پەیكەرساز زاهیر سدیق، لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، ساڵی1991 بەشی پەیكەرسازیی لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی تەواوكردووە.
لە دەستەی دامەزرێنەرانی تەلەفزیۆنی خاك بووە.
زاهیر سدیق بە دوالاپەڕەی وت: نزیكەی 40 ساڵە پەیكەرسازم، چەندین كاری هونەریم هەبووە و دامەزرێنەری هەریەك لە پرۆژەی پەیكەرسازانی كوردستان، پرۆژەی بووژانەوەی سیرامیكی و كاری گڵێنەكاریی میللی-م، لەگەڵ گەلەریی زاموای سلێمانی بە هاوكاریی خاتوو هێرۆ برایم ئەحمەد، ماوەی 10 ساڵ، لە ساڵی 2002وە بۆ ساڵی 2012 لە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی هونەر مامۆستای وانەبێژ بووم، ساڵی 2012 تا ساڵی 2023 بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی خاك بووم، هەروەها لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان پەیكەرم داناوە.
وتیشی: دیارترین كارەكانم بریتین لە (پەیكەری ئەحمەدی خانی لە زاخۆ و پەیكەری ئیبن مستەوفی بەردەم قەڵای هەولێر و پەیكەری یەكگرتن (دوو دەستەكە) لە سلێمانی، عومەری خاوەری ناو مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی شەهید، عادیلە خانم و پانۆڕامای شەڕی بەردەقارەمان لە بازیان و پۆرترێتەكانی ناو باخی گشتی سلێمانی و چەندین كاری تر)، هەنووكە بەشێوەیەكی بەردەوام سەرقاڵی كاری هونەرییم و خاوەنی ستۆدیۆ و گەلەریی هونەری تایبەت بەخۆمم، دواهەمین كارم پەیكەرێكی سیمبولی سوارچاكێكی كوردە بە پێوانەی 5م بەرزی بۆ شاری هەولێر.
سلێمانی، یەسنا محەمەد