لە یادی 30 ساڵەی شەهیدبوونی كەمال عەجەمدا

10:43 - 2025-07-21
ڕاپۆرت
55 جار خوێندراوەتەوە

لاپەڕەی سەروەران
شەهید كەمال عەجەم، كوڕی خانەوادەیەكی ناسراوە لە تێكۆشاندا، هەمیشە خاوەن هەڵوێست و هەستی نیشتمانی بوون و لەو پێناوەشدا قوربانییان داوە.
بۆ خۆشی یەكێكە لەو خەباتگێڕانەی كە بۆ ئازادی گەلەكەی ماندوو بووە، زۆر سەختی و دەربەدەریی بینیوە، رووبەڕووی ترس و بیم و مەرگ بۆتەوە، تا دواجار خۆی كردە قوربانی و دوای كاروانێكی دوور و درێژی خەبات و هەڵوێستی ئازایانە و دەربەدەری و شەهیدبوون و زیندانیی كەسوكاری، خۆشی شەهیدكرا و گەیشتە كاروانی سەروەرانی نیشتمان.
شەهید كەمال ساڵی 1956 لە گەڕەكی تەپی مەلا عەبدوڵڵای شاری كەركوك لەدایكبووە، ساڵی 1979 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە.
شەهید كەمال كە رۆڵەی بنەماڵەیەكی تێكۆشەری شاری كەركوكە، جگە لەوەی مامۆستا جمهوری برای لە ساڵی 1987دا بە دەستی بەعس شەهید كراوە، ساڵی 1986 خۆی و باوك و دوو برای دیكەی لە شاری كەركوك دەستگیركران و دوای ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆر و مانەوەی نۆ مانگ لە زینداندا، فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو، پاشان حوكمەكەیان كرا بە زیندانی هەتاهەتایی و دواتریش بە لێبوردنی گشتی ئازادكران.
شەهید كەمال عەجەم سەرەڕای بەشداریکردنی لە چەندین چالاكی و خەباتی نهێنیدا، بەشدارییەكی كاراشی هەبووە لە راپەڕینی ساڵی 1991 و لە یەكەمین كەسەكان بووە لە تەپەی مەلا عەبدوڵڵای كەركوك كە هێرشیان كردۆتە سەر دوژمن، دوای دەستبەسەرداگرتنی بارەگای  پۆلیسی مكافەحەی ئەو گەڕەكە، كردوویەتی بە بارەگای پێشمەرگە  بەناوی برا شەهیدەكەیەوە (بارەگای شەهید مامۆستا جمهور).
ساڵی 1992 بەهۆی لێهاتووییەوە كراوە بە فەرماندەی بەتالیۆن لە سكرتاریەتی سكرتێری گشتیی ی.ن.ك، دواتر لە ساڵی 1994 كراوە بە كارگێڕی مەڵبەندی شەشی سۆران و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە شەقڵاوە.
بەداخەوە، رۆژی 20/7/1994، لە شەڕێكی داسەپاودا، شەهیدكرا و چووە كاروانی نەمرانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان