قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سکرتێر و دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی یەکێتیی ژنانی کوردستاندا کۆبووەوە

04:42 - 2025-08-03
کوردستان
72 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ لەیلا عەبدوڵڵا، سکرتێر و دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی یەکێتیی ژنانی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە (3/8/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە سکرتێر و دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی یەکێتیی ژنان کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیاندا بتوانن گەشەی زیاتر بە رێکخراوەکە بدەن و خزمەتی گەورەتری پرسی ژن بکەن.
لێپرسراوی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال بە ئاماژەدان بە مێژووی کار و چالاکییەکانی سێ دەیەی رابردووی یەکێتیی ژنان، داوای کرد لەم قۆناغەدا رێکخراوەکە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بگونجێنێت و بەپێی پێویستییەکانی ئەم قۆناغە نوێیە هەوڵ بدەن بۆ بەهێزترکردنی رۆڵ و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگا و لەناو دامەزراوەکاندا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سکرتێر و بەڕێوەبەرانی نوێی یەکێتیی ژنان دەربڕی و رایگەیاند: یەکێتیی ژنان لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجێکی گەورەدا دامەزراوە، هەربۆیە بە هەموو تواناوە پشتگیری لە هەوڵەکانی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی رێکخراوەکە دەکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان