وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم ئیدانەی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دەکات

06:24 - 2025-07-26
کوردستان
42 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دەکات سەبارەت بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردە، بەداخەوە، بە بڕیاری ژمارە (6496)ی رۆژی 16ی تەمموزی 2025ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، کە ئاراستەی زانکۆکانی موسڵ، کەرکوک و دیالەی کردووە، فەرمانیکردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی.

وەزارەتی رۆشنبیری جەختیکردەوە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، کە بە گوێرەی ماددەی (4) و بڕگەی یەکەمی دەستوری هەمیشەیی عیراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی رەسمیی وڵاتە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2014ی تایبەت بە زمانە فەرمییەکانی عیراقە، کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراق بڵاوکراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا بە روونی ئاماژە بەوە کراوە کە زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی فەرمین لە عیراقدا.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان داوا لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عیراق دەکات، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان