تا سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو، عیراق گەورەترین بەرهەمهێنەری خورما بوو لە جیهاندا، كە 33 ملیۆن دارخورمای هەبوو، ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2003 دابەزی بۆ تەنها 13 ملیۆن، بەڵام دواتر تا ساڵی 2022 ژمارەیان گەیشتەوە نزیكەی 20 ملیۆن دارخورما.
دابینكردنی دارخورما بۆ جووتیاران
د.مەهدی سەحەر جبوری یاریدەدەری كارگێڕیی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند: وەزارەتەكەیان گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەتمەندی بەریتانی كردووە بۆ دابینكردنی نەمامی دارخورما و فرۆشتنی بە جووتیاران بە نرخێكی پاڵپشتیكراو، ئامانج لەو كارەش پەرەپێدانی دارخورماكانی وڵات و گەڕاندنەوەی پێگەی عیراقە وەك گەورەترین بەرهەمهێنەری خورما لە جیهاندا.
دوو ملیۆن نەمام هاوردەكراوە
وتیشی: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵ رێگەی بە كەرتی تایبەت داوە نەمامی شانە پەرەپێدراو هاوردەبكات، هەروەها لەو ماوەیەدا دوو ملیۆن نەمام هاوردەكراوە و ئێستا دامەزراندنی تاقیگەی بڵاوبوونەوەی شانە لە چەندین پارێزگا دامەزراوە.
600 هەزار تۆن هەناردەكردن
ئاشكراشیكرد، عیراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نزیكەی 600 هەزار تۆن خورمای هەناردەی ئەوروپا و مەغریب و كەنداو و هیندستان كردووە.
عیراق لە پلەی چوارەمدایە
هەروەها د.مەهدی سەحەر جبوری ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئێستا عیراق لە پلەی چوارەمدایە لە ژمارەی دارخورما لە جیهاندا، كە ژمارەیان 22 ملیۆنە و ئامانجیشی ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا بگاتەوە 33 ملیۆن.
خورما و سوودەكانی
لەبارەی خورما و سوودەكانی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەسوڵ رەفیق عەزیز مامۆستا لە كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان-بەشی باخداری، بە كوردستانی نوێ-ی وت: داری خورما یەكێكە لە گرنگترین داری میوە هەمیشە سەوزەكان لە جیهاندا بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی كەمێك گەرم و وشكن. ناوی زانستی بریتییە لە (Phoenix dactylifera) و سەر بەخێزانی Palmaceae یە. داری خورما لە تەمەنی 7-10 ساڵ دوای چاندنی دێتە بەرهەم و تا تەمەنی (60-80) ساڵ بەرهەمی دەبێت. دارخورمایەكی پێگەیشتوو ساڵانە نزیكەی (150 بۆ 200) كیلۆگرام و زیاتر بەرهەمی دەبێت.
میوەی خورما بەهای خۆراكی بەرزە و پڕە لە ماددە خۆراكییەكان و ڤیتامینەكان، كە پێویستن بۆ تەندروستیی مرۆڤ لەوانە (پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم) و ڤیتامینەكانی وەك (A,B,K) و دەوڵەمەندە بە ریشاڵ، كە ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ دابەزینی كێش، هەروەها هەرسكردن ئاسان دەكات، بەهۆی بوونی پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم، یارمەتیدەرە بۆ تەندروستیی دڵ و رێكخستنی پەستانی خوێن بەتایبەتی كەمكردنەوەی مەترسیی جەڵدەی مێشك، دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسانەكان وەك فلاڤۆنید، كە یارمەتیدەرە بۆ كەمكردنەوەی هەوكردن لە جەستەی مرۆڤدا، بەهۆی بەرزیی رێژەی ئاسن تێیدا، بەسوودە بۆ چارەسەری كەمخوێنی (كەمیی ئاسن)، هەروەها بەهۆی بوونی كالیسیۆم و فسفۆر تێیدا، یارمەتی تەندروستیی ئێسك دەدات، بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆر لە شەكری سروشتی، بە وزەبەخشێكی باش دادەنرێت بەتایبەت بۆ وەرزشوانان.
سوودە ئابوورییەكان
وتیشی: داری خورما دەتوانرێت بە سەرچاوەیەكی ئابووریی باش دابنرێت بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ جووتیاران و ئەوانەی كاری كڕین و فرۆشتن دەكەن. جگەلەوەش دەتوانرێت بەرهەمەكەی نرخێكی باشی هەبێت لە بازاڕدا، هەروەك دەتوانرێت لە تۆوەكەی، عەلەف دروست بكرێت، دەتوانرێت لە قەدی دارەكە بەلەم و كورسی، لە گەڵاكانی (سەللە و سەبەتە و سندوق)، لە ریشاڵەكانی گوریس و چەندین پێداویستی دیكە دروستبكرێت، كە مرۆڤ دەتوانێت لە ژیانی رۆژانەدا سوودیان لێوەربگرێت.
گرنگیی دارخورما لە ئابووریی عیراقدا
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، عیراق یەكێكە لە وڵاتە سەرەكییەكانی بەرهەمهێنانی خورما لە جیهاندا و رۆڵێكی سەرەكیی هەبووە و هەیە لە ئابووریی وڵاتەكەدا بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و دواتر، كە نزیكەی (30) ملیۆن داری خورما هەبووە، بەڵام وردە وردە ژمارەكە كەمیكردووە، ئەویش لە بەر چەند هۆكارێك، لەوانە: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مێرووەكان و چارەسەرنەكردنیان وەك پێویست، ئەو جەنگانەی لە ناوچەكەدا روویانداوە، بڕینی زۆرێك لە دارخورماكان بۆ مەبەستی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە شوێنیان، ئەمانە هۆكاربوون بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی دارخورماكان لەعیراقدا.
عیراق جگەلەوەی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە بە بەرهەمی خورما، توانای هەناردەكردنی بڕێكی زۆر لە خورمای هەیە بۆ وڵاتانی دەرەوە وەك (هیندستان، ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی). ئەو جۆرە خورمایانەی لە عیراقدا هەن، لە باشترین جۆرەكانی خورمان و بەهایەكی ئابووریی بەرزیان هەیە. لە ساڵی (2021)دا هەناردەی خورما بۆ وڵاتانی دەرەوە نزیكەی (750) هەزار تۆن بووە، كە ئەوەش وایكردووە عیراق لە ریزبەندیی پێنجەمدا بێت لەو وڵاتانەی توانای هەناردەكردنی خورمایان هەیە بۆ دەرەوەی وڵاتی خۆیان. جگەلەوەش رۆڵێكی گرنگی هەیە لە دابینكردنی هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی عیراق هەر لە (چاندن، خزمەتكردن، لێكردنەوە، بەپاكێجكردن، خستنەبازاڕ، گواستنەوە و هەناردەكردنی) بەشێوەیەكی گشتی دارخورما دەتوانێت سەرچاوەیەكی ئابووریی باش بێت، كە وڵات دەتوانێت پشتی پێببەستێت.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم