دانا رەئووف
مرۆڤ کە دەکەوێتە رەوشێکی ترسناک و ئاڵۆز و چارەنووسازەوە، رووبەڕووی «من»ی راستەقینەی خۆی و ئهوانی تریش دەبێتەوە. من کێم و ئەوانی تر کێن؟ کێ بڕیار دەدات، کێ دەمێنێتەوە و کێ رادەکات، کێ هاوکار دەبێ و کێ خیانەت دەکات؟ لە هەندێک رەوش و بارودۆخدا، مڕرڤ دەبێت بهرگری لە خودی خۆی بکات، بە هێزەوە رووبەرووی هەڕەشەکان ببێتەوە، بەڵام لەبری ئەوە لە ترسی خۆی هیچی پێناکرێ و تەنیا دەبێتە تەماشاکار، یان خۆی دەشارێتەوە.
«ئینگمار بێرگمان» کە 1918– 2007 لە ساڵی 1968دا فیلمی «شەرمەزاری»ی دروستکرد، وەک پەرچەکردارێک وابوو، بۆ ئەو رەوتە کەلتورییە چەپەی سوید، کە بە پێداگرییەوە (بێرگمان)یان بەوە تاوانبار دەکرد و رەخنەیان لێ دەگرت، هەمیشە لە فیلمەکانیدا خەریکی بێدەنگی خودا و خۆی و تاووتوێکردنی خێزانە بورژوازییەکانی سوید و پەیوەندییەکانی ژن و پیاو و خیانەتی هاوسەرگیرییە و پشتی کردۆتە هەموو ئەو کێشانەی مرۆڤایەتی، لە شەڕو برسێتی و کارەساتەکانی تر، کە بەرۆکی گرتوون و هیچ هەڵوێستێکی نەک سیاسیی، بەڵکو مرۆیشی نییە.
فیلمەکە باسی ژن و مێردێک «یان و ئێڤا» دەکات، هەردووکیان هونەرمەندن و لە بواری مۆسیقادا کار دەکەن. ئەم ژن و پیاوە دەچنە دوورگەیەکی دوورە دەست، تا لەو شەڕە چاوەڕوانکراوە خۆیان بپارێزن و هاوکات خەریکی هونەر و عەشقەکەی خۆیان بن، بەڵام واقیعیەتی جەنگ دەیانگاتێ و هیچ کەسێک لە ئاگری جەنگ رزگاری نابێت. لەپڕ جەنگەکە بەسەر سەری ئەوانیشەوەیە و رزگار بوونیان نییە. لەم هەل و مەرجە تازەیەی شەڕەکە خوڵقاندوویەتی، پیاوەکە دەبێت بە کەسێکی تر، کە زیاتر له دەعبایەک دەچێت، نەک مرۆڤ و هەروەها هونەرمەند. خیانەت لە هاوڕێ و دراوسێکەیان دەکات، پشت دەکاتە ژنەکەی، سەربازێکی هەڵاتووی جەنگ دەکوژێت، تەنیا بۆئەوەی خۆی لە بەلەمێکی بچووکی ماسیگرەکاندا جێگای ببێتەوە، بۆ ئەوەی رابکات و دەربازی ببێت. بێرگمان لە فیلمەکەیدا هەوڵیداوە باسی ئەوەمان بۆ بکات، یان لەو «ئەگەرانە» بکۆڵێتەوە، جەنگ چی لە مرۆڤی ئاسایی دەکات، ئەو گۆڕانکارییانەیش چۆن و بە چ شێوەیەک روودەدەن.
«شەرمەزاری»، لەم دەق/نمایشەدا چەندین مانا لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە، بۆ ئهو هونهرمهندانه شهرمهزارییه کهسانی تر لهپێناوی ئهواندا شهڕ بکهن و ئهوان شهڕ نهکهن؟ له کاتێکدا مافی ئهوهشیان ههیه له ژیانێکی ئارام و ئاسووده دا، بێ کێشە بژین و بهردهوام بن. دیوێکی تری شهرمهزارییهکه پێوهندیی نێوان هونهرمهندهکان خۆیانه، وهکو ژن و پیاو سهبارهت به مامهڵهکردن لهگهڵ یهکتر.
بە شێوەیەکی گشتی و لەسەر ئاستێکی فراوانیش، ئەم شەرمەزارییە هەموومان دەگرێتەوە، بەتایبەتی لەو رووەوە، چۆن سەیری ئەو هەموو مرۆڤە دەکەین لە جیهاندا، کە لەنێو شەڕ و ئاژاوە و برسێتی و کارەسات و کاولکاریدا دەژین و بە ئاشکرا دەڵێن: ئەمانه کێشەی ئێمە نین و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و کێشەی کەسانی تر و وڵاتانی ترە، کە لە ئێمە نین و لە ئێمە ناچن و زۆر دوورن لێمانەوە.
«ماتیاس ئەندەرسۆن»، بەڕێوبەری هونەری شانۆی پادشایەتیی و یەکێک لەو دەرهێنەرە سویدییانەی، رۆڵێکی لەبەرچاوی لە شانۆی سویدیدا هەیە، ئەم فیلمەی لە ئامادەکردنێکی هۆشیارانەدا کردووە بە نمایشێکی شانۆیی.
ئەوەی ئەم دەرهێنەرە کاری لەسەر کردووە، بە تایبەتی لە دەروازەکانی فیلمەکەی بێرگمان-ەوە، ئەوەیە: «جەنگ یەکێکە لە قەیران و تەنگەژە مێژووییەکەی مرۆڤایەتی، هاوکات بنەمایەکی موڕاڵی ئابووری، کە لەسەر هەموو ئاستەکان کاریگەریی نێگەتیڤی بەسەر مرۆڤەوە هەیە.» لە فیلمەکەی (بێرگمان)دا، ئەم ژن و مێردە هونەرمەندی فیلهارمۆنیکان، بەڵام لە نمایشەکەدا دوو هونەرمەندی مامناوەندی مۆسیقای «پوپ»ی شکستخواردوون.
لەم نمایشەدا هەر وەک فیلمەکە، ئەم ژن و پیاوە پێکەوە دەژین، بێ ئەوەی بتوانن پێکەوە بدوێن؛ نە دەتوانن گرفتەکانییان لەنێو ماڵەکەیاندا چارەسەر بکەن، نە لەنێو کۆمەڵگەیشدا وەک دوو هونەرمەند هیچ کاریگەرییەکیان هەیە. لە وڵاتەکەدا بۆ چەند ساڵێکە جەنگێک بەرپابووە، ئەمانیش لە ژوورەوە تەنیا گوێیان لە دەنگە بێزارکەرەکەی ئاگادارکردنەوەیە بۆ خۆشاردنەوە، هەروەها بۆ رووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی جەنگەکەیش، بەڵام ئەوان هیچ بەلایانەوە گرینگ نییە، بۆ ئهوان گرنگ ئهوهیه شەڕەکە لە خۆیان دوور بێت. ئەم دوو کارەکتەرە هونەرمەندە، کە تەنیا پەیوەندییەکانی خۆیان و هونەرەکەیان لا مەبەستە، ئەمەیش بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر کەسی (بێرگمان) خۆی دەگرێتەوە، کە لە ژیانی روژانەی خۆیدا، جگە لە پێوهندییهکانی بە دنیای ژن و هونەرەکەیەوە، هیچ شتێکی تر بەلایەوە گرنگ نەبووە. سیاسەت و ئەوەی لە دنیادا دەگوزەرێ، لە جەنگ و برسێتی و سەرکوتکردنی گەلان و دیکتاتۆریەت، ئەوە کاری ئەو نەبووە و بۆ ئەو بەهایەکی ئەوتۆی نەبووە. ژنەکە دەیەوێت باسی «منداڵ» بکات، پیاوەکەیش ئەو گرنگییە بەو باسە نادات، لە هەواڵەکانی جەنگەکەیش خۆی دەدزێتەوە، بەهانەی ئەم پیاوەیش بۆ گرنگینەدان بەو جەنگە، کە رووبەڕووی هێزە چەکدارەکان دەبنەوە، ئەوەیە، ئەوان تەنیا مۆسیقاژەنێکن.
لە هەمانکاتدا کارەکتەری «یاکۆب»، کە دراوسێ و هاوڕێی ئەم ژن و پیاوەیە، له دهرفهتێکدا چاوبازی لەگەڵ ژنەکەی دەکات، بەڵام «یاکۆب» وردبینه و دەزانێ «جەنگ» مانای چی دەگەیەنێ و هەڵوێستی دیار و ئاشکرایە.
