کۆشش و خەونی خوێندکارە کوردە یەکەمەکانی کەرکوک و سەعدیە، لە پۆلی شەشی ئامادەیی

09:45 - 2025-07-23
ڕاپۆرت
80 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی لە عیراق راگەیەندرا

راپۆرتی پەیامنێران:

هێمن ئەحمەد

سامان یاروەیس

هۆکاری بنەڕەتی و سەرەکیی سەرکەوتن لە ژیاندا، بریتییە لە بیرکردنەوەی ئەرێنی و واقیعی. لە بواری خوێندن و فێربوونیشدا بە هەمانشێوە بیرکردنەوەکانی خوێندکارێک کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر سەرکەوتنی.
لە عیراق بەهۆی ئەوەی کۆنمرەی پۆلی شەشی ئامادەیی دەبێتە هۆی دیاریکردنی چارەنووسی کەسەکە، خوێندکار لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەبینین ژمارەیەک خوێندکار بە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز و یەکەم بوونی، ئامانجەکەی دەپێکێت و بەری رەنجی خۆی و خێزانەکەی بەباشی کۆدەکاتەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست كوردستانی نوێ كەوتووە، لە كەركوك ئەمساڵ 23 هەزار و 463 خوێندكار بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی شەشی ئامادەیی (وزاری) كردووە و ژمارەیەك خوێندكاری كوردیش پلەی یەكەمیان لەسەر ئاستی پارێزگاکە بە دەستهێناوە.

یەکەم لەسەر ئاستی خوێندنی کوردی
یوسف ئەرخەوان خوێندکارێکی کوردە لە کەرکوک، لە خوێندنی کوردی پلەی یەکەمی بە دەستهێناوە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: توانیومە كۆنمرەی 99.71، بە دەستبهێنم و ببمە یەكێك لە یەكەمەكانی سەر ئاستی كەركوك لە خوێندنی كوردیدا، بێگومان بە دەستهێنانی ئەو نمرەیە كۆشش و ماندبوونی زۆری دەوێت و دەبێت هیوات بەخوای گەورە هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا كات بە فیڕۆ نەدەیت و دەستبەرداری سۆشیاڵ میدیا ببیت، لەبەرئەوەی ئەو شتانە سەرقاڵت دەكات و خوێندنەكەت لە دەست دەچێت.
وتیشی: بۆ بەشێک لە وانەكانم مامۆستای تایبەتم هەبووە، بەردەوام لە ماڵەوە سەعیم دەكرد و نە دەچوومە باخچە یان كتێبخانەكان لەبەرئەوەی نەوەک بە شتی دیکە یاخود هاوڕێیەكمەوە سەرقاڵ ببم.
ئاماژەی بەوەشکرد: كاتەكانی خوێندنم دابەشكردبوو، بۆ نموونە سەعات شەشی بەیانی دەستم بە خوێندن دەكرد تا 12ی نیوەڕۆ، لە عەسریش بە دواوە نزیكەی پێنج سەعاتی دیكە سەعیم دەكرد، دەتوانم بڵێم بە گشتیی رۆژانە نزیکەی 12 سەعات سەعیم كردووە، لەبەرئەوەی ئامانجم هەبوو بە دەستیشم هێنا و دڵخۆشم.
یوسف دایك و باوكی زۆر هاوكاری بوون و بەردەوام دڵنەواییان كردووە و دەڵێت: خەونم ئەوەیە ببمە پزیشکی گشتی، پۆلی شەشی ئامادەیی بەو شێوەیەش ترسناك نییە، بەڵام دەبێت كۆششی بۆ بكەیت و بجەنگیت، راستە كۆمەڵێك ئاستەنگ رووبەڕووت دەبێتەوە، بەڵام دەبێت زاڵبیت بەسەریدا و بەردەوام گەشبین بیت.
باوكی یوسف، لەسەر بە دەستهێنانی نمرەی كوڕەكەی، بە كوردستانی نوێی وت: كوڕەكەم هەر لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی 2024ەوە دەستی بە سەعیكردن كرد، زۆر ماندوو دەبوو، خۆشبەختانە توانی ئەو نمرە باشە بە دەسبهێنێت و ماندوو بوونەكەی بە فیڕۆ نەچێت.
وتیشی: لەگەڵ دایکی بەردەوام هاوكاری بووین، زۆربەی كات خزم و هاوڕێكانم پێیان دەوتم كە خوێندنی كوردی ئاسۆ و ئاییندەی روون نییە، بۆ نایكەیەتە خوێندنی عەرەبی؟ بەڵام نمرەی كوڕەكەم باشترین وەڵامە بۆ ئەو كەسانەی دەیانوت خوێندنی كوردی لە كەركوك شكستی هێناوە و ئایندەی روون نییە.
یەکەم لەسەر ئاستی خوێندنی عەرەبی
ئەژین سیروان خوێندكارێکی كوردی دیکەی شاری کەرکوکە، توانیویەتی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی خوێندنی عەرەبی لە كەركوك بە دەستبهێنێت و بۆ كوردستانی نوێ وتی: خوێندكاری ئامادەیی (متەفەوقین)م، توانیم كۆنمرەی (99.86) بە دەستبهێنم، لەبەرئەوەی دەرچووی خولی یەکەمم بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە سێ نمرەی زیادەم پێ دەبەخشرێت و کۆنمرەکەم دەبێتە 102,86 .
وتیشی: لە قۆناغەكانی چوار و پێنجی ئامادەییش لە تاقیكردنەوەكان بەخشرام و نمرەی هەموو وانەکانم 100 بوو.
ئاماژەی بەوەشکرد: رۆژانە نزیكەی 10 ـ 12 سەعات سەعیم دەكرد، دایك و باوكم و مامۆستاكانم زۆر هاوكارم بوون، زۆربەی وانەكانیشم مامۆستای تایبەتم هەبوو، ئامانجم بە دەستهێنانی بەرزترین نمرە بوو، بۆ ئەوەی بە ئاواتی خۆم بگەم و بتوانم ببم بە پزیشكی منداڵان، هیواخوازم ئەو خوێندكارانەی هەوڵ و كۆششیان کردووە و ماندووبوون نمرەی دڵخوازی خۆیان بەدەستهێنابێت.
گەلاوێژ عەلی دڵخۆشە بەو نمرە بەرزەی کچەکەی بە دەستیهێناوە و بە كوردستانی نوێی وت: دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان و ئاشكرابوونی نمرەی كچەكەم، زۆر دڵخۆشبووم لەگەڵ باوكیدا زۆر هاوكاری بووین و ماندوبووین لەگەڵی، هەركات هەستمان بكردایە سەعیكردنەكەی ماندووی كردووە یان دەروونی باش نییە، دەستبەجێ گەشتی شارەكانی سلێمانی و هەولێرمان پێ دەكرد بۆئەوەی ئاسوودەبێت و لە هەر گوشارێک بە دووربێت.
وتیشی: کچەکەم خەونی ئەوەیە ببێتە پزیشک، پیشەیەکی مرۆڤ دۆستییە، نابێت بازرگانی پێوە بكرێت و دەبێت لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بەكاربهێنرێت، هیوادارم گشت دایك و باوكێك هاوشێوەی ئێمە دڵخۆشبن و خوێندکارەکانیان سەرکەوتووبن.

یەکەمی ناحیەی سەعدیە
تەنها لە کەرکوک خوێندکارانی کورد یەکەم نەبوون، بەڵکو لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی دیکەش خوێندکارانی کورد نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە و یەکەم بوون.
ریحاب ئیبراهیم زەندی، كچە كوردێكی دانیشتووی ناحیەی سەعدیەیە، کۆنمرەی (100)ەو پلەی یەکەمی بە دەستهێناوە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: لە پۆلی شەشی زانستی، لە خولی یەکەم بە بەدەستهێنانی کۆنمرەی 100 پلەی یەکەمیم بە دەستهێنا، ئەوە خەونی منداڵیم بوو، شەو و رۆژ هەوڵم بۆ داوە و سات بە ساتی ژیانی خۆمم بۆ تەرخانكردووە.
وتیشی: سوپاسی باوك و دایك و كەسوكارەكەم دەكەم هەمیشە پاڵپشتم بوون، ژیانی خۆیان لەپێناو خەونی من تەرخانكرد، خەونی منیش ئەوەیە ببمە پزیشک و خزمەت بە هەژاران بكەم، بە تایبەتی خەڵكی ناحیەی سەعدیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: خواستمە بچمە بەشی پزیشكی گشتیی و لەو رێگەیەوە ببمە پزیشکێکی باش و بەسوود بۆ هاووڵاتییان.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان