زیرەکیی دەستکرد هاوسۆزیی دەردەبڕێت و پێشوەختە خەمۆکی دەستنیشان دەکات؟

10:58 - 2025-07-23
کەلتور
38 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

لە یەکێک لە بەیانییە ساردەکانی تۆکیۆدا، لێکۆڵەر ئەدیتیا نایک تەماشای شاشە پڕ لە داتاکانی بەردەمی دەکرد، کاتێک ئەنجامێکی سەرنجڕاکێش دەرکەوت ئەویش بریتییە لەوەی «مرۆڤی ئێستا ئامادەیی زیاتری تێدایە هەستەکانی دەرببڕێت، بەڵام بۆ پزیشکە دەروونییەکان نا، بەڵکو بۆ چات بۆتەکان».
پێش چەند ساڵێک بیرۆکەی ئەوەی کەسێک کە لە قەیرانێکی دەروونیدایە لە بری پسپۆرێکی مرۆیی متمانە بە زیرەکیی دەستکرد بکات، جۆرێک بوو لە خەیاڵی زانستیی، بەڵام لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە ئایاری ئەمساڵ لەلایەن تیمێکی زانکۆی تۆکیۆوە بڵاوکرایەوە، تێیدا واقیعێکی نوێیان ئاشکرا کرد. 
توێژینەوەکە لەژێر ناونیشانی (هاوسۆزیی دەستکرد: تەندروستی دەروونی بە پشتبەستن بە زیرەکیی دەستکرد)، تێیدا لێکۆڵەران ئەزموونی بەکارهێنەرانی وەک «وبوت» و «ویسا» یان شیکردەوە، بینیان ملیۆنان کەس کاتێک پێویستیان بە پاڵپشتیی دەروونی دەبێت پەنا بۆ ئەو چات بووتانە دەبەن، نەک تەنیا لەبەرئەوەی گوێیان لێدەگرێت بەبێ ئەوەی حوکمی پێشوەختەیان بەسەردا بدات، بەڵکو رێگەیان دەدات ئازادانە تەعبیر لەخۆیان بکەن بەبێ ئەوەی ترسیان لە ئابڕووچوونی کۆمەڵایەتی یان شەرمەزاریی هەبێت.
«گوێگرتن بەبێ حوکمی پێشوەختە نهێنییەکەیە» وەک ئەدیتیا نایک دەڵێت: «کاتێک ئاماژە بۆ ئەو بەکارهێنەرانە دەکات کە لە هەندێک حاڵەتدا زیرەکیی دەستکردیان پێ باشترە، چونکە کاردانەوەی مرۆیی نییە وەک بێزاربوون یان هەڵسەنگاندنی نێگەتیڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەندێک ئاڵنگاریی بنەڕەتیی هەیە، بۆ نموونە ئەو جۆرە پاڵپشتییە جێگەی پزیشکی مرۆیی دەگرێتەوە؟ ئەو جۆرە سیستمانە رۆژێک لە رۆژان دەتوانێت وەک مرۆڤێک لە هەستە قووڵەکانی تێبگات؟». 

زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت لە حیکمەتی پزیشکی دەروونی و زانایی مامۆستا و بەزەیی مرۆڤ نزیکبێتەوە؟ یان ئەوەی ئێمە بە شۆڕشی دەزانین تەنیا وەک ئامرازێکی سنوردار دەمێنێتەوە، وەک ئەوەی تەنیا لە ئاوێنەیەک بڕوانین کە ئازارەکانمانی تێدا دەبینین و هیچی تر

پێشوەختە خەمۆکی دەستنیشان دەکات
لەلایەکی دیکەوە لە زانکۆی شەنگهای لێکۆڵەران (جینگوانگ چونگ و چیچوان وانگ) لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدان، دەربارەی ئەوەی «ئایا زیرەکیی دەستکرد دەتوانرێت رابهێنرێت لەسەر خوێندنەوەی هەستە مرۆییەکان نەک تەنیا لە رێی قسەوە، بەڵکو لە رێگەی شێوازی قسەکردن و کۆمیونیکەیشنەوە؟» بیرۆکەکە لەسەرەتادا وەک ئەوە وابوو لە چیرۆکێکی خەیاڵی زانستییەوە وەرگیرابێت، بەڵام ئەوەندەی نەبرد بوو بە واقیع، ئەوەش لە توێژینەوەیەکیاندا کە نیسانی ئەمساڵ بڵاویانکردەوە لەژێر ناونیشانی «Intelligent Depression Prevention via LLM-Based Dialogue Analysis -خۆپارێزیی زیرەک لە خەمۆکیی لە رێگەی شیکردنەوەی گفتوگۆکان بە بەکارهێنانی سامپڵە زمانەوانییە زەبەلاحەکان» .  
ئەو سیستمەی ئەو دوو لێکۆڵەرە پەرەیان پێدا پێویستی بەوە نەبوو بە راشکاوی بڵێیت: «من خەمۆکیم هەیە»، بەڵکو حاڵەتی دەروونی کەسەکە لە رێگەی هەندێ شێوازی کۆمیونیکەیشنی وردی نا روونەوە دیاری دەکرد، کە تەنانەت پسپۆرانی خزمەتگوزاری دەروونی تەقلیدی ناتوانن دیاری بکەن و بیدۆزنەوە.

شیکردنەوە زیرەکەکان بۆ دۆزینەوەی خەمۆکی
زیرەکیی دەستکرد پشت بە شیکردنەوە دەبەستێت لەوانە:
*خێرایی قسەکردن: ئەو کەسەی زۆر بە هێواشی قسە دەکات یان لە کاتی قسەکردندا زۆر دەوەستێت ئەگەری ئەوەی هەیە باری دەروونی ناجێگیر بێت.
*هەڵبژاردنی وشەکان: بەکارهێنانی دووبارەی دەستەواژە نێگەتیڤەکانی وەک «هیچ شتێک شایەنی ئەوە نییە» یان «هەمیشە ماندووم»، ئاماژەن بۆ هەستی خەمۆکیی.
*راناوە کەسییەکان: دووبارەکردنەوەی وشەی «من» بەشێوەیەکی دیار، دەکرێ ئاماژە بێت بۆ گۆشەگیریی ناوەکیی یان سەرقاڵبوونی زیاد لە پێویست بە هەستەکانی تایبەت بە خودەوە.
*کەمبوونەوەی جۆراوجۆریی زمانەوانی: کاتێک کەسێک حەز بە بەکارهێنانی ژمارەیەکی دیاریکراو لە دەستەواژە دەکات بەبێ جوانکاریی زمانەوانیی، رەنگە ئاماژە بێت بۆ پاشەکشەی درک پێکردنی سۆزداریی.
*تۆنی دەنگ: دابەزینی تۆنی دەنگ یان شەپۆلە دەنگییەکانی پەیوەستن بە خەمباری و خەمساردییەوە، دەکرێت ناتەواویی دەروونی دەستنیشان بکەن لە حاڵەتی نەبوونی نیشانەی رووندا.

ئەنجامەکان
ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە چاوەڕواننەکراو بوون، بەجۆرێک سیستمی پێشبینیکردنی خـەمـۆکی بە رێـــژەی (89 ٪) بوو، بەو شێوەیە پێش کەرەستە تەقلیدییەکانی دایەوە بۆ دیارکردنی خەمۆکــــی وەک (PHQ-9) کە نـزیکـەی (41 ٪) ئەنجامی پۆزەتیڤی هەڵەی راگەیاندبوو، ئەم باڵادەستییەی زیرەکیی دەستکرد تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکو بازدانێکی جۆرییە لە چۆنییەتی تێگەیشتن لە عەقڵی مرۆڤ لە رێگەی تەکنۆلۆژیاوە، بەڵام ئەمە مانای وایە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت جێی پزیشکی دەروونی بگرێتەوە؟ لێرەدا جیاوازییەکە لەوەدایە ئەم سیستمانە هەرچەندە لە دیاریکردنی پێشوەختەی خەمۆکیدا باڵادەستن، بەڵام لێکۆڵەران جەخت لەوە دەکەنەوە دەکرێت رۆڵی تەواوکەریان هەبێت، بەو مانایەی جێگرەوەی چارەسەری تەقلیدی نابن، واتا ئەم تەکنیکانە دەتوانن هێڵی پێشەوەی بەرگری بن، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کێشەی کەمیی پسپۆری ئەو بوارەیان هەیە یان ژێرخانی چارەسەری دەروونی بەهێزیان نییە.
لە جیهانێکدا رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، رەنگە زیرەکیی دەستکرد ئەو چارەسەرە جادووییە بێت، چونکە پێشوەختە ئەو جۆرە کێشانە دەدۆزێتەوە، کە دەکرێت شۆڕشێک لە بواری پزیشکیی دەروونیدا بەرپا بکات، بە تایبەتی لەو ناوچانەی پسپۆری دەروونییان کەمە.

هاوبەشیی لە بواری دەروونییدا
ئایا ئێمە شاهێدی کۆتاییهاتنی پزیشکی دەروونیی تەقلیدی دەبین یان لەدایکبوونی هاوبەشییەکی نوێ؟ بەم هەموو بازدانە تەکنۆلۆژییە سەرسوڕهێنەرانە، رەنگە وا دەرکەوێت بەرەو داهاتوویەک دەڕۆین کە خاڵیی بێت لە کلینکە تەقلیدییەکان و چاوپێکەوتنی رووبەڕوو، بەڵام واقیعەکە لەوە ئاڵۆزترە، سەرەڕای ئامرازەکانی دەستنیشانکردنی سەرەتایی، بەڵام وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و ئەزموونی بێ حوکم کە سیستمەکانی ئەی ئای پێشکەشی دەکەن، پسپۆڕان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم سیستمانە نابێت جێگەی چارەسەرکاری مرۆیی بگرنەوە، بەڵکو پێویستە تەواوکەری یەک بن، وەک هێڵی بەرگری یەکەم بۆ کەمکردنەوەی توندی قەیرانەکە کاربکەن، یان وەک پردێکی کاتیی کاربکەن تا دەگاتە پاڵپشتی تایبەتمەند کە پسپۆری دەروونییە.
دواجار گەورەترین تەحەدا کە وەک پرسیارێکی کراوە دەمێنێتەوە: ئایا زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت لەوەی تەنها ئەلگۆریتمێکی ورد بێت دەربچێت و لە حیکمەتی پزیشکی دەروونی و زانایی مامۆستا و بەزەیی مرۆڤ نزیکبێتەوە؟ یان ئەوەی ئێمە بە شۆڕشی دەزانین تەنیا وەک ئامرازێکی سنوردار دەمێنێتەوە، وەک ئەوەی تەنیا لە ئاوێنەیەک بڕوانین کە ئازارەکانمانی تێدا دەبینین و هیچی تر، بەبێ ئەوەی هاوسۆزی دەرببڕێت و بەڕاستی دەست لە ئازارەکانمان بدات و چارەسەریان بکات؟ بێگومان وەڵامەکەی بە ئەگەرێکی زۆرەوە تەنها بە تەکنۆلۆژیا دیاری ناکرێت، بەڵکو پەیوەستە بەو رێگەیەی وەک مرۆڤ هەڵیدەبژێرین، کە چۆن ئەو زیرەکیی دەستکردە ئاراستە دەکەین، ئایا بۆ پاڵپشتیکردنی مرۆڤبوونمان بەکاریدەهێنین یان بۆ گۆڕینی؟ 
سەرچاوە: الشرق الاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان