مامۆستا جەعفەر*
يا بدرُ علوّا و ضياءً و کمالا
فالغصنُ معَ الأَصلِ اِلی فَرعِک مالا
ئەم بەیتە بە هەڵە نووسراوە! بە هەڵەش راڤەكاریی بۆ كراوە. مامۆستا مەسعود محەمەدیش لە كتێبی (دەستەودامانی نالی) لەگەڵ شیكاری و بۆچوونەكانی مامۆستا مەلا عەبدولكەریم و كوڕەكانی دا هاوڕا نییە.
كێشەكە وشەی (الأصل) دروستی کردووە: ئەگەر لە بری (الأصل) بنووسرایە (الأصیل) هیچ گرێكوێرەیەك بەرۆكی تێگەیشتنی بەیتەكەی نەدەگرت:
يا بدرُ علوّا و ضياءً و کمالا
فالغصنُ معَ الأَصلِ اِلی فَرعِک مالا
لە زمانی عەرەبی دا (كالغصن مع الأصیل مائل) باوە و وەكو ئیدیۆم بەكاردێت. مەبەستیش ئەوەیە چڵی دارێك ئەگەر بەری زۆری گرت، لار دەبێتەوە. كەسێكی، رەسەن، خانەدان، نولین، چەند دەوڵەمەندتر بێت، ئەوەندە بەخشندە و لێبوردە دەبێت. بێگومان ئەم ئیدیۆمە لەگەڵ تیۆری (خەباتی چیناتی) یەكناگرێتەوە.
وإن كريم الأصل كالغصن
كلما تحمل أثمارا تواضع وإنحنى
لە زمانی عەرەبی دا (الأصیل) یان (عند الأصیل) كاتی خۆر ئاوابوون: زەردەپەڕی ئێواران. ئێمە ئەم مانایە جارێ پشتگوێ دەخەین، چونكە ئاماژەكەی نالی روونە.
نالی دەڵێت: ئەی رووی درەوشاوەی مانگ، بەرزتر و گەشاوەتر و باڵاتر بە. ئەو چڵەی بەرێكی زۆری پێوەیە، بە لای لقەكەی تۆ دا دەچەمێتەوە.
گریمان خوێندنەوە و رێنووسی مامۆستا مەلا عەبدولكەریم پێكاویەتی: (الأصل) لەبری (الأصیل) دابنرێت! چڵ و رەسەنەكەی (قمت)ەكەی بەلای لقەكەدا چەمانەوە، پەڵەیەك لە تەمومژی تێنەگەیشتن بەرچاوان لێڵ بكات.
* ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN