د.سەعدون حسێن ئەحمەد
عەلی سامی بەگ، کوڕی جێگری والی ویلایەتی (ئەدیرنە)یە بە ناوی (ئەحمەد فائز بەرزنجی)، دیارە ئەوکات باوکی جێگری والی ویلایەتی (ئەدیرنە) بووە لە ئەنادۆڵ، (هەرچەندە لە ژیانینامەی ئەحمەد فائیزدا ئاماژە بەوە نەکراوە ئەو ئەرکەی بینیبێت.) ناوبراو لە بنەماڵەی سەییدەکانە و بە رەچەڵەک دەچێتەوە سەر ئیمام (حسێن).
بە پێی ناسنامەکەی لە ساڵی 1882 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی، لە قوتابخانەی (روشدیەی مولکیە) لە شاری موسڵ هەتا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە، ئەوکات باوکی فەرمانبەری دەوڵەت بووە لە موسڵ، بۆیە لەگەڵ گواستنەوەی ئەرکەکەی باوکی، ئەویش ناچار بووە واز لە قوتابخانە بهێنێت. ناوبراو جگە لە زمانی دایک زمانەکانی تورکی و عەرەبی بەباشی زانیووە.
لە 13/11/1892بەشێوەی دەرەکی بۆتە مامۆستای مەدرەسەی نا فەرمی، دوای چەند مانگێک لە هەمان ساڵدا، بەشێوەی گرێبەست، بۆتە کارمەند لە فەرمانگەی ئەنجومەنی شورای دەوڵەت، لە مانگی11/1902 بڕی 20 قروش بۆ مووچەکەی زیادکراوە. لە ساڵی 1905 کراوە بە کارمەندی فەرمی ئەنجومەنی شورا، هەتا ساڵی1908 لە ئەرکەکەی بەردەوامبووە. لەو ماوەیەدا چەندجارێک پلەی بەرزکراوەتەوە و سەرمووچەی بۆ زیاد کراوە، بەڵام لە 1/9/1908 بە هۆکاری رێکخستنەوەی میلاکات، لە ئەرکەکەی دووردەخرێتەوە.
لە ساڵی 1906 نازناوی سەر ناسنامەکەی پشتڕاستکراوەتەوە، لەلایەن نەقیبی ئەوکاتی شاری سلێمانی کە ناوی (سەید ئەحمەد بەرزنجی) بووە (سەید ئەحمەدی نەقیب) بەوەی کە ناوبراو لە سەییدەکانی بەرزنجەیە و شەجەرەکەی راست و دروستە، هەر لەهەمان ساڵدا نیشانی تایبەتی دەوڵەتی پێدراوە.
لە 19/6/1908 بە مووچەی 500 قروش کراوە بە کارمەندی شارەوانی، دوای ساڵێک بە هۆکاری رێکخستنەوەی میلاکاتی شارەوانی، لە ئەرکەکەی دووردەخرێتەوە، بەڵام مووچەکەی بۆ خەرج دەکرێت هەتا کاتی دەستبەکاربوونی لە ئەرکێکی نوێ.
ئەم ژیاننامەیە لەلایەن فەرمانگەی باری کەسییەوە پشتڕاستکراوەتەوە، لە دۆسیەی کەسیی ناوبراویشدا پارێزراوە.