دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان رەزامەندیی دا لەسەر جێبەجێكردنی یاسای ژمار نۆی خانەنشینیی یەكگرتووی فیدراڵ، بڕی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم لە 7 %ەوە بۆ 10 % هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عیراق بەرزدەكرێتەوە، لەوبارەیەوە شارەزایەكی بواری ئابووریی رایگەیاند: بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، پێویستە گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بكرێت.
پێویستە گرفتی دواكەوتنی مووچە چارەسەربكرێت
شیروان میرزا ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیاری لێبڕینی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ خانەنشینی و هاوتاكردنی لەگەڵ فەرمانبەرانی ناوچەكانی دیكەی عیراق، دوای جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 دێت، بەگوێرەی ئەو یاسایە پێویستە رێژەی لێبڕین لە 7 % ەوە بۆ 10 % بەرزبكرێتەوە، وتیشی: هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رێنمایی پێویستی بۆ ئەو بڕیارە دەركردووە و بڕیارە لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە جێبەجێبكرێت، روونیشیكردەوە: راستە هاوتاكردنی لێبڕینی خانەنشینی بەگوێرەی یاسا رێكخراوە و پێویستە وەك یەك بێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا پێویستە گرفتی دواكەوتنی مووچە چارەسەربكرێت، چونكە ئەگەر رێژەی لێبڕینی خانەنشینی بەمجۆرە بەرزبكرێتەوە، لەهەمانكاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەمجۆرە بێت، بێگومان بارگرانییەكی زۆر دەكەوێتەسەر مووچەخۆران.
مووچەخۆرانی هەرێم بوونەتە قوربانیی
گرفتە سیاسییەكان
ئاسۆ عەبدولڕەحمان ئابووریناس و مامۆستای زانكۆش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەرزكردنەوەی رێژەی لێبڕینی خانەنشینی لەكاتێكدایە مووچەخۆران لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا چەندین مووچەیان پاشەكەوتكراوە، یان بەشێكیان پێدراوە، بەمەش فەرمانبەران زیانێكی زیاتریان بەردەكەوێت، وتیشی: بۆ ئەوەی هاوسەنگیی بازاڕ تێكنەچێت و ئابووریی خەڵك پاشەكشە نەكات، پێویستە لە هەر بریارێكی لەوجۆرەدا رەچاوی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بكرێت، بەجۆرێك بەرلەوەی داوا لە مووچەخۆر بكرێت پابەندی یاساكان بێت، بەهەمانشێوە مافەكانیان پێبدرێت، راشیگەیاند: بەردەوام مووچەخۆرانی هەرێم بوونەتە قوربانیی گرفتە سیاسییەكان، بەهۆیەوە لە چەندین ئیمتیاز بێبەشكراون، لەوانە دامەزراندن و پلەبەرزكردنەوە و وەرگرتنی پێشینەكان، كاتێكیش رێژەی لێبڕینی خانەنشینی زیاد دەكرێت، هێندەی دیكە ئەركیان سەختتر دەبێت.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا