شوان عەباس بەدری
وەک هەمیشە نوری مۆمەکەی سەر مێزی نێو ژوورە تاریک و شێدارەکەم سەمای دەکرد و لە پشت پەنجەرەیەکی شوشە شـــــــکاوی بە تەختە گیراوی موخۆرکە لێدراو، بە دوو چاوی سوور و لە گلێنە دەرهاتووەوە، لە بەینی تەختە کون کونەکانەوە دەمڕوانییە دەرەوەی ژوورەکە، بێ دەنگییەکی سەمەرە باڵی بە سەر ژوورەکەمدا کێشا بوو، منیش لە ناو چاوەڕوانییەکی سامناکدا چرکە بە چرکەی ژیانم بەسەر دەبرد.
بارانێکی بەخوڕ دەباری و ئاوی باران لە ســـــــەقفە داریــــنەکەی ناو دەروونمەوە دڵۆپەی دەکرد و مێشکمی هەژاندبوو!
بیرم دەکردەوە، بە بێ ئەوەی بزانم بیر لە چی دەکەمەوە و مەشغوڵی چیم و چاوەڕوانی چیم، رۆچووبوومە ناو بیر و خەیاڵێکی قووڵەوە، بیر و خەیاڵێک قووڵتر لە خەمەکانم و فراوانتر لە سییە رەشهەڵگەڕاوە وێرانەکانم، بەدەست جگەرەوە!
شەقامەکە چۆڵ و قوڕاوی و وێران بوو، هەر وەک ژیان و تەمەنی بەباچووم، چاوەکانم زیاتر ورد کرد تا بەشکۆ کەسێک ببینم و بە خۆم بڵێم: مژدەت لێبێت هێشتا لە ناو جیهانی زیندووەکانی و نەمردووی!
لە پڕ چەند دەنگێکی جیاوازم بەر گوێ کەوت، دەنگی مناڵێ بوو دەگریا و دەنگی ژنێ کە دەگریا و دەنگی پیاوێ کە دەگریا و دەنگی سەگێ کە دەگریا و دەنگی بەرازێک کە پێدەکەنی ...... هەموو دەنگە پاکەکان دەنگی گریان بوون و دەنگی باران!
لەناکاو لەسەر سوچی شەقامە قوڕاوی و پڕ لە لیتەکە پیرەمێردێکی گۆچان بەدەستم بینی، هێدی هێدی و لەســــەرخۆ هەنــگاوی دەنا و پاڵتۆیەکی شڕە و پانتۆڵێکی دڕاوی لەبەردا بوو، چەند کتێبێکی تەڕی لە ژێر باخەڵیا دانابوو.
بە دیار روانین لە پیرەمێردەکەوە ناخودئاگا دەستم بەرەو پاکەتی جگەرەکەم درێژ کرد و جگەرەیەکم دەرهێنا و دامگیرساند، تا دەهات باران بارین تووندتر دەبوو، دڵۆپەی بن مێچی دەروونە قوڕاوییەکەی منیش زیاتر و دەنگی گریانەکانیش فراوانتر دەبوون. منیش بە دوای ئاوێنەیەکدا دەگەڕام تا خۆمی تێدا بدۆزمەوە!