دیدگای هاوبەش لە ناوەوە و دەرەوە

سوەیدا، دروز و كورد بەرامبەر بە فیكری توندڕەو یەك دەخات

09:58 - 2025-07-24
ڕاپۆرت
92 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندانی هاوبەشی کورد و دروز بەرامبەر بە خۆپیشاندانی پاڵپشتیکەرانی شەرع- ئەڵمانیا

راپۆرتی: گۆران فەتحی

گۆڕانكارییەكانی سوریا و هەوڵی حكومەتی ئەحمەد شەرع و گروپە توندڕەوە عەرەبییەکان، بۆ پاكتاوكردنی كەمینە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكان، خەریكە دیدگایەکی یەكگرتوو لە نێوان كورد و دروز و عەلەوییەكان دروست دەكات، بەرامبەر بەو حكومەتە و میلیشیا عەرەب و سوننەكان بەرامبەر ئایندەی سوریاش، ئەوەش بە روونی لە لێدوانی سەركردە و بەرپرسانی ئەو كەمینانە و كەسە كاریگەر و رۆشنبیرەكانی ئەو گروپە ئیتنیکیانە بەتەواوی دەركەوتووە، پێكدادانی خۆپیشاندانی هاوبەشی كورد و دروزیش لەگەڵ خۆپیشاندەرانی عەرەبی پاڵپشت لە شەرع لە ئەڵمانیا، دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە، ئەگەر حكومەتی ئەو وڵاتە كاری جددی نەكات بۆ رێگرتن لە كوشتار و پاكتاوی كەمینەكان، ئەوا دواجار و بەناچاری كەمینەكان هەوڵ بۆ  جیابوونەوەی ناوچەكانیان و سەربەخۆیی دەدەن بە پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەرەتا عەلەوییەكان دواتر دروزەكان
لەگەڵ روخانی دەسەڵاتی بەعس و بەشار ئەسەد لە سوریا و هاتنە سەر کاری شەرع، لەگەڵ پاڵپشتی عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتی لەو دەسەڵاتە و بەڵێنی ئەو حكومەتەش بەوەی حكومەتی هەموو سوریاییەكان دەبێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع وانەبوو، گروپ و هێزە چەكدارەكانی سەر بە شەرع، بە ناوی راوەدونانی پاشماوەكانی رژێمی پێشوو و بەعسییەكانەوە، خەڵکێکی زۆریان كردە ئامانج و دەیان كەسیان كوشت لە دیمەشق و ناوچە جیاجیاكانی سوریا، دواتریش كەوتنە وێزەی كەمە نەتەوەییەكان و سەرەتا بە عەلەوییەكان دەستیان پێكرد و دواتر كەوتنە گیانی دروزەكان و سەدان كەسی سەر بەو دوو پێكهاتەیەیان كوشت و دەیانی تریان  بێ سەر و شوێنكرد، هێرشی هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارە توندڕەوەكانی نزیك لە شەرع، نیازی خۆیان نەشاردۆتەوە لە بەئامانج گرتنی كورد و رۆژئاڤای كوردستانیش.

پێكدادانی خۆپیشاندەرانی كورد و دروز لەگەڵ خۆپیشاندەرانی عەرەب
هێرش بۆ سەر ناوچەی عەلەوی و دروزەكان، لەسەرەتاوە كورد لە سوریا دژی بوو، هاوسۆزیشی بۆ ئەو دوو پێكهاتەیە دەربڕی، ئەوەش وایكرد هاوسۆزی لە نێوان كورد و دروز و عەلەوی دروست ببێت، شەڕ و پێكدادانیش لەنێوان خۆپیشاندانێكی كورد و دروز لەگەڵ خۆپیشاندانێكی عەرەبی پاڵپشت لەشەرع لە ئەڵمانیا نموونەی روونی ئەو هاوسۆزییەیە.
رۆژی 20ی تەمموز وێستگەی سەرەكیی شەمەنەفەر لە شاری دۆسلدۆرف لەئەڵمانیا، شەڕ و پێكدادانی بەخۆوە بینی لە نێوان خۆپیشاندەرانی كورد و دروز دژ بە خۆپێشاندەرانی عەرەب، ئەوەش پۆلیسی ئەو شارەی ناچار كرد خێرا بگەنە شوێنە رووداوەكە و چەند بەشێكی وێستگەكەش بۆ ماوەیەكی كاتی دابخەن.
وەكو میدیاكانی ئەڵمانیا باسی دەكەن پێکدادانەکە، لە نێوان بەشداربووانی دوو خۆپیشانداندا بوو، یەكێكیان بۆ پاڵپشتی لە شەرع، ئەوی تریشیان بۆ پاڵپشتی لە خەڵكی سوەیدا، خۆپیشاندەران حكومەتی شەرعیان تۆمەتبار كرد بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە سوەیدا و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لەناوچەی دروزەكان. 
كەناڵ و میدیاكانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوەكرد، كە «هۆكاری شەڕەكە دیار نییە، ناشزانرێت چ لایەنێكیان دەستپێشخەربووە بۆ شەڕ، بەڵام بەپێی هەندێك سەرچاوە، خۆپیشاندانی یەكەمی پاڵپشت لە حكومەت تەواوبوبوو دەگەڕانەوە بۆ وێستگەی شەمەنەفەر لە دۆسلدۆرف، بەڵام لە نزیك وێستگەكە هێشتا خۆپیشاندانی كورد و دروزەكان بەردەوام بوو، چەندین كەس برینداربوون لەگەڵ چوار پۆلیسی ئەڵماندا».
لەگەڵ ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا وابڵاوبۆوە یەكێك لە خۆپیشاندەرانی پاڵپشت لەحكومەتی شەرع كوژراوە، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی دۆسلدۆرف ئەوەی رەتكردەوە و جەختی لەوە كردەوە، كە هیچ حاڵەتێكی گیان لە دەستدان رووی نەداوە لە شەڕ و پێكدادانەكەدا.
پۆلیس لە بەیاننامەیەكیشدا، ئاشكرای كرد، دوو خۆپیشاندەر دەستگیركراون و 20 تۆمەتی جینائیش ئاراستەی ژمارەیەك خۆپیشاندەر كراوە. رووداوەكەی دۆسلدۆرف مەترسی زیادبوونی ململانێی نێوان سورییەكان لە ئەڵمانیای لێدەكرێت لە پاڵ مەترسی ئەوەی ئەو ململانێیە بگاتە وڵاتانی تری ئەورپا.

هێرش بۆ سەر عەلەوییەكان
پەلاماردانی عەلەوەییەکان لەسەرەتاکانی مانگی ئازاری رابردوودا، كاریگەریی خراپی لەسەر وێنای حكومەتی نوێی سوریا دروست كرد و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئیدانەی ئەو كوشتارەیان كرد و داوای دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەیان لە حكومەتی دیمەشق كرد سەبارەت بەو كۆمەڵكوژییە، ئەوەبوو دەسەڵاتی نوێ لە سوریا لیژنەیەكی بۆ دەرخستنی راستییەكان پێكهێنا، كە چەند رۆژی رابردوو لیژنەكە راپۆرتی خۆیان سەبارەت بەو رووداوە تەواوكرد و پێشكەش بە شەرع كرد، تێیدا ئاشكرایان كرد 1426 كوژراوی فیعلی هەبووە لەو رووداوانەدا، كە 90 كەسیان ژن بوون و ئەوانی تریش زۆربەی خەڵكی مەدەنی بوون.
لیژنەكە رۆژی سێشەممەی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، پاشماوەکانی رژێمی بەشار ئەسەدیان تۆمەتبار كرد بە دروستكردنی ئەو رووداوانە، روونیشیكردەوە، ئەو پاشماوانە ژمارەیەكی زۆر ئەندامی هێزە ئەمنییەكانیان كردبووە ئامانج.
بەپێی وتەی لیژنەكە، پاشماوەكانی بەعس لە عەلەوییەكان، لەدەستپێكی رووداوەكاندا 238 گەنجیان لە هێزە ئەمنییەكان و سوپا كوشتووە لە پارێزگاكانی لازقییە و تەڕتوس و حەما.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاشكرایە، لە رووداوەكاندا، نزیكەی 200 هەزار چەكداری سەر بە شەرع هێرشیان كردە سەر ناوچەی عەلەوییەكان و پێشێلكاریی زۆریان كرد و سەدان كەسی مەدەنییان كوشت، ئەمە جگە لە سوتاندنی ماڵ و حاڵی عەلەوییەکان و تاڵانكردنی شار و شارۆچكە و ناوچەی عەلەوییەكان.

دیدگایەكی هاوبەش لە نێوان كورد و عەلەویی و دروز لەناوخۆ و دەرەوەی سوریا دروست بووە، خۆپیشاندانی هاوبەشی كورد و ئەو پێكهاتانەش نموونەیەكی بەرجەستەی نزیكایەتی و هاوسۆزیی ئەم سێ پێكهاتەیەیە

هێرش بۆ سەر دروزەكان
شەڕ و پێكدادانی سوەیداش، بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی شەرع بۆ سەر دروزەكان لەو شارە هات، دواتریش هێرشی عەرەبی بەدوی سوریا بۆ سەر  دروزەكان دەستی پێكرد و بەهەزاران چەكداری هۆزە عەرەبەكان روویان لە باشووری سوریا و ناوچەی دروزەكان كرد، شەڕ و پێكدادانی نێوان هەردوولاش دەیان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، چەكدارانی توندڕەو و بەدوەكان دەیان كەسی مەدەنیشیان لە شارەكە و دەوروبەری كردە ئامانج و زۆرێك گەنج و پیریان دایە بەر دەستڕێژی گوللە لەسەر شەقام و لەناو ماڵەكاندا.
بەپێی میدیاكانی سوریا، ئاماری كوژراو و بریندارانی پێكدادان لەنێوان چەكدارانی عەرەبی بەدو و دروزەكان، لە پارێزگای سوەیدا 1200 كەسی تێپەڕاندووە، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش رایگەیاندووە كە، «ژمارەی كوژراوان لە پێكدادانەكانی نێوان دروز و بەدوەكان لە سوەیدا بەرز بۆتەوە بۆ 1265 كەس، كوژراوەكان بەهۆی شەڕ و پێكدادان و لە سێدارەدان لەسەر شەقام لەلایەن گروپە توندڕەوەكان و بۆردومانی سوپای ئیسرائیلیەوە بووە».
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی شەرع دووشەممەی رابردوو بڕیاری راگرتنی شەڕی دا لە سوەیدا، بەڵام هەندێك گروپی چەكداری عەرەبە بەدوەكان تا ئێستا شەڕ دەكەن و پابەندی ئەو بڕیارە نەبوون.
روانگەی سوری ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەی بڕیاری راگرتنی شەڕ دراوە، بەڵام پێشێلكاری بڕیارەكە بەردەوامە لە چەند شوێنێكی پارێزگای سوەیدا،  چەندین هێرش بە فرۆكەی بێ فرۆكەوان (درۆن) كراوەتە سەر شاری شەهبا، كە گروپی چەكداری هۆزە بەدوەكان ئەنجامیان داوە و بەهۆیەوە 9 كەسی مەدەنی برینداربوون.

بارودۆخی سوەیدا
لەگەڵ بڕیاری راگرتنی شەڕ لە سوەیدا، ژمارەیەكی زۆر هێزی ئەمنی و سوپا لەدەوروبەری سوەیدا جێگیركران، گوایە بەمەبەستی رێگرتن لە هێرشی بەدوە عەرەبەكان هاتوون، هەرچەند گرتە ڤیدیۆییەكان لەمیدیا و سۆشیاڵ میدیا دەریدەخەن، هێشتا لەچەند ناوچەیەك شەڕ و پێكدادان بەردەوامەو دۆخەکە زۆر خراپەو  كارەبا بەتەواوی بڕاوە، خواردن و خۆراك و ئاوی خواردنەوە زۆر كەمە، ئەمەش نەهامەتی دانیشتوانی سوەیدای زیاتر كردووە، بوونی  هێزە ئەمنییەكانیش لەدەوروبەری شارەكە، جۆرێكە لە ئابڵوقە و  چەكدارانی هۆزە عەرەبەكانیش بەچەكەوە چاوەڕوانی ئان و ساتی هێرش كردنن بۆ سەر شارەكە.
چارەنووسی خەڵك و دانیشتوانی سوەیداش لەسەر سەركەوتنی ئاگربەست وەستاوە، ئەگەر شكست بهێنێت رەنگە رووبەڕووی كارەساتێكی گەورە ببنەوە، گوندەكانی دەوروبەری سوەیداش تا ئێستا بە چۆڵی ماونەتەوە بەهۆی ئاوارەبوون و هەڵاتنی دانیشتوانەكانیان لە ترسی كوشتن و بەئامانجگرتنیان لەلایەن هۆزە عەرەبەكانەوە.

هەڵوێستی كورد و هەسەدە
لای خۆیەوە مەسەدە (ئەنجومەنی سوریای دیموكرات) لەبەیاننامەیەكدا سەبارەت بە رووداوەكانی سوەیدا، ئیدانەی هێرشكردنە سەر دروزەكان و خەڵكی مەدەنی ئەو شارەی كرد، لەلایەن عەرەبە بەدوەكانەوە،  هۆشداریشی دا لە مەترسی شەڕ و ململانێی تایەفی و ناوچەیی لەسەر سوریا و داوای دەستپێكردنی دیالۆگێكی نیشتمانی كرد لەڕێگەی بەستنی كۆنگرەیەكەوە، كە هەموو هێزە نیشتمانییەكانی سوریا بەشداری تێدا بكەن، داواشی كرد خیتابی رق و كینە رابگیرێت و جەختی لەوەشكردەوە، كە دەبێت چارەسەری كێشەكانی وڵات لەناو سوریا و لەلایەن سورییەكان خۆیانەوە بێت.
مەسەدە جەختی لەوەشكردۆتەوە كە: زۆر بە وردی چاودێریی بارودۆخی پارێزگای سوەیدا دەكات، پێیوایە تەشەنەسەندنی شەڕو پێكدادان و توندوتیژی كە مەدەنییەكانیشی گرتۆتەوە، سوریا بەرەو قەیرانی قووڵتر دەبات.
ئاماژەی بەوەش كردووە: ئەوەی لە سوەیدا روودەدات، رووداوێكی جیا نییە و ئاماژەیە بۆ حاڵەتی داڕمانی گشتی لە بونیاتی سیاسیی و موئەسەساتی وڵات، هەروەها لەئەنجامی دەیان ساڵ پەراوێزخستن و سەركەوتكردنی پێكهاتەكانی سوریا و خۆدزینەوەی دەسەڵات لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە پێكهاتە جیاوازەكان و زامن نەكردنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.
ئەوەی جێی مەترسیە بۆ كورد لە رۆژئاڤای كوردستان، ئەوەیە، دوای هێرشی توندڕەوانی سوننەی عەرەب و بەدوەكان و هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر عەلەویی و دواتریش ناوچەی دروزەكان، هێرشكردنە سەر كورد و رۆژئاوای كوردستانە، ئەوەش دوور نییە، بەتایبەت كە لەچەندین گرتەی ڤیدیۆییدا هەم لە كاتی هێرشەكان بۆ سەر عەلەوییەكان و هەمیش بۆ سەر دروزەكان، چەكدارانی توندڕەو و عەرەبی هۆزە بەدوەكانیش، بە ئاشاكرا هەڕەشەی ئەوەیان كردووە، كە روو لە ناوچەكانی رۆژئاڤای كوردستانی ژێر دەستی هەسەدەش دەكەن و ناهیڵن گوایە سوریا دابەش بكرێـت.

دیدگای هاوبەش
ئەم هێرشانەی توندڕەوەکان، جۆرێك لە هاوسۆزی لە نێوان ئەو دوو پێكهاتەیە و نەتەوەی كورددا دروست كردووە، بەتایبەتی كە كورد و سەركردایەتیەكەی لەو وڵاتە، ئیدانەی هێرشەكان و دژایەتی خۆیان بۆ هەڵسوكەوتی هەم چەكدارنی هێزە ئەمنییەكان و هەمیش هۆزە عەرەبەكان بەرامبەر بەو دوو پێكهاتەیە دەربڕیوە، لای خۆشیانەوە چەندین سەركردە و كەسایەتی عەلەوی و دروزیش، هەم سوپاسی هەڵوێستی كورد و هەمیش داوای بەهاناوەچوونیان كردووە لە كورد و هەسەدە، بەشێكی زۆری هاووڵاتیان و كەسایەتیەكانی ئەو دوو پێكهاتەیەش نەیانشاردۆتەوە كە پێیان باشە كوردێك دەسەڵات لەو وڵاتە بگرێتە دەست، بەو پێیەی كورد دەمارگیریی نەتەوەیی و تایەفی و مەزهەبی و ئاینی نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان