ئاكۆ كەریم مەعروف
دیوار
گوێم لە ترپەی دڵی دیوارێكە، زۆر دەترسێت بەتەنها بێت، کوچە و کۆڵان بەرەو رووناکیی ئاسمان هەڵدەكشێن، هەستی پێدەكەم ماڵ تاریكە، هیچ خەتای من نییە، دنیا بە دڵە بەردینەكان هەڵچنراوە. زۆرباش دەزانم یەك دیوار بەسە بۆ دابڕان لە دنیا، كێشەكە ئەوەیە لەناو رۆحی خۆمدا هەموو شتێك دەبینم، شتەكان وەك بەریەك كەوتنیان دەبیستم، بەڵام دیواری نووسین ئاوێنەیەكە رووەو ئاسمان، ئێستا وشەكانم كورتن، رەنگە تۆ نەیبینیت، ئەوەیە لە سێ لای ترەوە دەمبینن و چیتر تەنها نیم. ترس لەولاوە چاودێریم دەكات، كە ژیان بە هەموو خورپەكانییەوە خۆشاردنەوەیە لەناو سێبەری دیـــــوارە ونبووكانـــــدا، دیوارەكانی ناو خاك كە دەنگیان لێوە نایەت. من دەنگم لە بەردە و هاواریشم لە ئاو، ئەوە منم ژیانی تۆ دەنووسم، كە ئێستا هەرچی دیواری ئاسمانە بەسەر وشەكاندا دەڕووخێت، بەڵام بە تەنها نیم، چونكە هێزی گێڕانەوەم هەیە.
باڵەكانی با
لاپەڕە سپییەكان لە دەستت رادەكەن، بەڵام دیوار دمێنێتەوە، هەردووكیان یادەوەریی و مناڵی و پیرین، یەك سەربان ژێر زەمینێك ئەگەر مابێت لەو نێوانەدا بۆ چاندنی رۆح ، بۆ سبەینێ بەو خەیاڵەوە دەژیم و پرسیار دەكەم، لە ناكاو خوێنەرێك پێمدەڵێت: وشە و رستەكان وەك باخ و گوڵ دەبێت ئاو بدرێن، بە بۆنی با، ئایا كەسێك هەیە بینیبێتی با بفڕێت، ئەگەر وایە كوا باڵەكانی؟
دیواری با
ئەگەر زۆر ناچاربم هیچ شتێك لەبەردەستا نەبێت لەسەر دیواری با دەنووسم، تاوەكو باڵی لاپەڕەكان هەموو دنیا بگەڕێت، سەفەر بۆ جیهانێك بكات كە نامناسن، جارێك رێكەوتی خوێنەرێكی بەو شێوەیەم كرد، بە وردیی باسی چیرۆكێكی دەكرد بێ ئەوەی پێی بزانێت، من نووسەری ئەو گێڕانەوەیە بووم.
پێی وتم: تۆ دەیناسیت؟
وتم، نەخێر.
پێم وت: كام چیرۆك، كەمێك دواندم و پێم وت: چیرۆكە نەمرەكان ئەوانەن كە نووسەرەكەی توانای گێڕانەوەی نییە، بەلایەوە سەیر بوو. وتم: هیچ سەیرێك لەوەدا نییە، وێنەی بە تەمەنێكم بۆ هێنایەوە كاتێك لێی دەپرسن، تەمەن رۆیی و چی بینی؟ لە وەڵامدا وتی:، خەونێك و سێبەرێك. هەروەها چەند ساتێك لە چێژی ژیان، ئەو بەدەم هەڵدانەوەی لاپەڕە ونبووەكانی منەوە سەیرێكی ئاسمانی كرد، لەسەر نووسینی دیواری با، خۆشبەختیم بەدەستهێنا. خۆشترین رۆژگاری لاپەڕەكانی من بوون، ئەو سیحرە چییە كە هێزی ئەوەم هەیە لەسەر دیواری با دەنووسم، لێتان ناشارمەوە چەند بەختەوەرە ئەو كەسەی بە گڵی گێڕانەوە دایدەپۆشن.
لێپرسینەوە لە با
لێم دەپرسن: ئایا چیرۆكەكانت مانایەكیان هەیە بۆ ژیان، بۆ ئایندە؟ هەڵبەت پرسیارەكە، كە بە زمانی سادە دەپرسن زۆر سەختترە بۆ دیدار و چاوپێكەتنێكم كە بێخەبەر ئاگای لە هیچ بەرهەمێك و شەونوخنی من نییە. پیی دەڵێم: بە زمانی خەیاڵ، رووداوەكان لمی سەحران هەر ساتە و بە رەنگێك و شێوەی جیاواز دەردەكەون، لە زمانی سادە و پرسیارەكان زۆر دەترسم. پێم وت: هەمیشە هەژارەكان خەون بە سێبەرێكی ترەوە دەبینن، ورتەی لێوە نەهات، دەیزانی ئەوسەری رێگەكەم لێگرتووە. وتــــی چۆن: چیرۆكەكانم لە پەراوێزی ئازارەكاندایە، ویژدان و رۆیشتن و لێپرسینەوە بەدەم بێخەویییەوە، كە خەونی هەمووتانە، ئەوان بێدەنگ من و قەڵەمێكی بێدەسەڵات كە پڕە لە ئازارو مەینەتی مێژوویەك بێدەنگ بووم لەسەر دیواری نووسینی دڵ، ئەو ژوورانەی دڵ تیایاندا زیندانە، داخەكەم دڵ دەبووایە زمانی هەبووایە، نەوەك زمانی تام و ریاكاریی.
تەنیایی با
لەنێوان دایكم و باوكمدا، سێبەرێك هەبوو، هەردووكیان بیدەنگ بوون، سەیری یەكترییان دەكرد. من لەو نێوانەدا بووم، هەردووكیان هەموو دنیایان دابەشكردبوو لەنێوان خۆیاندا، ئەوان سادە بوون لە خەیاڵی خۆمدا دەتوانم كۆیانبكەمەوە.
من هەراو هوریای دنیام هەڵبژارد هەردووكیان بێدەنگییەكەی من، كە، هەردووكیان شوناسی منن، بۆ بێدەنگیی بەرامبەر ژیان، دیواری ئەوان بەسەر شانمەوەیە، بەڵام چی لە هاواری ئاسمان و ئەستێرە بكەم، كە من بێدەنگ و هەردووكیان تا ئیستاش هاوار دەكەن: وای رۆڵەكەم چەند بە تەنهایت، ژیان بەو جۆرەیە كە من تەنها تارماییەكم لە نێوان دوو سێبەردا.