عیراق، شاری زێڕی نێودەوڵەتیی لە بەغدا دروستدەكات

11:01 - 2025-07-30
ئابووری
28 جار خوێندراوەتەوە
پرۆژەی شاری زێڕ، بۆ پشتیوانییە لە کەرتی تایبەت

ئا: شاتوو كەریم

لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی بازرگانیی عیراق رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی شاری زێڕی نێودەوڵەتی لە بەغدا راگەیاند، شاری زێڕ هەریەك لە یەكە پیشەسازییە تایبەتمەندەكان و سەنتەری راهێنان و ئاڵوگۆڕی زێڕ و زێڕینگەریی لەخۆ دەگرێت، پرۆژەكە لەگەڵ ئامانجەكانی بەرنامەی حكومەت هاوتەریبە بۆ پاڵپشتیكردنی گەشەپێدانی پیشەسازی و رەخساندنی هەلی كار.
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بازرگانی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجومەنی وەزاری ئابووری ئەو پێشنیازەی پەسەندكرد، كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە پێشكەشكرابوو بۆ دامەزراندنی شاری زێڕی نێودەوڵەتی لە بەغدا، ئەمەش هەنگاوێكی ستراتیژییە بە ئامانجی بەنیشتمانیكردنی پیشەسازیی زێڕ و زێڕینگەریی لە ناوخۆی عیراق و بەرزكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، پرۆژەكە نوێنەرایەتی گۆڕانكارییەكی چۆنایەتی دەكات لە گەشەپێدانی پیشەسازییە نیشتمانییەكاندا، هاوكات ئاماژەی بەوەشكردووە، شارەكە سیستمێكی یەكگرتوو لەخۆدەگرێت كە یەكە پیشەسازییە تایبەتمەندەكان و سەنتەری راهێنانی پێشكەوتوو بۆ زێڕینگەریی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان لەخۆدەگرێت. 
ریاز فاخر ئەلهاشمی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پەیوەندییە ئابوورییەكانی دەرەوە روونیكردەوە، كە ئامانجی پرۆژەكە پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و فراوانكردنی بەشداریكردنە لە ئابووریی نیشتمانیدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، شارەكە لە چوارچێوەی شاری ئابووریی یەكگرتوو لە بەغدا دادەمەزرێت، كە بەشداریی دەكات لە گۆڕینی پایتەخت بۆ ناوەندێكی پیشەسازی و بازرگانی زێڕ لە ناوچەكەدا، هەروەها وەزارەتی بازرگانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی دەستیكردووە بە تەواوكردنی مەرجەكانی تەرخانكردنی زەوی و دەركردنی مۆڵەتی وەبەرهێنان، وەك ئامادەكارییەك بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
سەرچاوە: العربیە

بابەتە پەیوەندیدارەکان