لە خەویشدا بمبینییایە بۆ کۆچت دەنووسم، بڕوام نەدەکرد. بە خەیاڵیشمدا گوزەری نەدەکرد دڵم بێت بڕوا بەخۆم بهێنم سەفەری ئێجگاری بکەیت! وەک بیرلێکردنەوەش ئەستەم بوو وا هەست بکەم چیتر نەتبینمەوە! لە دوا پەیوەندیی تەلەفۆنیماندا پاش نەشتەرگەرییەکەت، هەستم بە تۆنێکی جیاوازتر کرد لە دەنگتدا، بەڵام نەمویست قەناعەت بکەم کە ئەو تۆنە ئاماژەیەکی ترسناکە کە چیتر گوێم لە دەنگت نابێ و ناتبینمەوە، گەرچی گوتمان بەهیوای دیدار.
ئێستا هاوڕێ پاش ئەوەی بە چاوی خۆم بینیمیت بێ دەنگ و بێ جوڵە راکشاوی و دواتریش شۆڕیان کردیتەوە بۆ دوا مەنزڵ، تێگەیشتم ئەوە منم فێڵ لەخۆم دەکەم و بڕوا ناکەم سەفەری کۆتاییت کردبێ.
ئەوە بە ناچاری بە حەسرەتەوە پەنجە دەنێم بە بۆردی وشەکان لە بەشی خوارەوەی مۆبایلەکەم، تاکو بە وشە ئەم حەسرەتەم دەرببڕم! رووی گەشت لەبەر چاومە و دەنگی پێکەنینەکەت لە گوێمدا دەزرنگێتەوە، وێنەکانی هەموو سەیرانەکان وەک فیلمێک بە بەرچاومدا دەڕۆن.
ئازارێکی بەسوێیە و برینێکی قووڵە ئەم سەفەرەت، لە دوا گەڕانەوەتدا گلەییمان لێکردی کە بۆ نەهاتی؟ بەڵێنتدا لە هاتنەوەی ئەمجارەدا سەر بدەیت و پێکەوەبین. هاتیتەوە، بەس بڕیار نەبوو وا بێیتەوە، بڕیاربوو بە باوەشێک ئومێد و بەرچنەیەک خەندە و کۆڵێک قسەی خۆشەوە بێیتەوە.
بڕوا بکەم چیتر ناتبینینەوە؟ باوەڕ بهێنم جارێکی تر سەیرانێک پێکەوە ناکەین؟ قەناعەت بکەم ئیتر گوێم لە دەنگی پێکەنینەکەت نابێت؟ چی بکەم مردنە، دەسەڵات نییە دەبێت خۆم بدەم بە دەست ئەم واقیعە تاڵەوە.
بۆ سەبوری، گۆران لەم سەفەرەتدا سڵاومان بگەیەنە بە عەباس بەدری، سەڵاح جان، ئازاد خانەقینی، کاک مستەفا، کەمال سابیر، مەحمودی مەلا عیزەت، حەمە نوری تۆفیق، کاوەی مسەوەر، عوسمان چێوار، ئازاد سدیق، عەبدوڵڵا، ئازادی ئیدارە، ئازادی تەکنیک، رێباز بابان، کاروان محەمەد، شێخ سمایل، هاوڕێ مەحمود، بەهار، ئەژین، حسێن میسری، گۆران سدیق، مەزن مەحمود، ئازاد عەلی، ستاری تەنسیق، هەردی دیکۆر، بەرزانی قالەی خەڵوز، کالزۆی کاک عوسمان، سامان، خەلیل، هیوا، ئاراسی تەکنیک و ئەوانی تر، بەخێر چی برا.