ناپاکیی رۆشنبیران

09:51 - 2025-08-07
کەلتور
6 جار خوێندراوەتەوە
#ژولیان پێندا

ئا/نەرمین عوسمان محەمەد

 (ناپاکیی رۆشنبیران) ناونیشانی کتێبێکی بیریاری فەرەنسی (ژولیان پێندا)یە و لە ساڵی 1927دا بڵاوبۆتەوە و بە یەکێک لەو کتێبە دیارانە هەژمار دەکرێت، کە باس لە کۆمەڵێک مەسەلەی فەلسەفی و ئەدەبی دەکات، سەبارەت بە رۆڵی رۆشنبیران لە کۆمەڵگەدا و پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، ئەم کتێبە بۆ هەموو سەردەمێک گونجاوە.لەم کتێبەدا (ژولیان پیندا) رەخنەیەکی زۆر توند ئاڕاستەی بابەتی ناپاکیی رۆشنبیران دەکات، بە جۆرێک رەخنە لەو رۆشنبیرانە دەگرێت، قوربانیان بە بەها مرۆڤایەتییەکان و بنەماکانی رەوشت داوە، لە پێناو  پاڵپشتی رژێمە سیاسی و ئایدیۆلۆژیا دیکتاتۆرییەکانی هاوشێوەی هیتلەر و ستالین و زۆر رژێمی دیکتاتۆری تریش.
(پێندا) پێیوایە، رۆشنبیران لە سەردەمی نوێدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، لە بەرگریکاریی  راستی و دادپەروەرییەوە، بوونەتە پاشکۆی دەسەڵات و دار دەستی ئەو جۆرە دیکتاتۆرانەی لەسەرەوە 
ناومان هێنان.
رەهەندەکانی کتێبەکە
ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک رەهەندی گرنگ پێکهاتووە:
1 - رۆشنبیر و دەسەڵات. لەم رەهەندەدا (پێندا) باس لەوە دەکات، چۆن رۆشنبیران لە سەردەمی نوێدا بوونەتە خزمەتکاری رژێمە سیاسییە دیکتاتۆرەکان، لەجیاتی ئەوەی لە دژیان بوەستنەوە، بوونەتە  کۆمەڵە ئامێرێک لەپێناو خزمەتکردنی دەسەڵاتدا.
2 - کاریگەریی رژێمە دیکتاتۆرەکان. ئەم کتێبە زۆر بە توندی رەخنە لە رێکەوتنی ژێربەژێری رۆشنبیران لەگەڵ رژێمە سیاسییە چەوسێنەرەکاندا دەکات، لە سەردەمی نێوان دوو جەنگە جیهانییەکەدا بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمەش بە لادانی رۆشنبیران هەژمار دەکات، لە ئەرکە نەریتییەکانی خۆیان لە گواستنەوەی راستییەکان و پرەنسیپەکانی رەوشتدا.
3 - جیاوازیی نێوان رۆشنبیری ئاسایی و رۆشنبیری خاوەن باوەڕ. لەم کتێبەدا جیاوازی کراوە لە نێوان ئەو رۆشنبیرانەی خاوەنی هزری بێلایەنن و پشتگیریی بەها مرۆڤایەتییەکان دەکەن، لەگەڵ ئەو رۆشنبیرانەی دەبنە خاوەن باوەڕێکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی دیارییکراو و لەپێناوییدا دەجەنگێن.
رەخنە ئاڕاستەکراوەکان
هەندێک لە رەخنەگران پێیان وایە، (پێندا)زۆر بێ بەزەییانە رەخنەی لە رۆشنبیران گرتووە و ئاماژەی بە هیچ یەکێک لە هەوڵە ئەرێنیەکانی رۆشنبیران نەکردووە لە پێناو برەودان بە کۆمەڵگادا. هەندێک لە خوێنەران پێیان وایە، (پێندا) زیاتر جەختی خستۆتە سەر رۆشنبیرە خۆرئاواییەکان لە چوارچێوەی رۆشنبیریی ئەوروپیدا و باسی بەشەکانی دیکەی جیهانی نەکردووە.

دوا وتە
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، کتێبی (ناپاکیی رۆشنبیران) کارێکی فەلسەفی رەخنەئامێزە لەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی نێوان رۆشنبیر و دەسەڵات، بە بانگێشتکردنێک هەژمار دەکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ بەها مرۆڤایەتییە باڵاکان دوور لە کاریگەرییە سیاسییە رووخێنەرەکان. لە رێگەی ئەم کتێبەوە، (پێندا) هۆشدارییەک پێشکەش دەکات، لە بەکارهێنانی رۆشنبیران و تێوەگلانیان لەگەڵ ئەو رژێمە سیاسییانەی کە ئازادیی و مافە بنەڕەتییەکان بەرتەسک دەکەنەوە. ئەم کتێبە تائێستاش بە سەرچاوەیەکی گرنگ دادەنرێت لە رەخنەگرتن لە رۆڵی رۆشنبیران و پەیوەندییان بە دەسەڵات و ئایدیۆلۆژیاکانەوە و چاپە نوێکانی لە توێژینەوە فەلسەفی و سیاسییەکاندا، هەربۆیە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕدراوە.
 
سەرچاوە: www.maurinews.info

بابەتە پەیوەندیدارەکان