لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ناوی شێخ حیکمەت هەجری، سەرکردەی رۆحیی دروزییەکانی پارێزگای سوەیدا، وەک کەسایەتییەکی سەرەکیی نەیاری حکومەتی نوێی سوریا دەرکەوتووە. هەجری، ئێستا رابەرایەتیی جوڵانەوەیەک دەکات کە داوای شێوازێک لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ سوەیدا دەکات.
ئەم داواکاریانەش پاش ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا هێزەکانی حکومەتی سوریا و هۆزە چەکدارەکانی ناوچەکە هێرشیان کردە سەر درۆزەکان لە سوەیدا و کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا و سوکایەتی زۆریشیان بە دروزییەکان کرد.
گرنگترین داواکارییەکانی هەجری بریتین لە رەتکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لە سوەیدا، گەڕانەوەی ئەفسەرانی پێشووی سەردەمی ئەسەد بۆ سەر کارەکانیان. هەروەها جەخت لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەلمانی، دیموکراتی و لامەرکەزی دەکاتەوە کە تێیدا سوەیدا خاوەنی ئیدارەی خۆی بێت.
یەکێکی تر لە داواکارییە سەرەکییەکانی، کردنەوەی دەروازەیەکی سنوورییە لەگەڵ ئوردن و کردنەوەی رێگاکانە بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
ئەم هەڵوێستەی هەجری بووەتە هۆی پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سەر بە ئەنجومەنی سەربازیی سوەیدا (کە هەجری پشتیوانی دەکات) و هێزەکانی حکومەتی نوێ و هەندێک هۆزی بەدەوی.
بەپێی راپۆرتەکان، هێزەکانی هەجری لەم پێکدادانانەدا پشتیوانیی راستەوخۆی ئیسرائیلیان پێگەیشتووە و خودی هەجریش پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ سەرکردە دروزییەکانی ناو ئیسرائیل هەیە و بە ئاشکرا داوای یارمەتی لە حکومەتی ئیسرائیل کردووە.
جێی ئاماژەیە، هەڵوێستەکانی هەجری گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە. ئەو کە پێشتر داوای لە گەنجانی دروز دەکرد بچنە ناو سوپای ئەسەدەوە، لە ساڵی 2021ـەوە بەهۆی ناکۆکیی کەسی و کێبڕکێی ناوخۆییەوە لەگەڵ سەرکردەیەکی تری درووزی، رووی لە دژایەتیکردنی دەسەڵات کرد.
ئەم دۆخە ئاڵۆزە چارەنووسی سوەیدا و یەکپارچەیی خاکی سوریای خستووەتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەوە.