شەهید كاروان خەزاڵی

11:01 - 2025-07-28
ڕاپۆرت
81 جار خوێندراوەتەوە

شەهید، خەزاڵی عەلی وسو ئەحمەد، ناسراو بە كاروان، لە ساڵی 1969 لە خێزانێكی كوردپەروەری عەشیرەتی باڵەك-ی ناحیەی قەسرێی قەزای چۆمانی سەربە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە.
پێشمەرگەیەكی ئازا و چاونەترسی ی.ن.ك بووە و بەشداریی چەندین نەبەردی كردووە.
دوای ئاشتەوایی نێوان لایەنەكانی كوردستان و بەتایبەتیش یەكێتی و پارتی، یەكێك بوو لە پێشمەرگەكانی ئەو هێزەی یەكێتی كە چوونە بادینان لە ساڵی 1986دا.
بەهۆی ئەوەی ماڵی باوكی لەناو ئاوارەكانی كۆمەڵگەی (كۆڕێن گاوانا) بووە لە ناحیەی زاوێتەی پارێزگای دهۆك، چالاكانە لەوێ گەشەی بە رێكخستنەكانی یەكێتی دەدا.
لەوبارەیەوە، سەلام لیناڤەیی پێشمەرگەی دێرین و هاوڕێی شەهید كاروان، دەڵێت: لە ساڵی 1986 كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزەكانی بە چەند قۆناغێك گەڕاندەوە بۆ بادینان، شەهید كاروان یەكێك بوو لە پێشمەرگەکانی ئەو هێزە و لە نزیكەوە ناسیم، دوای كردنەوەی مەڵبەندی چوار و دامەزراندنی كۆمیتەكان، من و شەهید كاروان پێكەوە لە كۆمیتەی رێكخستنی دهۆك درێژەمان بە پێشمەرگایەتی دا.
وتیشی: شەهید كاروان پێشمەرگەیەكی زۆر ئازا و دڵسۆز بوو، توانیی لە زۆر بواردا ئەركی گەورە بگرێتە ئەستۆ، بەتایبەتی ئەركی رێكخستن لەنێو ئاوارەكانی كۆمەڵگەی (كۆرێن گاوانا) و زۆربەی ئاوارەكانی هێنایە ناو رێكخستنەكانی یەكێتییەوە، ئێمەش زۆر سوودمان لەو خەڵكە دەبینی، بەتایبەتی لە دابینكردنی ئازوقە و پێداویستیی جۆراوجۆر، ئەوان پێداویستییەكانیان لە كۆمەڵگەی (كۆرێن گاوانا)وە كۆدەكردەوە و لە جێگەیەك دەیانشاردەوە، ئێمەش كە بارەگامان لە گوندی (كەمەكا)ی ئەو سنوورە بوو، لە شەودا بەنهێنی دەچووین کەرەستەکانمان دەگواستنەوە، هەموو ئەو كارانەش لە رێگەی شەهید كاروانەوە جێبەجێ دەكران.
ئەو هاوڕێیەی شەهید كاروان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەڵێت: كاروان پێشمەرگەیەكی زۆر پشوودرێژ و چالاك و بوێر بوو، لە زۆربەی چالاكییە پارتیزانییەکاندا لە دەڤەری بادینان، بەشداریی كاریگەری هەبوو، بەڵام لە ئەنفالدا لە یەكتری دابڕاین، ساڵی 1989 لە گوندی (ئالاتان)ی رۆهەڵاتی كوردستان بینیمەوە، ئەوەش دوا دیدار بوو و ئیتر نەمبینییەوە.
ماوەتەوە بڵێین: شەهید كاروان بەشدارییەكی كارای راپەڕینی ساڵی 1991ی كردووە و رۆژی 21/3/1991 لە رزگاركردنی شاری كەركوكدا بە سەختی برینداركرا، رۆژی 4/4/1991 بەهۆی ئەو برینەوە، شەهید بوو.
ئامادەکردنی: ئەیاز هەركی 

بابەتە پەیوەندیدارەکان