بە بۆچوونی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران «بۆ چارەسەری ریشەیی گرفتە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاری دادگای فیدراڵی بەس نییە، بەڵكو پێویستی بە رێككەوتنێكی نوێ و چارەسەری گرفتی داهاتی ناوخۆ و پرسی نەوت و غازە».
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەرچی هەموولایەك چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵین بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بڕیارەكانی ئەو دادگایە بەس نین بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە بە شێوەیەكی ریشەیی، چونكە پێشتر دادگاكە بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە داوە، وتیشی: كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەنیا مووچەی فەرمانبەران نییە، بەڵكو پشكی هەرێمە لە بودجەی گشتیی عیراق، كە جگە لە مووچە، بودجەی تەشغیلی و پرۆژەكانیش دەگرێتەوە، راشیگەیاند: بۆئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، پێویستە رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستاندا بكرێت، تا لەسەر هەموو ئەو بابەتانە رێكبكەون، بەتایبەتی ئامادەكردن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای نەوت و غاز لە عیراق.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا