سوهەیلا مێهەمی- کامیاران
خەرامان
خەوێکم بۆ بکە بە نیشتمان
باسی سەرگەردانیم
بدە لە راستەوخۆیی شەقامێکت
من لە رژهەڵاتی ئازارەکاندا
خۆرێکم نەخشاندە لاپەڕە سپییەکان.
پێتان سەیر نەبێ
تاوانی تفم
بەرەو پەنجەرە درۆزنەکان
بە دەم شیعرەوە رووت ئەچم
سەرم لە سەروای سەفەرێک، سەرفی کە
خەرامان
ئەم رێگایە دەستی
لەنێو دەستی کوژاندنەوەتدایە
کلیلەی سووری جمەیەتی!
تۆ لە هیوا خەسیوەکان
پڕ بە جلێکی مردوو
درێژەی منت راگەیاند،
لە کلیلەی بێکەسییەکانتدا
گەڕایتەوە نێو هەواڵەکان.
بە لاشەیەکی ئەنجن ئەنجن
بە بۆکرۆزی پرچ،
بە گەوزانی چەقۆیێک بە لاملتەوە و
قووڵایی ماتبوونەوەکانت
گرەویان لە سەر فیگۆری مردنەکانمان و
رچانی زەردەخەنە
ئیتر پڕ بە بەری جامخانەکانە.
خەرامان
کە بەرچاوی خوێنە،
دانیپێدانانێت لە زێدانی تەمەوە
بە دوای جەستەیەکەوەی
بنووسیتە «ژ» ژیانەوە
خەیاڵت باڵ دەردێنێ
لە ژوورێکی چوارگۆشەدا
چ ماڵ چ ئەبۆغەریب یا ئۆوین یا ئالکەتراز!
پێکەنینێکی بە فڵچەی نیگارکێشێکەوە
گوماناویی
دەستم لێ بەر مەدە
دەمەوێ بتنووسمەوە
زەوی لە سەهۆڵێکدا
هەڵدەچێ بە لاشەتدا و
زەردەخەنەکانی خەونت
دوایین هەنارێکی پاییزیین
بە جۆرێک جۆڕیاگە جازبە
دەترسم بانگت بکەم.
خەرامان
تۆ لە خاڵێکی دوور دەچی
وەکو دووریی کە دەبێتە نوختەیەک.
پاڵ کەوتنت مردنێکە
لە بانەوسانێکی دوور
شانت دا داوە بە ژێر ئەستێرەکاندا
تکایە کەس وەکو خۆم
ناوێرێ بمنووسێتەوە
کاتێک چوارچێوەیەک چرام دەکوژێنێتە،
یا دیوارێک دەستی لەسەر دەمی تاسەمە
تەنیایی دەبێتە گڵۆڵەیەک،
باڵەکانم هەڵدەپێچێ
تەماشاوانانی هێژا
دەستم بە خۆمەوە نەگرم
ئاپۆڕای تەنیایی، تەوام دەکات...