شەهید فەریق پێشمەرگەی دوو شۆڕش

10:44 - 2025-07-21
ڕاپۆرت
58 جار خوێندراوەتەوە

ئالان محەمەد جەزا
شەهیدی فەرماندە فەریق عەبدولڕەحمان، تێكۆشەرێكی ماندووی كوردایەتی و  پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە، دواتریش لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا خەباتی سیاسی دەستپێكردووە، دوای ئەوەش بۆتە پێشمەرگە و تا كاتی شەهیدبوونی بەردەوام بووە.
زۆر لە هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی باسی ئازایەتی و لە خۆبوردوویی دەكەن.
هەڵمەتی كوڕی لەبارەی باوكییەوە دەڵیت: لەدەستدانی شەهید فەریق كەلێنێكی  گەورەبوو كە لە كورد و یەكێتی و پێشمەرگە كەوت، بۆ ئێمەش باوك و بۆ كەسوكار برا و رۆڵەیەكی بەوەفا و بۆ  كوردایەتیش شاخێك بوو لە ورە و ئازایەتی، بۆیە هەمووكات شانازی بە شەهیدەكەمانەوە دەكەین.
وتیشی: ئاواتی شەهید فەریق ئەوە بوو كە كەركوك  بە ئازادی ببینێت.
شایانی باسە، خانەوادەی شەهید فەریق و بنەماڵەكەی درێژەپێدەری خەباتی شەهیدەكەیانن و لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، دڵسۆزانە بەردەوامن لە تێكۆشان.
شەهید فەریق عەبدولڕەحمان مستەفا ناسراو بە فەریقە درێژ، لە دایكبووی ساڵی 1950ی گوندی (تۆمار)ی ناحیەی شوانی پارێزگای كەركوكە، ساڵی 1965 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول.
بەهۆی ئازایەتی و دڵسۆزییەوە بۆ نەتەوەكەی، چەندین پلەی پێشمەرگایەتی بڕیوە و لە هێزی رزگاری سەرپەل بووە.
دوای نسكۆی ساڵی 1975 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، بەردەوام بووە لە خەباتی نهێنی تا ساڵی 1991.
لە راپەڕینی ئەو ساڵەدا رۆڵی كاریگەر و گرنگی گێڕاوە، رۆژی 11 /3/1991 لە هەڵمەتی پێشمەرگە بۆسەر دوژمن  لە (لەیلان)ی نزیك كەركوك بریندار بووە.
دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی سوپای یەكگرتووی كوردستان، كراوەتە جێگری فەرماندەی فەوج.
لە زۆربەی شەڕەكانی سنووری هەولێر و دەوروبەری وەك فەرماندەیەكی ئازا بەشداریی قارەمانانەی كردووە و دوا پلەشی فەرماندەی تیپی خاڵخاڵان بووە لە لەشكری ئامادەی هەولێر.
مخابن، شەوی 27\28/7/1995 لە چیای زەرتكان شەهیدكرا و چووە كاروانی نەمرانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان