ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی بەشێوەیەکی بەرفراوان بەدوای بەڵێندەراندا دەگەڕێت بۆ دروستکردنی سیستمی بەرگریی «گۆڵدن دۆم»، بەوەش دەیەوێت لایەنێکی نوێ بدۆزێتەوە بۆئەوەی شوێنی کۆمپانیای «سپەیس ئێکس»ی ئیلۆن مەسك بگرێتەوە.
ترەمپ و مەسك لە چەند مانگی رابردوودا کێشە و ناکۆکیی زۆریان لەنێواندا دروستبوو، مەسك بە ئاشکرا دژی یاسا نوێیەکانی سەرەتای سەرۆکایەتیی ئەمساڵی دۆناڵد ترەمپ وەستایەوە. لە بەرامبەریشدا ترەمپ، مەسکی تۆمەتبارکرد بەوەی سوودی زیادەڕۆ و زۆری لە یارمەتییە فیدراڵییەکان وەرگرتووە و هەڕەشەی لێسەندنەوەی گرێبەستە حکومییەکانی لە کۆمپانیای سپەیس ئێکس کرد.
کۆمپانیای «سپەیس ئێکس» لە رێگەی سیستمی مانگە دەستکردەکانی ستارلینک و ستارشیڵد، رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە سیستمی بەرگریی ئەمریکادا، چاوەڕوانیش دەکرا پێکهاتە سەرەکییەکانی «گۆڵدن دۆم» دروستبکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، پێدەچێت مەسك و کۆمپانیاکەی لەو پرۆژەیە دوربخرێنەوە.
کوردستانی نوێ