بەڕەسمی ناوی ئەو یانانەی عیراق ئاشكرا كرا كە وەك نوێنەری عیراق بەشداریی خولەكانی ئاسیا و كەنداو دەكەن.
دوو پاڵەوانێتیی ئاسیا (چامپیۆنس لیگی بژاردەی ئاسیا و چامپیۆنس لیگی 2)، دوو گرنگترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێی یانەكانی كیشوەری ئاسیان، لە یەكەمیاندا یانەی شورتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەكانی عیراق بەشداریی دەكات، لەگەڵ یانەی شورتە چەندین یانەی ناودار و بەهێزی وڵاتانی ئاسیا بەشداریی دەكەن لەوانە: ئەهلی ئیتیحاد، هیلال، شاریقە، سەد، تراكتۆرسازی، ناساف، غەرافە.
سەبارەت بە پاڵەوانێتیی چامپیۆنس لیگی 2، تیپی یانەی زەورای دووەمی خولی ئەستێرەکانی عیراق بەشداریی دەكات، لەگەڵیدا چەند یانەیەكی وەك نەسری سعودی و وەسڵی ئیماراتی و ئیستیقلالی تاران و مۆهان و موحەرەق و حوسێن ئیربد و ئاندیجۆن بەشداریی تیادادەكەن.
هەرچی یانەی زاخۆیە كە سێیەمیی خولی ئەستێرەكانی عیراق بوو، بەشداریی خولی یانەكانی كەنداو دەكات، هەرچەندە یاریی كۆتایی خولی جامی یانەكانی عیراقی بە دهۆك دۆڕاند، بەڵام بەشداریی ئەم خولە دەکات، لەم خولەشدا یانەكانی؛ رەیان و شەباب و سترە و عەین و قادسییە و نەهزە و تەزامون حەزرەمەوت، بەشدار دەبن.