دڵی پیاوێک لە گوڵی ئەرخەوان

06:32 - 2025-07-31
ئەدەب و هونەر
77 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد پاکژ

زیاتر لە 30 ساڵ هاوڕێیەتی لە تەک  (عەبدولی حەمە باقی)دا، شایستەیە ئەم باشۆله گوڵ ئەرخەوانەی پێشکەش بکەم

لەم شارەدا
هەرچی جوانێ جێمان دێڵێ
بەهیچ کەسێ جێگەکەی پڕ نابێتەوە
چۆن پایزان گەڵای دڵگیری شۆڕەبی،
بەشنەیەک لەچڵی دار دەبێتەوە.
لەم شارەدا
هەرچی جوانێ جێماندێڵێ
پەرتوکێکە هەر تەنیا یەک چاپی هەیە.
بۆیە دەبێت لە رۆحمانا یاداشتیکەین،
چوون دەزانین ئەو پەراوگە ناوازەیە.
ئەو دڵبەستەی
هەر چوار پارچەی کوردستان و
بست بە بستی ئەم شارە بوو.
ئەو ئاشقی
خامەکەی یەشار کەمال و
شیعرەکانی جگەر خوێن و
بەیداخی ژوور سەری قازیی و
پیرەمێردی گردەکەی مامە یارەبوو.
ئەو هەر بۆ خۆی
ئێشکگری پاکیی و جوانیی و
کەشکۆڵێکی پڕ گەنجینەی ئەم شارە بوو.
سنەوبەری سەر کارێز و
ئەرخەوانی سەیوان و شەهیدەکان و
رێبوارێکی باخی گشتیی و
دڵدارێکی کارێزەکەی وەستا شەریف،
شەیدای ئاوەکەی کەوسەری
ئەم چاوی سەرچنارەببوو.
دەمی خامەی
پڕ بوو لە رەنگی مرۆڤ بوون،
پەڕاوەکانی تژی بوون لە ئەشقی روون.
هەر بە سروشت
کاتێ دەدوا، شەهد لەلێوی دەباری،
بۆ داڕشتنی پەخشانێ
لەزماندا هەم لادێیی و هەم شاری.
چاوەکانی
پڕ بوون لەخەونی رەنگاڵە،
دڵی پڕ بوو لە نەتەوە و گەل پەروەریی.
لێبووردەبوو
پڕبوو لەتوخمی ماریفەت،
حەزیدەکرد دادپەروەریی، تاج ئاسا بکاتە سەری.
ئەو ئاشق بوو
لەم شارەدا گوێی لەدەنگی زیرەک بوایە،
لەکوێ خۆش نودیی هەبوایە
ئەو لەوێ بوو.
ئاشق بوو، ئەشقی ژیان
ئەشقی شیعر و ئەشقی سروود
ئەشقی پەیکەر و تابلۆی جوان
ئەو هەم کازیوەی بەیانی بوو،
هەم ئاونگ بوو، هەم تریفەی مانگی شەوان.
لەپێناوی نیشتماندا
لەپێناوی سەربەستی و چۆکدانەداندا،
لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا
بۆ ئەمانە، ئاشق بوو، ئەشقی سەرمەدی،
داخەکەم سەرینایەوە...
ئەویش سەربەخۆیی نەدی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان