ئەڵمانیا نیگەرانە لە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد بۆ كەمكردنەوەی هێزی كاری مرۆیی

10:59 - 2025-07-30
ئابووری
11 جار خوێندراوەتەوە
مەترسییەكە لەوەدایە، زیرەكیی دەستكرد شوێنی كار بگۆڕێت بۆ پانتاییەكی نامرۆیی

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

 

لە ئەڵمانیا رۆڵی زیرەكیی دەستكرد لە ناو كۆمپانیاكاندا روو لە هەڵكشانە و نیگەرانییەكانیش لەبارەی ئەو دۆخەوە رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات، سەندیكا كرێكارییەكانی ئەڵمانیا زەنگی مەترسییان لێدا لەبارەی رۆڵی زیرەكیی دەستكردەوە لە كەمكردنەوەی هێزی كاری مرۆیی و گۆڕینی شوێنی كار بۆ پانتاییەكی نامرۆیی.
سەرهەڵدانی زیرەكیی دەستكرد وایكردووە سەرجەم كۆمپانیاكان پەلە بكەن لە گۆڕینی سیستمی كار و پرۆسەی بەرهەمهێنان بە ئاڕاستەی بەئۆتۆماتیككردن، بە هیوای گەیشتن بە كەمترین تێچوون، واتە زۆرترین قازانج، كە هزرێكی سەرمایەدارانەیە و لەگەڵ هزری سۆشیال دیموكراتدا ناگونجێت، هەر لەبەر ئەوە دەنگە ناڕازییەكانیش روو لە زیادبوونن دژی ئەو ئاڕاستەیە و داوا دەكەن داهێنان و تەكنۆلۆژیای نوێ نەبێتە بیانوو بۆ كەمكردنەوەی تێچوونی بەرهەم لەسەر حسابی هێزی كاری مرۆیی.

نابێ ئامانجەكە كەمكردنەوەی تێچوون بێت
یاسەمین فەهیمی سەرۆكی یەكێتیی سەندیكا كرێكارییەكانی ئەڵمانیا هۆشداریی دا لە بارەی بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بۆ كەمكردنەوەی كرێكار و كارمەند و لەو بارەیەشەوە رایگەیاند: نابێ ئامانج لە بەكارهێنانی ئەم تەكنۆلۆژیا نوێیە كەمكردنەوەی تێچوونی بەرهەم بێت لە رێگەی كەمكردنەوەی كارمەندەوە، بەڵكو دەبێ بۆ داهێنان لە نموونەی كاردا بەكار بهێنرێت.
خاتوو فەهیمی ئاماژەی بەوەشكرد، راپرسییەكان دەریانخستووە، كۆمپانیاكان گریمانەی ئەوەیان كردووە، لە داهاتوودا دەتوانن بەهۆی زیرەكیی دەستكردەوە كارمەندەكانیان بە رێژەی بەرچاو كەم بكەنەوە، ئەمەش جێگەی نیگەرانییە. یاسەمین فەهیمی جەختی كردەوە، پێویستە كۆمپانیاكان لە جیاتی ئەوە زیرەكیی دەستكرد بۆ بەرزكردنەوەی نرخی كار و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە بەكار بهێنن، كە كادری تەكنیكیی پسپۆڕییان كەمە.

ئەوانەی وا بیر دەكەنەوە شكست دەهێنن
ئەندریاس هان، سەرۆكی ئەنجومەنی كرێكارانی ئەوروپا لە كۆمپانیای (ساب)ی ئۆتۆمبێل تایبەت بە بەرنامەڕێژیی لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئەو كۆمپانیایانەی لە پلانیاندایە هەمان بڕی بەرهەم پێشكەش بكەن، بە سەرچاوەی هێزی كاری كەمتر، لە داهاتوودا توانای كێبڕكێیان نابێت و شكست دەهێنن، لەبەر ئەوەی كۆمپانیا ركابەرەكانیان هێزی مرۆیی كەم ناكەنەوە و بڕی بەرهەم و كوالێتی باشتریش لە كەمترین ماوەدا زیاد دەكەن، ئەویش بە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد، بە واتایەكی دیكە، زیرەكیی دەستكرد بۆ زیادكردنی بەرهەم و بەرزكردنەوەی كوالێتی بەكار دەهێنن، نەك بۆ كەمكردنەوەی هێزی كاری مرۆیی.
ئەڵمانیا، لە رووی ئابوورییەوە هێزی یەكەمە لە ئەوروپادا، لەگەڵ ئەوەشدا لەم چەند ساڵەی دواییدا رووبەڕووی كۆمەڵێك كێشەی ئابووری بۆتەوە، كە دیارترینیان ململانێی پیشەسازییە لەگەڵ چین و بە تایبەتیش پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و بەرەنگاربوونەوەی تاریفە گومرگییە زۆر و زەوەندەكانی ئەمریكا و دیاردەی هەڵاوسان و كێشەی كەمیی سووتەمەنی و زۆربوونی خەرجییە سەربازییەكان و زۆر كێشەی دیكەش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدات لە رووی ئابوورییەوە لە پلەی یەكەمدا بمێنێتەوە.

سەرچاوە: سكای نیوز، ئەلعەرەبییە بزنس

بابەتە پەیوەندیدارەکان