جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لە سکرتێر و دەستەی بەڕێوەبردنی رێکخراوی یەکێتیی ژنانی کوردستان و پشتگیری و پشتیوانی و یەکێتیی بۆ دووپاتکردنەوە.
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، ستایشی تێکۆشانی رێکخراوی (ی.ژ.ک) کرد لە پێشخستنی پرسی ژناندا کە زۆر سەردەمیانە لە هۆشیارکردنەوەی ژنانی کوردستان بەرامبەر بەمافەکانیان خەباتیان کردوەو رایگەیاند، رێکخراوەکەتان داکۆکیکارێکی سەرسەخت و پێشەنگ بووە لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی ژناندا و لەو پێناوەشدا جێگە دەستان دیارە، هیوای خواست چالاکی و خەباتی مەدەنییان لە ئاستی ئەم قۆناغە نوێیەی گۆڕانکارییەکاندا بێت.
هەڤاڵ جێگری سەرۆک، ئاماژەی بەڕۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال کرد وەک پارێزەر و پشتیوانێکی بەهێزی مافی ژنان و لەوبارەیەوە وتی: "ئێمەش لەسەر ئەو رێبازو کلتورە بەردەوام پشتیوان و هاوکارتانین".
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا، باسی لەوەکرد (ی.ژ.ک) قوتابخانەیەکی گەورە و کانگای پێگەیاندنی سەدان ژنی مەزن و بەتوانا بووە، وتیشی: "بۆ نموونە هێرۆخان، جگە لە تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانەی، هاوکات لە بزووتنەوەی ژنان و لەم رێکخراوەدا رۆڵێکی گەورە و ئیلهامبەخشی هەبووەو نەخشی لەمێژوودا دیارە".
هەڤاڵ جێگری سەرۆک، بەپێویستی زانی (ی.ژ.ک) لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵەکانیان فراوانتر بکەن و هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ کاری گەورەتر لەپرسی ژناندا.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی (ی.ن.ک)