ناهید راچلین، رۆماننووسی ئەمریكی بە رەچەڵەك ئێرانی، یەكێكە لە نووسەرە هەرە دیارەكانی ئێران لە تاراوگە كە بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێت. زۆربەی ناوەڕۆكی رۆمانەكانی ناهید، لەبارەی رۆحی پارچە پارچەكراوی شوناس و ئازار و دەربەدەری و تاراوگە و پێكدادانی كەلتورەكانە. بە رای رەخنەگرانی ئەدەبی، رۆمانەكانی ئەو خاتوونە زۆرترین خوێنەریان هەیە لە ئەمریكا.
ناهید لە 6ی حوزەیرانی 1939 لە شاری ئەهواز لە پارێزگای خوزەستان لە خێزانێكدا لە دایكبووە کە 10 منداڵیان هەبووە، ژینگەیەكی پڕ لە گرژی و ناخۆشی هەبووە، هەرچەند باوكی رازی نەبووە، بەڵام روو دەکاتە ئەمریكا، هەم بۆ ئەوەی لە زوڵمی خێزان و كۆمەڵگەكەی رزگاری بێت و هەم درێژە بە خوێندن بدات. بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە بواری دەروونناسیدا بەدەستدەهێنێت. ناهید لە ئەمریكا تووشی گۆشەگیری دەبێت، بە شێوەیەك كە لە بیرەوەرییەكانیدا بە ناوی (كچانی فارس- 2006) نووسیویەتی: (پێموابوو لە زیندانێك هەڵاتووم، بەڵام لەبری ئەوە خۆم لە زیندانێكی دیكەی تەنیاییدا بینییەوە).
ناهید پەنا بۆ نووسینی رۆمان بە زمانی ئینگلیزی دەبات و لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت: نووسین بە زمانی ئینگلیزی ئازادییەكی پێبەخشیوم كە لەكاتی نووسین بە زمانی فارسی هەستم پێنەكردووە. ناهید ساڵی 1969 شووی بە دەروونناسی ئەمریكی (هاوراد راچلین) كرد و كچێكی بە ناوی لەیلا هەیە. یەكەمین رۆمانی خۆی بە ناوی (بیانی) لە 1978دا بڵاوكردەوە، رۆمانەكانی ناهید پێش شۆڕشی ئێران رێگریان لێدەكرا بە بیانووی ئەوەی كە وێنەی كۆمەڵگەی ئێرانیان لەكەدار كردووە(هیچ بەرهەمێکی نەکراوە بە فارسی).
بەرهەمەكانی دیكەی ناهید بریتین لە: كۆمەڵە چیرۆكی پەردە 1992، رێگەی گەڕانەوە 2018، رۆمانەكانی: ئارەزووی دڵ 1995، بازدان بەسەر ئاگردا 2006، سەراب 2024، بیرەوەرییەكانی بە ناوی (كچانی فارس 2006).
بڕیاریشە نوێترین رۆمانی بەناوی (بەخشراو) بڵاوبێتەوە.
ناهیدی رۆژی 30ی نیسانی 2025 لە تەمەنی 85 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
بەختیار سەعید