ئەمریکا کشانەوەی خۆی لە رێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و رۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (یونسکۆ) راگەیاند و بە لایەنگری لە دژی ئیسرائیل و پەرەپێدانی پرسە دووبەرەکییەکان تۆمەتباری کرد.
گیدیۆن سەعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێشوازی لە بڕیارەکەی ئیدارەی ئەمریکا کرد و بە هەنگاوێکی پێویستی زانی بۆ بەرەوپێشبردنی دادپەروەری و مافی ئیسرائیل بۆ مامەڵەی دادپەروەرانە لە سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئامانجکردن و بەسیاسیکردنی ئیسرائیل لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە، چ لەم رێکخراوە و چ لە هەموو دەزگا پیشەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت کۆتایی بێت.
هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەردەوامیی بەشداریکردن لە یونسکۆ لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەمریکادا نییە.
لای خۆیەوە، ئۆدری ئازولای بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆ، کشانەوەی ئەمریکای لە رێکخراوەکە بە «جێی داخ، بەڵام پێشبینیکراو» وەسفکرد.
لەو بارەیەوە، رۆژنامەی نیویۆرک پۆست پێشتر بڵاویکردبووەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە نیازی کشانەوە بووە لە رێکخراوەکە بە هۆی «مەیلی دژە ئەمریکا و دژە ئیسرائیل».
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی کۆشکی سپییەوە رایگەیاندووە، بەرپرسانی ئیدارەی یونسکۆ ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی یونسکۆ کە پەیوەندییان بە فرەچەشنی و یەکسانی و گشتگیرییەوە هەیە، لەگەڵ «پشتیوانیکردنی فەلەستین و چین».