مایکل ئیگناتیف
لە ئینگلیزییەوە: مستەفا زاهیدی
ساڵی 1990 لە مەکسیکۆ سیتی، لە کۆنفرانسێک کە (ئۆکتاڤیۆ پاز) بە بۆنەی رووخانی دیواری بەرلین رێکیخستبوو، (ماریۆ ڤارگاس یۆسا) کە ماوەیەکی کەم بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پێرۆدا شکستی هێنابوو، بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی (دیکتاتۆری تەواو و کامڵ) رەخنەی توندی لە دەوڵەتی مەکسیک گرت و دەسەڵاتی دایە بەر رەخنە. چرکەساتێکی شۆک هێنەر بوو. بەکارهێنانی دەستەواژەی (تەواو و کامڵ) ئاماژەیەکی روون بوو بەوەی دەوڵەتی مەکسیک سەرکەوتوو بووە لەوەی رۆشنبیرانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، بێ ئەوەی پێویست بکات شێوازە دڕندانەکانی وەک زیندان، ئەشکەنجە و دوورخستنەوە یان شێوازەکانی هاوشێوەی ئەوروپای رۆژهەڵات بەکار ببەن، وایان کرد ژمارەیەک لە رووناکبیران بۆلای خۆیان رابکێشن و کەسانێکی وەک (هاڤێل) و (میچینک) بە تێچوویەکی زۆرەوە بەو پەڕی بوێرییەوە دژی دەسەڵات بوەستنەوە. (پاز) دوژمنی باوک کوشتە و دێرینەی حکومەتە دیکتاتۆرەکان، هیواداربوو بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفرانسە سەرکەوتووە بتوانێت یارمەتیدەربێت لە هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، لە بێدەنگییەکی قورسدا گوێی لە قسەکانی (ماریۆ) گرتبوو. لە حاڵێکدا هاوڕێ نزیکەکەی (ئێنریکە کراوزە) ئێدیتۆر و نووسەر، بە سەرسووڕمانەوە بەرامبەری دانیشتبوو.
قسەکانی (ماریۆ) هەڵایەکی گەورەی نایەوە و لە میدیاکاندا زۆر دەنگی دایەوە. بەهەرحاڵ، ئەم کۆنفرانسە بە پشتیوانی حزبی دەسەڵاتدار، حزبی PRI بەڕێوە دەچوو، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی مەکسیک (سالیناس گۆرتاری) ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی بۆ نانی نیوەڕۆیەکی شکۆمەندانە بانگهێشت کردە کۆشکی سەرۆک کۆمار، ئەم کۆنفرانسە بە شێوەی راستەوخۆ لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی (تێلەڤیزا) لە هەموو مەکسیک و ئەمریکای لاتین بڵاو دەکرایەوە، بەڵام تەنها (ماریۆ) وێرای ئەو شتەی کە هەمووان لە بەرامبەریدا بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، دەرببڕێت و باسی بکات. ئەوەی کە ئێمە رووخانی دیکتاتۆرێک لە ئەوروپای رۆژهەڵاتمان کردووە بە جەژن و خۆشی، بەڵام باس لەوە ناکەین خۆمان هاودەنگ و هاوهەنگاوین لەگەڵ یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی ئەمریکای لاتین.
ماریۆ:
چۆک دامەدە، ئەوانەی دەزانن چۆن هێزی وشە بەکاربێنن بۆ بەرگریی لە ئازادیی، هیچکات نابێ دەستبەرداری خەبات بن دژی ئەوانەی کە دەسەڵات بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی ئازادیی بەکاردەهێنن
ئەو ساتەم لە بیرە
ئەو کەسە ناسراو و دیارانەی کە ئامادەی کۆنفرانسەکە بوون (چێسلاو میلۆس)، (لێسێک کۆلاکۆڤسکی)، (دانیال بێڵ)، (کۆرنێلیۆس کاستۆریادیس)، (لێسزێک کۆلاکۆڤسکی)، (ئیرڤینگ هۆو)، (هیو ترێڤەر)، (رۆپەر)، کەسانێک نەبوون بە ئاسانی بیر لەوە بکەیتەوە ببن بە داردەست و خزمەتکاری هیچ دەسەڵاتێک، هەر بۆیە ئەو شێوە وتاردان و هێرشەی ماریۆیان بەدڵ نەبوو، بەڵام دەوڵەتی مەکسیک زۆر تووڕە بوو، (ماریۆ)ی بە (کەسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ) ناوبرد، ئەو ساتەم لە بیرە کە لە هۆڵە گەورەکەی کۆنفرانسەکە چووە دەرەوە و کامێرای تەلەفیزیۆنەکان بەدوایدا چوونە دەرەوە، زۆر خۆشحاڵ و کەیف ساز بووم، لەو چرکەساتانە بوو کە فێری کردم راستگۆبوون یانی چی: ((وتنی ئەو شتەی کە دەبێ بیڵێی، لە کاتێکدا ئەوانیتر بێدەنگن)).
(من) و (ماریۆ) سەرەتای دەیەی 1990 لە لەندەن یەکترمان بینی. ئەو دەم هەردووکمان لە (کتێبخانەی لەندەن) شوێنی حەوانەی زانایان لە گۆرەپانی سەنت جەیمز کارمان دەکرد. رۆژێک بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ چووینە خواردنگەیەکی ئیتالی. (ماریۆ) سەرەڕای ساکاربوونەکەی هەموو دەم رێک و پێک بوو، سەرسام بوو بە جامخانە رازەوەکانی شەقامی جێرمەن و بە وردی چاوی لە کراس، بۆینباخ، قایشی کەمەر و پێڵاوە نمایشکراوەکان دەکرد، کە بۆ پیاوانی دەوڵەمەندی لەندەن دانرابوون. دیدار لە چێشتخانەکەدا زۆر جیاوازتر بوو لەوەی بیرم لێ دەکردەوە بەوەی کەسێکی ناسراو دەبینم. (ماریۆ) لەبری ئەوەی زیاتر قسە بکات، زیاتر گوێی دەگرت و چاوە نووسەرانەکانی تێبڕیبووم.
بە روانێنێکی واقعییەوە
دواتر بە یەکەوە و بە هاوکاری یەکتر بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیمان ئامادە کرد دەربارەی ئاژاوە و بشێوییەکانی نەزمی جیهانی دوای 1989. ئەو ساڵانە، سەردەمانێکی زۆر تایبەت بوون و ورووژانێکی گەورەی دروستکردبوو، بەڵام (ماریۆ) بەوپەڕی زیرەکییەوە و بێ ئەوەی تووشی وەهم بێت بە روانێنێکی واقعییەوە بەشداری گفتوگۆکانی دەکرد. ئێستا تێدەگەم بۆچی هەوڵی دەدا ببێت بە سەرۆک کۆمار لە وڵاتەکەیدا. دەتوانم بڵێم سیاسیترین رووناکبیرێکە لە ژیانمدا دیومە، وەک چۆن لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبلی ئەدەبیاتدا لە راگەیاندنی ئەم ناوەندەدا هاتووە، (چیرۆکەکانی نەخشەی بونیادی دەسەلات) وێنا دەکەن. (ماریۆ) کەسێکی تەواو لیبراڵ بوو، بەڵام دنیای خەیالی ئەدەبی ئەو دەستەمۆنەکراو و نەترس و تەنزئامێزە و هەر ئەمەیە وا دەکات روانگە سیاسییەکانی نەبن بە ئایدۆلۆژیایەکی وشک و چەقبەستوو.
لە حاڵێکدا رووناکبیرەکانی تر (دادپەروەری) یان (شۆڕش) یان وەک بەهایەکی سەرەکی بۆخۆیان هەڵبژاردبوو، (ماریۆ) ئازادیی هەڵبژاردبوو، هەڵبژاردنێک کە وا دەکات ویژدانی سیاسی کەسەکە بە ئەستەم ساتێک ئاسوودە بێت. چەپەکان هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەویان بەدڵ نەبوو. تەنانەت منیش نەمزانی و بۆم دەرنەکەوت بۆچی لە بەڕازیل لە نێوان (بۆلسۆنارۆ) و (لۆلا)دا (بۆلسۆنارۆ)ی هەڵبژارد، بەڵام (ماریۆ) لە دوای دەیەی 1970 دژی چەپی خۆسەپێن و دەسەڵاتخواز هەڵوێستی وەرگرتبوو. (کاسترۆ) لە کووبا، (گارسیا) لە پیرۆ، (ئەبیگایل گووزمانی) تیرۆریست و گروپەکەی (رێڕەوی درەوشاوە)، هەموویان ئەو دوژمن و نەیارانە بوون کە دەکەوتنە بەر رق و تووڕەیی ئەو و شایەنی ئەوە بوون.
ئێمە خاڵێکی هاوبەشی تریشمان هەبوو. من ساڵی 2005 چوومە بواری سیاسەتەوە لە کەنەدا و رێبەرایەتی حزبی لیبراڵم لە هەڵبژاردنی سەرتاسەریی لە ئەستۆ گرت. شەش ساڵ دواتر، بریندار و شکستخواردوو لە بواری سیاسەت هاتمە دەرەوە و کشامەوە. لەو رۆژ و کاتژمێرە قورسانەدا، کتێبێک کە زیاتر لە هەموو شت یارمەتیدام بۆ ئەوەی بزانم بۆچی هەموو شتێکم خستبووە مەترسییەوە و بۆچی نابێ هیچ کات پەشیمان بم بەرامبەر بەو بەهایەی کە داومە، کتێبی (ماسی لە ئاو)ی (ماریۆ) بوو. بیروەرییەکانی خۆی دەربارەی ئەزموونەکانی لە پانتایی سیاسەتی نەتەوەیی لەگەڵ وەسفی لەبیرنەکراوی ئەو وتارانەی لە ژێر تیشکی خۆری دەم کەلی (کۆسکۆ)دا بۆ هەزاران کەس لە خەڵکی هەژاری دابوو. هیچ کتێبێکی ترم نایەتەوە بیر کە ژیان لە وەهمی سەرکەوتن و دواتر بە ئاگاهاتنەوە و بینینی ئەو راستییەی کە شکستە وەها راستگۆیانە وێنا کردبێت.
ماریۆ بە درێژایی تەمەنی، بەچاوی خۆی زۆری ستەمکاریی و تاوان و سەرکوتی بینی، بەڵام دەستبەردای خەبات نەبوو
نازانی چەند نامەم بۆ هاتووە
یەکتر بینینمانم لە مەدرید لە بیرە، لە توناوتوونە نایابەکەی، کە ئاپارتمانێک بوو لە گۆڕەپانێکی ئارام لە ناوەڕاستی شاردا، نزیک بە کتێبفرۆشییەکی کۆن و سەرنجڕاکێش. لەوێ بەو پەڕی شانازی و سەرسووڕمان و ماندووییەوە باسی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی بۆ کردم. خەڵاتەکەی درەنگ پێدرا و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانی بەلایەنەوە سەیر بوو کە ئەو خەڵاتەی پێدراوە. لامان وابوو دوژمنایەتی لەگەڵ چەپەکان رێگرە لەوەی ئەو خەڵاتەی پی بدرێت، بەڵام سەرئەنجام نەدەکرا نکۆڵی لە گەورەیی بەرهەمەکانی بکەن. دەیگوت نازانی چەند نامەم بۆ هاتووە، چەن کەس داوایان کردووە بیبینن، ئەوەی کە داوای واژۆیان لێکردووە و هەروەها داوایان لێکردووە راو و بۆچوونی دەربارەی پرسە تایبەتەکان بزانن. وەک ئەوەی بیەوێت ئەوە بڵێت کاتێک شانازی وەرگرتنی وەها خەڵاتێکت پێ دەبەخشرێت، دەکەوێتە ناو قەفەسێکی زێڕینەوە، بەڵام ئەو لەبری ئەوەی خۆی بدات بە دەستەوە ئەم زیندانیکردنە شەرەفمەندانەوە، بەردەوام بوو لە نووسین، رۆمانەکانی قووڵ و زیندوو بوون و باسی عەشق و سیاسەت بوون، گۆشەیەکی زۆر کاریگەری هەبوو لە یەکێک لە رۆژنامەکانی ئیسپانیا و بەردەوامبوو لە خەبات بۆ دامەزراندن و جێگیرکردنی جۆرێک سیاسەتی لیبراڵ لە وڵاتەکەیدا.
من پێشتر ژیاننامەی (ئایزایا بێرلین)م بڵاوکردبۆوە، کە یەکێک بوو لەو بیرمەندانەی زۆری خۆشدەویست و ساڵی 2015 چووم بۆ (لیما) بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەیەکی گەورە، کە ئەو بۆ پشتیوانی لە سیاسەتی لیبراڵ رێکیخستبوو، بکەم و وتار بدەم. لەو سەفەرەدا زیاتر لەوەی ئەو وتارانەم لە بیر بێت کە لەو کۆنفرانسەدا پێشکەشکران، ئەو پەڕەشووتەوانانەم لە بیرە لە گاشە بەردەکانی ئەلیماوە بەو کەرەستانەی کە پێیان بوو، خۆیان هەڵدەدا و بەسەر دەریاکەدا هەڵدەفڕین. ناسراوترین و دیارترین کەسەکان و هاووڵاتییەکانی (لیما) هاتبوون بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن و لەگەڵ وشەکانی پەیوەندیی دروست بکەن، بەڵام وا دەردەکەوت ئەوان زیاتر بۆ ئەوە هاتبوون رێز لە ماریۆ بگرن نەک ئەوەی گوێ لە قسەکانی بگرن. ئەو دەمانە سەرەتای دەسپێکی قۆناغی (پۆست لیبراڵی) بوو، کە ئێستا لەو سەردەمەدا دەژین، سەرەتای هەڵخزانی ئارام و لەسەرخۆی پیرۆ بەرەو تێداچوون و شکستی سیاسی بوو.
خەباتی ئێمە
کاتێک لە ساڵی 2017 (ڤیکتۆر ئۆربان) سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا، هێرشی کردە سەر (زانکۆی ئەوروپای ناوەند)، ئەو ناوەندەی کە لە لایەن (جۆرج سۆرۆس)ەوە دامەزرابوو، من سەرۆکی ئەو شوێنە بووم لە بۆدابێست، داوام لە (ماریۆ) کرد لە مەدریدەوە بێت و دەربارەی ئازادیی بیروڕا وتارێکمان بۆ بدات. (ماریۆ) هات و روو بە هۆڵێکی پڕ لە خوێندکار و مامۆستای زانکۆ وتی: مەبەست لە دامەزراندنی زانکۆیەکی وەک ئەم زانکۆیە پێگەیاندنی هاووڵاتییە. (ئەو هاووڵاتییە تێگەیشتوانەی کە ناهێڵن فریو بدرێن و لە لایەن دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە هەڵناخەڵتێن و رازی نین بەوەی ئەو دنیایەی کە تێیدا دەژین باشترین دنیایە کە دەکرێت ببێت). ماریۆ وتی، خەباتی ئێمە بۆ پاراستنی ئەم زانکۆیە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئۆربان، خەباتێکە دژی (کەڵکەڵەی خێڵگەرایی). ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو ئەوەی هەڕەشەی لە سەرە داهاتووی ئازادییە لە ئەورووپا.
بەرەبەیانی ئەو رۆژەی هەواڵی مەرگی (ماریۆ) بڵاو کرایەوە، جارێکیتر سەیری (وتارە ورووژێنەر)ەکەیم کردەوە، بەڵگەیەکی روون بوو بەوەی دنیا لە 2017 بە دواوە بووە بە شوێنێکی تاریکتر. (زانکۆی ئەوروپای ناوەند) ئیتر لە بۆدابێست چالاک نییە، بەڵکو لە مەنفایە و لە ڤییەنایە، هێرش بۆ سەر ئازادیی ئاکادێمی، بەتایبەت لە ئەمریکا، زۆر بێبەزەیانەیە. سیاسەتی لیبراڵ، ئەو شتەی ئەو و منیش باوەڕمان پێی بوو، لە دۆخێکی زۆر خراپ و بێ هیواییدایە، بەڵام لە خەیاڵی خۆمدا دەتوانم بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانەوە بیر لەوە بکەمەوە، برۆ رەشەکانی هەڵدەتەکێنێ و دەڵێت: (چۆک دامەدە، ئەوانەی دەزانن چۆن هێزی وشە بەکاربێنن بۆ بەرگریی لە ئازادیی، هیچکات نابێ دەستبەرداری خەبات بن دژی ئەوانەی کە دەسەڵات بەکاردەهێنن بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی ئازادیی). (ماریۆ بە درێژایی تەمەنی، بەچاوی خۆی زۆری ستەمکاریی و تاوان و سەرکوتی بینی، بەڵام دەستبەردای خەبات نەبوو).
سەرچاوە:
Michael Ignatieff, ‘Memories of Mario, Liberties, April 2025.