بانكی ناوەندیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرایکرد، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا، 20 ملیار و 980 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی زیادكردنی ئاشكراوە فرۆشتووە، مامۆستایەكی زانكۆش دەڵێت: هیچ كاتێك بەهای دۆلار ناگاتە ئەو نرخەی، كە بانكی ناوەندیی عیراق دیاریكردووە.
بەهای دۆلار و بازاڕی رەش
د.كامەران قادر مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی ئابووری بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هۆكاری ئەوەی بەهای دۆلار دانابەزێت بۆ نرخی رەسمیی بانكی ناوەندیی عیراق ئەوەیە ئێستا بە حەواڵەی جیهانی دۆلار دەفرۆشرێت و ئەو نرخە رەسمییەش تێچووی هەیە و نرخی (100) دۆلار (138) هەزار دینار دەكەوێت، ئەگەر بەهای دۆلار بۆ خوار ئەو نرخەی هەیە دابەزێت لە بازاڕی رەشدا ئەوا بازرگانەكان ناچن بە رەسمی دۆلار بكڕن، بەڵكو لە بازاڕەكاندا بە هەرزان دەیكڕن و دەچن لە حەواڵە ناڕەسمییەكانەوە دۆلارەكان حەواڵە دەكەن، ئەگەر لە حەواڵەی ناڕەسمی خواست لەسەر دۆلار زیادبكات ئەوا بەهای دۆلار جارێكیتر گران دەبێتەوە.
وتیشی: هۆكاری دابەزینی بەهای دۆلار لەئێستادا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بازرگانان بەشێوەیەكی رەسمی لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە مامەڵە دەكەن و بە نرخێكی هەرزان وەریدەگرن، كە (132) هەزار دینارە، بەڵام بەهۆی خەرجیی حەواڵەوە نرخەكەی دەبێت بە (138) هەزار دینار.
بەهای دۆلار ناگاتە نرخی رەسمی
باسی لەوەشکرد، هیچ كاتێك بەهای دۆلار ناگاتە ئەو نرخەی بانكی ناوەندیی عیراق دایناوە، كە (132) هەزار دینارە، تەنها لە حاڵەتێكدا دەبێت بەو نرخە، كە بانكی ناوەندی (100) دۆلار بگۆڕێتەوە بە (125) هەزار دینار، ئەوكاتە بەهاكەی دادەبەزێت بۆ (132) هەزار دینار، چونكە نە ئەمریكا و نە عیراقیش لەگەڵ ئەوەدانین دۆلار بفرۆشرێت بەو شێوەیە و ئەگەر هاتوو كەسێك بڕێك دۆلاری بوێت بە هەر مەبەستێك بێت بۆ نموونە سەردانی دەرەوەی وڵات، ئەوا بانكی ناوەندی بە بەهای رەسمی پێیدەدات و بەرنامەكەش وایە و لەداهاتوودا وایلێدێت ئەگەر بۆیان جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئێستا ترسێك هەیە نرخی نەوت ئاوا بە نزمی بمێنێتەوە یان زیاتر دابەزێت، ئەوكاتە ترسێك لەسەر دۆلاریش دەبێت.
فاكتەرەكانی دابەزینی نرخی دۆلار
د.جەبار گۆران مامۆستای زانکۆ و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی شاری سلێمانی بە كوردستانی نوێ-ی وت: هۆكاری دابەزینی بەهای دۆلار بۆ سێ فاكتەری سەرەكی دەگەڕێتەوە، كە ئەوانیش، كەمی پێویستیی نەختینەیی دینار هەم لە بازاڕەكان و هەم لە بانكەكان، ئەمەش خواستێكی زۆری لەسەر دیناری عیراقی دروستكردووە، کە بەگوێرەی لێدوانی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق، پارەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ دابینكردنی پابەندبوونەكانی خۆیان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، تایبەتمەندیی بازاڕیش بریتییە لە خواست و خستنەڕوو، كە خستنەڕوو كەم بوو خواست لەسەری زیاد دەكات. فاکتەرێکی دیکەش ئەوەیە حەواڵەی جیهانی بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر خێراتر بووە، لە زووترین كاتدا حەواڵەكان دەگەنە شوێنی خۆیان، ئەمەش وایكردووە زۆربەی بازرگانەكان لە رێگەی بانكەوە حەواڵە بكەن. هەروەها بە بۆچوونی من هۆكاری سەرەكی ئەوەیە هەندێك لە بانكەكان و بازرگانەكان زیاد لە پێویستیی خۆیان حەواڵە دەكەن، بۆ نموونە كەسێك پێویستی بە (100) هەزار دۆلارە، بەڵام دەچێت (200) هەزار دۆلار حەواڵە دەكات بە هەندێك رێگەی تایبەت بە خۆیان، ئەو (100) هەزارەی دەمێنێتەوە جارێكی دیکە لە رێگەیەكی دیکەوە داخڵی ناوخۆی عیراقی دەكاتەوە و لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراودا دەیفرۆشێت، كە ئەم پرۆسەیە لەئێستادا بۆتە جۆرێك لە بازرگانی و رۆژانە دووبارەدەبێتەوە.
بەهای دۆلار و مووچەی فەرمانبەران
وتیشی: فاکتەرێکی دیکە پەیوەندی بە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەیە، چونكە قەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕەكەی زۆر زۆرە و مانگانە ئەو پارەیە نایەتە بازاڕەكانەوە، كە ئەو پارەیە نەیەتە بازاڕەوە، ئەمەش هەم لەسەرئاستی بانكەكان و هەم لەسەر ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەم لەسەرئاستی ئاڵوگۆڕی بازاڕەكانی دراو كورتهێنانی دینار دەبێت، كە كورتهێنانیش هەبێت خواست لەسەری زیاددەكات، پێشبینی دەكەم ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و عیراق دابەشبكرێت رەنگە بەهای دۆلار بەرزبوونەوەیەك تۆماربكات، بەڵام ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زیاتر دوابكەوێت لەوانەیە بەهاکەی هەرزانتر ببێت.
هەروەها جەختی لەوەكردەوە، بۆئەوەی حەواڵەی دەرەكی لە رێگەی بانكەكانەوە پاشەكشێ نەكات، هیچ كاتێك بەهای دۆلار لە بازاڕدا ناگاتە نرخی رەسمیی بانكی ناوەندیی عیراق.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم