بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێك ڤایرۆسەوە، چەند ساڵێكە جووتیارانی سنووری سەیدسادق، زیانی زۆریان پێدەگات و بەرهەمی كاڵەك و شووتییان وەك پێویست نییە، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزووریش دەڵێت: ئەمساڵیش ڤایرۆسەكە زیانی زۆری بە جووتیارانی سنوورەكە گەیاندووە.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، فەرەیدون قادر بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور، ئاماژە بە هۆكاری سەرەكیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكات و رایدەگەیەنێت: گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵی، هۆكارێكی سەرەكیی دەركەوتنی ئەو جۆرە ڤایرۆسەن و بەهۆیەوە كاڵەك و شووتی لە سنوورەكەدا وەك پێویست نییە و جووتیاران زیانی زۆریان بەركەوتووە. وتیشی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زۆر خێرایە و وادەكات كاڵەك و شووتی تەواوی ئەو كێڵگانە بە كەڵكی خواردن نایەن و جووتیاران بەناچاری بەجێیدەهێڵن و بۆ هیچ شتێك سوودی لێنابینن.
هەر سەبارەت بەو باسە، نامیق ئەحمەد جووتیاری نموونەیی لە سنووری سەیدسادق، پێیوتین: بەهۆی ئەو جۆرە ڤایرۆسەوە، زیاتر لە 37 ملیۆن دینار زیانم بەركەوتووە و هەرچی كاڵەك و شووتیم هەیە كەڵكی خواردنی نییە، بۆیە داواكارین لە لایەنی پەیوەندیدار هاوكار و پشتیوانی جووتیاران بن و كاری جددی بكەن بۆ دەستنیشانكردنی هۆكاری ئافاتە كشتوكاڵییەكان كە ساڵانە زیانی زۆر بە جووتیاران دەگات.
شارەزوور، محەمەد عەبدولڕەحمان