بێرگمان لە فیلمەکەیدا هەوڵیداوە باسی ئەوەمان بۆ بکات، جەنگ چی لە مرۆڤی ئاسایی دەکات. «شەرمەزاری» لەم دەق/نمایشەدا چەندین مانا لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە: بۆ ئهو هونهرمهندانه شهرمهزارییه کهسانی تر لهپێناوی ئهواندا شهڕ بکهن و ئهوان نهیکهن، له کاتێکدا مافی ئهوەیان ههیه له ژیانێکی ئارام و ئاسودهدا بێ کێشە بژین
لە دوا بەشی نمایشەکەدا، بەرجەستەی پروپاگەندەی لایەنەکەی تری جەنگەکە دەکات، بێ ئەوەی دوژمن هیچ ناوێکی دیاریکراوی هەبێت، بەمەیش قەیران و کێشەی جەنگەکە قووڵتر و بەهێزتر دەکاتەوە. بێرگمان بەردەوام لە فیلمەکەیدا کاری لەسەر ئەوە کردووە، هیچ لایەکی بەرەی شەڕەکە دیارنین و هەموو شتێک بە نادیاریی دەمێنێتەوە.
سینۆگرافیای نمایشــــــــەکە لە گرتــەیەکی فیلم دەچێت، سەرەتا مەتبەخی ماڵەکە، کە لە کاتی پێویستدا دەبێت بە دوو بەشەوە، پانتایی شانۆکە، کە پێویست بێ دەخولێتەوە، هەر وەک سووڕی ژیان رهوشی جەنگەکەمان بۆ بەرجەستە دەکات، لەپڕ ئاگر دەکەوێتەوە و پیانۆی ژن و پیاوەکە، کە سومبولی هونەرە گڕ دەگرێت. هەندێکجار پانتایی شانۆکە تەواو چۆڵ دەبێ و سەربازە دەمامکدارەکان هەموو شوێنەکان داگیر دەکەن.
ئەوەی چاوەرواننەکراو و ترسێنەرە، کە سەبازەکان دەمامکەکانیان لادەبن کوڕی زۆر گەنجن، هیچ شووناس و مۆرکێکی تایبەتیان نییە و بەوپەڕی توندوتیژییەوە رەفتار دەکەن و دەجووڵێنەوە.
ئەوەی لەم نمایشەدا گرنــــــــــگە، بنەمایەکی راستەوخۆی فیلمەکەی بێرگمان-یشە، ئەوەیە، مرۆڤ بێ پەروایە و هیچ شتێک لە خۆی زیاتر بەهای نییە، زانیارییەکان بەتەواوی ناگەن و خۆویستییەکی گەورە پانتایی هەموو شتەکان دەگرێتەوە. دنیاش لەولاوە زۆر سەخت و توندوتیژە و ناکرێ و ناتوانین لە هەموو شتێک بگەین، بەڵام مرۆڤ دەبێ لەم جیهانە ئاڵۆز و پڕ لە جەنگەدا بجووڵێت، پەرچەکرداری هەبێت و رووبەرووی نەهامەتییەکان ببێتەوە و رۆڵی خۆی بگێڕێت.
ژنەکە، لەم گێژاوی جەنگە نادیارەدا، لە دیالۆگی کۆتایی نمایشەکەدا دەڵێت: «هەموو شتێک وەک خەون وایە، خەونی کەسێکی تر، چەندە هاوار بکەین و هەوڵ بدەین، ناتوانین خۆمانی لێ رزگار بکەین و دەربازبین.» ئەمەیش ئەو هاوارەیە، ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە بۆچی ناتوانین کردارمان هەبێت، هەڵوێـــــست وهربگرین و رووبەرووی ئەم دۆزەخە ببینەوە.
ئەی ئەم پەرچەکردارە چی دەگەیەنێت، کۆمەڵگە بکەین بە سەربازگە، جەنگ ببێتە فۆرمێکی ژیان، خۆمان کۆبکەینەوە و بچینە بەرەکانی جەنگەوە، ژیانی خۆمان بکەینە قوربانی، بەڵام بۆچی و لە پێناوی چیدا؟
ئەم نمایشە جەخت لەسەر نائومێدییەکی گەورە دەکاتەوە، لەم نائومێدییەدا هیچ متمانەیەک نە بە ئاوەزی مرۆڤ و نە بە سیاسییەکان، وەک رێگاچارەیەک بۆ کێشەکان بۆ رێگریی لە جەنگەکان، بۆ وەستانی جەنگەکان، نامێنێت.