سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان، راپۆرتێكی لەبارەی كەمبوونەوەی رێژەی لەدایكبوونی منداڵ لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوكردووەتەوە و بە ئاستێكی خراپ وەسفی دەكات. هۆكارەكەشی بۆ ئابووری و كۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە.
ماڵپەڕی RTی روسی راپۆرتەكەی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبوونەوەی رێژەی لەدایكبوون كراوە، كە بریتین لە: ئاستەنگی دارایی و گرانیی نرخی خۆراك و بژێوی.
لەبارەی ئەو كێشەیەوە راپرسییەك كراوە و یەك لە پێنج كەس لە بەشداربووان ئاماژەیان بەوەكردووە، ناتوانن بە خواستی خۆیان ژمارەی منداڵبوونیان دیاری بكەن، كە ئارەزووی دەكەن هەیانبێت.
بەشێك لە بەشداربووانی راپرسییەكە، بە زەحمەتی دەزانن هاوسەنگی بەدیبهێنرێت لەنێوان كاركردن و چاودێریی منداڵ لەلایەن دایكانەوە. حكومەتەكانی زۆرێك لە وڵاتانیش سیاسەتی دیمۆگرافیایان چالاك نییە، بە هەمانشێوە لە زۆرێك لە وڵاتاندا كێشەی تەندروستیی هەیە و لەڕووی سیاسیشەوە، سەقامگیریی نییە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، پێشبینی دەكرێت لە 90 ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی جیهان بە نزیكەی 3.1 ملیار زیادبكات، ئەوەش بەهۆی ئاستی بەرزی لەدایكبوون دەبێت لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریكای لاتین، بەڵام تا ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووان لە ئەوروپا و ژاپۆن كەمدەبێتەوە.