کێشانەى پێویستی بە چارەسەرە، هەندێکجار مرۆڤ پێیوایە ئەو کێشانە بەس لە وڵاتەکەی خۆیدا هەیە. گرنگە خانمانی یەکەم بەشداربن لە کۆبوونەوەکاندا و من زۆر سوپاسی خاتوو بریجیت دەکەم کە میواندارییەکی جوان و جێ سەرنجی کردین و هیواى سەرکەوتنی بۆ دەخوازم، هیوادارم یەکتر ببینینەوە لە وڵاتی تر و رۆژێ لەڕۆژان بێتە بەغدا و سلێمانی.
*خانمی یەکەم، جەنابتان باستان لە گرنگیی پێگەى شارستانیی عیراق و ئاڵەنگارییە ژینگەییەکان کرد کە رووبەڕووى ئەو وڵاتە دەبێتەوە، چۆن دەبێت عیراق دەنگێکی کاریگەر بێت لە داڕشتنی سیاسەتی ژینگەیی جیهاندا؟
-لەگرنگترین ئەو کێشانەی کە رووبەڕووى دەبینەوە گرفتى رووبارەکانە کە بەرەو کەمبوونەوە دەچن، ئەمەش گرفتێکە بەدڵنیاییەوە کاریگەریى لەسەر سیستمی خۆراکی و ئابوورى و کۆمەڵگەى گوندنشین هەیە، ئەمەش هۆڕەکان دەگرێتەوە، رووبارەکانی دیجلە و فورات لە وڵاتانی دراوسێوە دێن و ئەمەش کێشەیە، چونکە رەنگە تەنانەت ئاویش ئێستا لە دەستی عیراقدا نەمابێت. ئەم کێشانەى کە عیراق پێیدا تێدەپەڕێت، راستە گرفتی ئۆقیانوسەکان، حاڵى رووبارەکان و دەریاچەکان پێویستیان بە دادپەروەریی ژینگەیی هەیە و هەمووشیان پێکەوە بەندن، عیراقیش بە ماوەیەکی زۆر لە جەنگ و نەهامەتی و ستەمدا تێپەڕیووە، بۆیە ئێستا پێویستە دەنگی عیراق ببیسترێت و لە هەموو کۆنفرانسەکاندا هەبێت تا دەنگی راستەقینەى خۆی بگەیەنێت.
*باس لەو تەنیاییە دەکەیت کە عیراق تێیدا دەژیا بەهۆى بێدەنگیی کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە سەبارەت بە هەندێک لەو مەرگەسات و کوشتارەى لە عیراق روویاندا، بەم دواییانە لەسەر غەززە قسەت کرد و لە سۆشیال میدیا نووسیت، بۆچوونت چییە سەبارەت بەم بابەتە؟
-لەراستیدا کاتێک دەبینم چی روودەدات لە غەززە، لە کوشتنی منداڵە بێتاوانەکان و دایکان و لەناوچوونی مرۆڤایەتی، ئێمە لە ساڵانی هەشتاکاندا بەهەمان دۆخدا تێپەڕیووین، گەلى کورد بەدۆخێکی زۆر سەختدا تێپەڕى لە ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لە ساڵى 1988ەوە تا ئێستا نەمانتوانیووە روفاتی ئەنفالکراوان بگێڕینەوە، خەڵکەکە و وڵاتان بێدەنگ بوون، نابێت دواى 30 یان 40ساڵ بێن و هەمان شێوە قسە بکەن لەسەر ئەو مەرگەساتانەى بەبەرچاومانەوە روودەدەن، خەمبار دەبم کاتێک جیهان دەبینێت چی روودەدات لە غەززە، بەڵام هەمووانیش بێدەنگن!
*باست لە تاوانی ئەنفالیش کرد وانییە؟ ئەوەت ئاماژە پێدا کە تاوانی ئەنفال کە جیهان بێدەنگی هەڵبژارد لەئاستیدا و دواى دۆزینەوەى ئەو هەموو روفاتە و چەندین نەهامەتیی تر، دووبارە کردنەوەى خۆگێلکردنە لە نەهامەتییە مرۆییەکان؟
-دووبارەبوونەوە و بێدەنگیی جیهان.
*بە بۆچوونی بەڕێزتان بەو پێگەیەوە وەک خانمی یەکەم و وەک ژنێکی عیراقی کە رووبەڕووى جەنگ و دەربەدەرکردن بوویتەتەوە، چۆن دەبێت ژنانی عەرەب بەتایبەتی ژنانی عیراق بەو هەموو کارەساتەى پێیدا تێپەڕبوون بێنە دەنگ بۆ دادپەروەری و یادەوەریى بۆ ویژدانی مرۆیی؟
-وەک ئاماژەتان پێدا، عیراق و ژنانی عیراق نەهامەتیی زۆر و جەنگ و سەرکوتکردنی زۆریان بینی و بەرگەى زۆریان گرت، ژنان بەرگەی ئەوەیان گرت کە دایک و باوک و برا و پشتیوان بن بۆ خێزان، ئەگەر دایک مابێتەوە، یان ژن مابێتەوە دوای ئەم چەند ساڵە، دەبێت ژن دەنگی خۆى بگەیەنێت.
*بەڵێ ژن قسە بکات، رەنگە هەر ژن بێت ئاشتی دەستەبەر بکات، چونکە پیاوانن کە شەڕ دێننە کایەوە و ئێمەش رەنگە دروستکەرى ئاشتی بین. بەوپێیەى بەدرێژایی تەمەنت داکۆکیکارى مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان و منداڵان بوویت، با باسێک لە ژنانی عیراق بکەین لەمڕۆدا لەکاتێکدا رووبەڕووى چەندین شێوازی ئاڵەنگاریی ئەمنی و ئابوورى دەبنەوە و لەگەڵ دەستکەوتە تاکە کەسییەکانیاندا، ژنانی عیراق ئەمڕۆ لەکوێدا دەبینیتەوە؟
-وەک باسمانکرد ژنانی عیراق لە رابردوودا رووبەڕووى ئاڵەنگاریی زۆر بوونەوە و لە رابردووى نزیکیشدا وەک سەردەمی هێرشی تۆڕى تیرۆریستی داعش و ئەو گوشارانەى کە کەوتە سەر ژنان، بەتایبەت لە جەنگەکاندا کە گوشارەکان لەسەر ژنان زیاترە وەک لە پیاوان، جەنگ شوێنەواری خۆى لەسەر ژنان بەجێهێشت و ژمارەیەکی بێشوومارى بێوەژن خست، لەگەڵ ئەو دایکانەى کە منداڵ و کچەکانیان لەدەستدا، لەهەموو ئەو دۆخانەدا، ژنان بڕبڕەى پشتی کۆمەڵگەى عیراقی بوون و بڕبڕەى پشتی کۆمەڵگەکانی دیکەشن، ژنان بەرگەى کۆمەڵکوژییان گرت لە کوردستان، شاڵاوەکانی ئەنفال و هەروەها مەرگەساتەکانی دیکەش لە باشوور بە هەمان شێوە، پێویستە ژنان یەکبگرن، چونکە ئازارەکانی ژنان هەر هەمان ئەو ئازارەیە کە وڵاتێکی دیکە بەسەریهاتووە، راستە لە عیراق جیاوازتربووە و رەنگە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکەم وەزیری ژن لە عیراقدا بووبێت.
*بەڵێ ژنانی عیراق لە ماوەى چەندین ساڵدا چەندین دەستکەوتیان هەبووە. بەڕێز خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند گۆڕانکارییەک لە یاساى بارى شارستانی کراوە کە بووەتە جێى مشتومڕێکی فراوان، بەتایبەتی سەبارەت بە مافى ژن و منداڵان، بەوپێیەى بەڕێزتان کەسایەتیەکی دیارن و گرنگیی بە ژنان و خێزان دەدەن بەدرێژایی ژیانتان، چۆن دەڕوانیتە گرنگیی پاراستنی هاوسەنگیی ئەم یاسایە لەسایەى رێزگرتن لە تایبەتمەندێتی کەلتورى و کۆمەڵایەتی و زامنکردنی مافە بنەڕەتییە بەدەستهاتووەکانی ژنانی عیراق لەم چەند ساڵەدا؟
-ئێمە هەمیشە پێویستە بیربکەینەوە و بەرەوپێش بچین و پاشەکشە نەکەین، بۆیە سەبارەت بە یاساکە، ئەوەى بەلامانەوە گرنگە، ئەوەیە کە ئەو یاسایانە دابڕێژرێنەوە و هەمواربکرێنەوە کە لەخزمەتی گەلدا بێت، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، تائێستا کۆبوونەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامە، من بەراستی بۆچوونی خۆم ئاشکراکردووە، چونکە من دژى هەموو توندوتیژی و سەرکوتکردن و ئازاردانی منداڵ و ژنانم، ناتوانم بێدەنگ بم، چاوەڕێى کۆبوونەوەکان دەکەم بزانم چی دەبێت، چونکە لەو کەسانە نیم کە بتوانم بێدەنگ بم لە ئازاردانی ژنان و منداڵان.
*لەڕاستیدا بەوە ناسراویت کە بەوپەڕى هێزەوە داکۆکی لە ژنان و منداڵان دەکەیت، کەمێکی تریش باس لەو رێکخراوە دەکەین کە داتمەزراندووە لە دەرەوە، بەڵام با جارێ کەمێک قسە لەسەر ژن بکەین و خۆشت لەو ژنە تێکۆشەرە میدیاکارە عیراقیانەیت، لە کۆنگرەی ژنانی میدیاکاردا ئەوە ئاشکراکراوە کە رێژەى بێکاریى ژنان زۆر بەرزە لە عیراقدا، چی رێگرە لەبەردەم ژناندا کارى خۆیان بەدەستبهێنن و کاربکەن، ئەم مەسەلەیەش بۆچی وایە؟
-لەعیراقدا دەبێت یەکەم شت بیر لەوە بکەینەوە کە خەڵک خاوەنی ئابووریى سەربەخۆى خۆیان بن، چونکە ئێستا لەدواى ئەو هەموو جەنگەوە، هیچ کارگەیەک نییە، هەندێک لە خانمان خۆیان بوونەتە خاوەنى پڕۆژەى بچووکی تایبەت بەخۆیان، کە دەبێت حکومەت پشتیوانییان لێبکات تا ببێتە پڕۆژە و هەروەها کارگەى گەورەتر بۆ ژنان و گەنجانیش بکرێتەوە، بێکارى لە هەموو شوێنێک هەیە.
*پشتیوانیی ژنان لەڕووى ئابوورییەوە زۆر گرنگە، باشە خاتوو شاناز لە دۆخێکی دژواری دوورە وڵاتیدا کە بەسەرتهاتووە، رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانت دامەزراند، چی هانیدایت بۆ دامەزراندنی ئەم رێکخراوە و تۆ کاتێک لە دوورە وڵاتیشدا بوویت، پشتیوانی منداڵان بوویت لە عیراق، ئێستا دۆخی منداڵان چۆن دەبینیت لە عیراقدا بەتایبەتی لەگەڵ دۆخی جەنگ و کۆچ و پاشەکشەى پرۆسەى پەروەردە و فێرکردندا؟
-هۆکارى دامەزراندنی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، کاتێ لە دوورە وڵات بووم، ئەو وێنانەى کە دەمانبینی چۆن منداڵان گیان لەدەست دەدەن و لەنێو قوڕدا بەخاک دەسپێردرێن لەسەر سنوورەکانی عیراق - ئێران یان عیراق- تورکیادا، هەندێک لە رۆژنامەنووسەکان دەڕۆیشتن و نەیاندەتوانی هیچ بکەن جگە لەگریان و تۆمارکردنی وێنەى نەهامەتییەکان، جیهانیش وەک هەمووکات بێدەنگ بوون و تەنیا تەماشاکارى ئازارەکان بوون، بڕیارماندا رێکخراوێک دابمەزرێنین بۆ ئەو منداڵانەى تەنیا مابوونەوە لەدوای لەناوچوونی خێزانەکانیان کە شوێنیان نەبوو، بۆیە لە سنوورەوە گێڕاماننەوە و دەستمانکرد بە کۆکردنەوەى کۆمەک بۆیان کە ئاسان نەبوو ئەوکات بینێرین بۆیان لە کوردستان، چونکە لەژێر دوو ئابڵوقەدا بووین، ئابڵوقەى ئابووریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هەموو عیراق و ئابڵوقەى بەغدادیش لەسەر کوردستان، لەنێوانی دوو ئابڵوقەدا بووین، نەماندەتوانی هەندێک جار شیر بۆ منداڵ بنێرین، ئەو وڵاتانە بیر لە خەڵک و گەل ناکەنەوە کە ئەم ئابڵوقەیە دەسەپێنن، حکومەت باجەکەى نادات، بەڵکو منداڵ و ژنان باجی ئەو ئابڵوقانە دەدەن. دواتر دۆخەکە سەقامگیر بوو، خوێندنگەکان و ناوەندی تایبەتیان بۆ دەستەبەر کرا، بەداخەوە دواتر هێرشە دڕندانەکانی تۆڕى تیرۆریستی داعش دەستیپێکرد و زۆرێک لە منداڵان ژیانیان لە کەمپەکاندا بەسەردەبرد، بەبێ کەسوکاریان، بۆیە دووبارە دەستمان کردەوە بە کارکردن و کردنەوەى سەنتەرى تایبەت بۆیان، چونکە جەنگ لە یادەوەریدا دەمێنێتەوە و کاریگەریى دەبێ لەسەر کەسایەتیی مرۆڤ و ئەم منداڵەى بەتەنیا ماوەتەوە چۆن بژی؟!
*ئێمە سوپاست دەکەین بۆ ئەم هەموو کارانەى دەیکەیت، بەڵام خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆچوونی تایبەتت چییە لەسەر دواڕۆژى عیراق لە ساڵانى داهاتوودا و خەون بەچییەوە دەبینیت بێتەدی؟
-هیوایەکی زۆرم هەیە، چونکە گۆڕانکاریی دەبینم و خەون دەبینم کە هەموو مرۆڤێک لە هەموو وڵاتێکدا ژیانێکی شکۆمەندانەى هەبێت و لە ئارامیدا سەربەرزانە و بێ ترس بژی، ئەمە دەخوازم بۆ عیراقییەکان، چونکە زۆر چاوەڕێیان کرد و بە نەهامەتی زۆردا تێپەڕین و کاتیش جیاوازترە، ئێستا کاتی ئەوەیە عیراقییەکان خەونەکانیان بێتەدی کە هاوشێوەى خەونی هەر کەسێکی ترە، ئەگەر رێزی مافەکانی مرۆڤمان بگرتایە، تووشى ئەم ئاستەنگانە نەدەبووین، ئەگەر بەرامبەرەکانمان رێزی ئەو مافانەیان بگرتایە، من هیوام زۆرە، چونکە خەڵکەکە خەریکە هیوایەکیان دەبێت، هیوایەک هەموو شتێک دەگۆڕێت، ئەگەر خەم و نەهامەتی و بێهیوایی هەبێت، کۆمەڵگە پێش ناکەوێت، خۆشم هیوام هەیە.
*ئایا تۆ هیچ پەیامێکت هەیە بۆ ژنانی عیراق بەتایبەتی نەوەى نوێ و کچان؟ ئەگەر بەچەند وشەیەکی کەمیش بێت؟
-پێیان دەڵێم سووربن لەسەر مافەکانتان، چاوەڕێى کەس مەکەن هاوکاریتان بکەن، من بە ئازارى زۆردا تێپەڕیوم و ژیانێکی سادەشم نەبووە، بەڵام هیوا و پەرۆشی و متمانە بەخۆبوون گەیاندمی بەم رۆژە. هیواى سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و دەمەوێت متمانەیان بەخۆیان هەبێت و کەمێک پێداگربن.
*جوانە، واتە بەڕێزت پێداگر و پەرۆشیت؟
-زۆر، ناتوانین بژین ئەگەر پێداگر نەبین.
*ئێمە خۆشحاڵ بووین کە ئەمڕۆ لەگەڵماندا بوویت، خانمی یەکەمی عیراق، بەڵام لە کۆتاییدا ئەگەر بتوانیت لەم مینبەرەوە بانگەوازێک ئاراستەی هەموو جیهان بکەیت لەبارەى عیراقەوە، منداڵان، ژنان، ژینگە، خانمی یەکەم چی دەڵێت؟
-دەڵێم بەسە لەناوبردنی وڵاتان، لەناوبردنی ژینگە، بەسە جەنگ. هەمووان بەشدارین لە بنیاتناندا، بەڵام لەیەک ساتدا لەناودەچێت، بۆیە بەسە با بیر لەئاشتی بکەینەوە، ناوچەکە زۆرى چەشت، بەهیوام وڵاتان و بڕیاربەدەستان بۆچوونیان بگۆڕن، بەسە ئەو چەکانە بەکارمەهێنن کە وڵاتە گەورەکان دروستی دەکەن و شەڕ دەنێنەوە لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا کە هەندێکجار چەکەکان دەدەنە هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو، بەسە دەبێ بیربکەینەوە لە دواڕۆژ، لە ئاوەدانکردنەوە، نەک وێرانکردن.
*ئێمەش بەهیواین و زۆر خۆشحاڵین و شەرەفمەندبووین کە ئەمڕۆ لەگەڵماندا بوویت خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، زۆر سوپاس بۆ جەنابت.
-سوپاس بۆ ئێوە و سوپاس بۆ ئێزگەى مۆنت کارلۆی ئازیز.