ستاند ئەپ کۆمیدیا، هونەری گاڵتەپێکردن و پەیوەندیی راستەوخۆیە لەگەڵ دڵی بینەران، ئەو هونەرە سەرنجڕاکێشەیە کە کەسێک بە تەنها، لەسەر ستەیجێک دەوەستێت و دەڕوانێتە چاوەکانت، بە دەنگێکی پڕ لە جۆش و خرۆش قسە دەکات و بە مۆنۆلۆگێکی پڕ لە گاڵتە و چیرۆکی کۆمیدی، دڵت داگیر دەکات. ئەمجۆرە کۆمیدیایە وەک پلاتفۆرمێکی سحراوی وەستاوە کە تێیدا کۆمیدیانەکان لە فێستیڤاڵەکان، یانەکانی شەوان، یان شانۆکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندیی لەگەڵ بینەران دروست دەکەن، زۆرجار بە گاڵتەیەکی زیرەکانە، یان تەنانەت بــــــــــە شێوەیەکی (ئیرتیجالی ـ ئیمپرۆڤایزیشن) پێشکەش دەکرێت. تایبەتمەندییە جەوهەرییەکانی ستاند ئەپ کۆمیدیا، وەک ئاوێنەیەکە ژیانی رۆژانە، کەموکورتییە کەسییەکان، یان تەنانەت کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە شێوەیەکی خەندەئامێز پیشان دەدات.
کۆمیدیانەکە* بە شێوەیەکی سروشتیی نائاسایی و گفتوگۆیەکی نزیک لە دڵ، قسە لەگەڵ بینەران دەکات، وەک ئەوەی هاوڕێیەکی نزیکت بێت کە لەسەر کورسییەک لە تەنیشتت دانیشتبێت. بابەتەکانی دەبێت زۆر کورت و چێژبەخــــــش بن، یان چیرۆکەکانی لە ژیانی کۆمیدیانەکە خۆیەوە سەرچاوەیان گرتبێت، ژانرەکانیشی جۆراوجۆربن وەک لە کۆمیدیای خۆکەمکردنەوەدا، کە پێشکەشکارەکە خۆی دەکاتە گاڵتەجاڕ، تــــــــا کۆمـــــــــیدیای سیاسیی، یان کۆمەڵگەکەی بە زیرەکیی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، یان کۆمیدیای سەرنجڕاکێش کە وردەکارییە بچووکەکانی ژیان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش دەردەخات. هەروەها میوزیکیش وەک هاوکارێکی ئەفسووناوی لەم هونەرەدا کاردەکات، زۆرجار وەک پردێکە لە نێوان گاڵتەکاندا کە جووڵە و وزە بە پێشکەشکردنەکە دەبەخشێت.
سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن: ستاند ئەپ کۆمیدیا، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا سەریهەڵدا، لەژێر کاریگەرییەکی زۆری ســــــــەرگەرمییەکانی وەک وۆدڤیل، موزیکی ئینگلیزیی هۆڵەکان و مۆنۆلۆگە کۆمیدییەکانی کەسانی وەک مارک تووین و چارڵز فارار براون، کە بە ناوی (ئارتەموس وارد) ناسراوە، وەک یەکەمین (ستاند ئەپ کۆمیدیان) لە مێژوودا. ئەو بە شێوەیەکی سادە و راستەوخۆ گاڵتەکانی پێشکەش دەکرد، بەمەش بناغەی ئەم هونەرەی دانا.
جیاوازیی ستاند ئەپ کۆمیدیا، لەگەڵ کۆمیدیای دیکەدا ئەوەیە، ئەم هونەری کۆمیدیایە وەک ستێرەیەکی بە تەنها لە ئاسمانی کۆمیدیادا دەدرەوشێتەوە، بە پێچەوانەی شانۆ، یان فیلمە کۆمیدییەکان کە پێویستیان بە چالاکیی زۆرە، چونکە تەنها پێویستی بە کۆمیدیانێکە کە مایکریفۆنێک و چەند گاڵتەیەکی زیرەکانەی هەبێت. ئەم جۆرە کۆمیدیایە زۆرجار لەسەر بنەمای ئەزموونە کەسییەکانی کۆمیدیانەکە دروست دەبێت، کە ئەمەش پەیوەندییەکی تایبەت و نزیک لەگەڵ بینەران دروست دەکات، وەک ئەوەی کۆمیدیانەکە دڵی خۆیت بۆ بکاتەوە.
ستاند ئەپ کۆمیدیا لە کوردستان هەنگاوەکانی جارێ لە سەرەتادان، هێشتا وەک شەپۆلێکی نوێ وایە بۆ کورد. هەرچەندە ئەم هونەرە هێشتا بە شێوەیەکی سەرەکیی پەرەی نەسەندووە، بەڵام لە (کەناڵی کوردسات) لە پڕۆگرامی (لفکە و لیرە)دا لە چەند ئەڵقەیەکی بەرنامەکەدا بڕگەیەک لەمجۆرە کۆمیدیەیان پێشکەش کردووە، هەروەها جگە لەمەش هەندێک کەســــــایەتی کۆمیـــــدیی بە شـــــــێوەیەکی گونـجاو لەگەڵ کەلتوری کوردا هەوڵی پێشکەشکردنی ئەمجۆرە کۆمیدیایە دەدەن. ئەوان بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی رۆژانە، یان گاڵتەیەکی سادە بە کار دەهێنن، بۆ ئەوەی بینەران بەرەو جیهانێکی پڕ لە خەندە ببەن. هەندێک کەس لە سۆشیال میدیا بە شێوەیەکی نزیک لە ستاند ئەپ کۆمیدیا، ماتریاڵەکانیان پێشکەش دەکەن، کە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گەشەکردنی ئەم هونەرە لە کوردستاندا سەیر دەکرێت. ستاند ئەپ کۆمیدیا، هونەری خەندەو تێفکرینەو بە تەنها گاڵتەپێکردن نییە، بەڵکو هونەرێکە دڵەکان بە یەکەوە دەبەستێت، کۆمەڵگە دەخاتە ژێر پرسیارەوەو ژیان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش پیشان دەدات. لە کوردستانیش ئەم هونەرە دەتوانێت وەک ئاوێنەیەک بێت کە کەلتور و ژیانی رۆژانەی کوردەکان بە شێوەیەکی جوان و خەندەئامێز پیشان بدات، ئەگەر بە شێوەیەکی دروست پەرەی پێ بدرێت. لە کۆتاییدا ستاند ئەپ کۆمیدیا، وەک پلاتفۆرمێکە کۆمیدیانەکان دەتوانن لە رێگەیەوە دەنگی خۆیان بە جیهان بگەیەنن و بینەرانیش لە نێو خەندەیەکی شیریندا بهێڵنەوە، بۆئەوەی کەمێک لە سەختییەکانی ژیان لەیاد بکەن.
تێبینی/ کۆمیدیان واتا ئەوکەسەی رۆڵە کۆمیدییەکە دەگێڕێت