مومتاز حەیدەری گۆڤاری (دەقی مێژوویی) دەردەكات

11:19 - 2025-07-30
هەمەرەنگ
29 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە لەماوەیەكی نزیكدا گۆڤارێكی وەرزیی لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووس (مومتاز حەیدەری)یەوە بە ناوی (دەقی مێژوویی) بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی دەربچێت.
 لەوبارەیەوە د. ئەحمەد حەمەدئەمین راوێژكاری مێژوویی گۆڤارەكە بە دوالاپەڕەی وت: ئەو گۆڤارە بیرۆكە و هەوڵێكی تازەی مامۆستا (مومتاز حەیدەری)یە كە ئامانجی سەرەكی لەدەركردنی زیندووكردنەوەی دەق و بەڵگەنامەی مێژووییەكانە وەكو دەقی مێژووی زۆر كۆن بۆ نموونە لە بواری رۆژنامەگەریی كوردیدا.
وتیشی: بڕیاری ئەوەیان داوە كە دەقە بڵاوكراوەكان لە گۆڤارەكە تەمەنیان لە 50 ساڵ كەمتر نەبێت، بۆیە هیوادارین بتوانین لە چوارچێوەی ئەو ئامانجە سەرەكییەی هەمانە كە بریتییە لە زیندووكردنەوەی دەقی كۆن بپێكین، داواش لە نووسەران و رۆشنبیرانی كوردستان دەكەین هاوكارمان بن بە ناردنی بابەت و دۆزینەوەی دەق. گۆڤارەكە سەربەخۆیە و هیچ دەزگا و لایەنێكی حزبی یا حكومی و رێكخراوەیی پاڵپشتی ناكات، بەڵكو مامۆستا مومتاز حەیدەری خۆی پاڵپشتی ماددی دەكات و خۆشی خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەرەكەی دەبێت، ژمارەیەك خەڵكی دیكەش لەناو ستافەكە دەبن، دوای ئەوەی مۆڵەتی رەسمی بۆ گۆڤارەكە لە سەندیكای رۆژنامەنووسانیش بۆ وەرگیرا، ئێستا كار لەسەر ئامادەكردنی ژمارە 1 ی دەكرێت، تەنها كار لەسەر مێژووی شاری هەولێر و كوردستانیش ناكەین، بەڵكو رەنگە ئەگەر دەقێكی مێژوویی پەیوەست بە وڵاتانی دەورووبەر یا جیهانیش كە گرنگ بێت، ئێمە بڵاویبكەینەوە.
د. ئەحمەد باسی لەوەشكرد كە هۆكاری وەرگرتنی مۆڵەت بۆ گۆڤارەكە بۆ ماوەی یەك ساڵ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەچوارچێوەی كاری یاسایی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە هەموو كارێكی رۆژنامەوانی كە دەستپێدەكات بۆ ماوەی یەك ساڵ لەژێر ئەزمووندا دەبێت، دواتر دەتوانرێت بەردەوامیی پێبدرێت.
هەولێر – رەوەست نەوزاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان