کە من هێشتا خەزەڵوەرم

05:27 - 2025-07-31
ئەدەب و هونەر
55 جار خوێندراوەتەوە

 حومەیرا محەمەد ئەمینی- بانە

لە پێخەفی هەینییەکانمدا
کچێنیم ون، 
جادە لە پێستم دا شین.
                                    
کوڕێک لە  تــۆدا  پەلەیە و
ناگاتە  هیــچ 
 ـ مــنێک کە درەنگــم، 
کە زەوی حەیفێکە لە جازبەدا و
«مــــن» رووداوی سێوێکم لە باران، 
وشەیک لە ئازار دا.

تێپەڕین ئەو شەوانەی
یاخیین لە کازیوە و 
پڕ لە حیلەی سوور.
چەماوەتەوە تەنیاییم،
حیلەی ئەسپی تاریک
لە گەروومدا تەقلەکوت
بەرلەوەی لە شەهوەتی قاڵاوی
خەونێکدا بمرم،
بانگم بکە ...

دەنگت شینترینە  
کە لە گەرووت دەڕژێت، چۆلەکە.
بمدوێنە بە زمانێک شێتتر لە با
با روون داگیرسێ تەنیاییم،
لە رووبارەکانی پەنجەتا
کە ئاوەڵ دووانەی ئاگرن.

بملاوێنە بە زمانێک شینتر لە دەریا
تا ترۆپکی یاخیی ترین شەپۆل
من قووڵاییەکان دەپەیڤم 
تۆش حەزی وردە ماسییەکانی دڵم.

بانگم بکە... 
بە رەشاییدا لوورەیەکی روونە دەنگت 
بە سووتانما 
خوازەی فێنکی چاوت،
کە من هێشتا خەزەڵوەرم  تا چاوت
کە مــن  هێشتا باڵندەم،    
(وە) درەنگانێ پیاوێک  
             دەڕژێ لە چاوم!

بابەتە پەیوەندیدارەکان