چۆن بەرەنگاری گۆڕانی ژینگە دەبینەوە؟

10:50 - 2022-11-20
ژینگە
1622 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

راستە گۆڕانی ژینگە پێویستی بەوەیە رابەران و وڵاتە زلهێزەکانی دنیا هەوڵی جددی و کاری بەپەلە بکەن لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەو گۆڕانە ترسناکەی ژینگە کە ئێستا لە ترۆپکدایە بەشێوەیەک داهاتووی مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە و بەردەوام نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن، بەڵام ئایا ئێمەی مرۆڤ هەر یەکەمان وەکو تاکێک و بەشێک لەم جیهانە و مرۆڤایەتی دەتوانین چیبکەین تاوەکو بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرەنگاری گۆڕانی ژینگە ببینەوە یان کەمتر کار لە پیسکردنیدا بکەین؟ پسپۆرانی ژینگە باس لە چوار هەنگاو دەکەن تاک دەتوانێت بیکات تاوەکو بەرەنگاری پیسبوونی ژینگە ببێتەوە.

ماڵەکەت
د. نیل جینینگز ئەکادیمی لە ئیمپریال کۆلیجی لەندەن لەو بارەیەوە دەڵێت: دەتوانیت لە ماڵی خۆتەوە دەستپێبکەیت بەوەی کەمتر ژینگە پیس بکەیت کاتێک گەرمی ئامێری گەرمکردنی ماڵەکەت کەمدەکەیتەوە و سیستمی گەرمکردن بە غاز یان بەرهەمەکانی نەوت   دەگۆڕیت بۆ سیستمی گەرمکردن بە کارەبا، چونکە وادەکات گۆڕانی گەورە رووبدات لە بواری پیسکردنی ژینگەدا، هەروەها رۆژانە دەتوانین رووناکی ماڵ و ئەو ئامێرانەی کارمان پێیان نییە بکوژێنینەوە بەوەش جگە لەوەی پارەمان بۆ دەگەڕێتەوە کەمتر ژینگە پیس دەکەین.
بەپێی رێکخراوی Energy Saving Trust بێت کارێکی دیکە دەکرێت لە ماڵەکانماندا بیکەین ئەوەیە کون و کەلەبەری ماڵەکەمان بگرین بۆئەوەی هەوای سارد نەیەتە ژوورەوە، هەروەها بۆ پەنجەرەکانمان عازلیان تێدا بەکاربێنین، چونکە بەوە دەتوانین وزە پاشەکەوت بکەین جگەلەوەی ساڵانە کەمتر پارە لە بەکارهێنانی وزەدا خەرج بکەین.

بەرماوەی خواردن و کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور
سامانی ئاژەڵان نزیکەی 14 ٪ گازی ژەهراوی نێو بەرگەی هەوا پێکدێنێت و مانگا و مەڕو ماڵات زۆرترین هۆکاری ئەو گازەن، بۆیە سادەترین و کاریگەرترین رێگە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە خراپەی سامانی ئاژەڵان لەسەر ژینگە ئەوەیە لە سیستەمی خۆراکیدا کەمتر گۆشتی سوور بخۆین، وادیارە ئەوە هەواڵێکی باشە بۆ رووەکخۆرەکان، بەڵام هەندێ خاڵی دیکە هەیە دەبێت لەبەرچاوبگیرێت لەو بارەیەوە زانای زیندەوەرزانی  مارگرێت گیل لە زانکۆی ئەبردین دەڵێت: «ئەوە تەنیا پەیوەست نییە بەوەی بەرهەمە کەسییەکان دابەش بکەیت بەوەی چی باشە و چی خراپە» هەروەها دەڵێت: کاریگەری کاربۆنیی هەر خواردنێک پشت بەوە دەبەستێت چۆن بەرهەمهێنراوە و لە کوێوە دێت و لە چ وەرزێکدا برهەمهێنراوە؟.
د.جۆناسان فولی کە لەبواری گۆڕانی ژینگەدا لێکۆڵینەوە دەکات باس لەوەدەکات دەکرێت پارە پاشەکەوت بکەن و بەفیڕۆدان کەمبکەنەوە بەوەی ژەمە خواردنی بچووک دروست بکەن بەوەی زیادە نەبێت و فڕێ بدرێت یاخود ئەوەی مایەوە هەڵبگیرێت و لەکاتێکی دیکەدا بخورێت تاوەکو کەمترین بەرماوەی خۆراک فڕێبدرێت، چونکە بەپێی رێکخراویWaste Resources Action Program بێت لە دنیادا نزیکەی 25 ٪ - 30 ٪ خۆراک بەفیڕۆ دەڕوات و فڕێدەدرێت، ئەوەش دواجار دەگۆڕێت بۆ گازی ژەهراوی و ژینگە پیس دەکات.

شۆفێریی کەمتر و فڕینی کەمتر
گواستنەوە بەرپرسە لە چارەکی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی جیهان، بۆیە ژیان بەبێ ئۆتۆمبێل بەپێی وتەکانی د. نیل جینینگز بێت رەنگە ئەو کارە بێت دەتوانین بیکەین و زۆرترین کاریگەری هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی گازی ژەهراوی نێو بەرگەی هەوا کاتێک هۆکارەکانی گواستنەوە کەمدەکەینەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا وازهێنان لە ئۆتۆمبێل هەموو کەسێک ناتوانێت بیکات بە تایبەتی ئەگەر لە ناوچەیەکدا بژیت هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی باشی تێدا نەبێت یان کاری شەوان بکەیت و لەو کاتانەدا ئەو هۆکارانە بەردەست نەبن بۆ گواستنەوە.
بەڵام هێشتا هەنگاوە بچووکەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر ژینگە کاتێک بەپێ دەڕۆیت یان بە پایسکیل دەچیت بۆ دووکان و بازاڕە نزیکەکان لە ماڵی خۆتەوە یاخود لەگەڵ هاوڕێ یان درواسێکانتدا یەک ئۆتۆمبێل پێکەوە دەگرن.
هەرچەندە لە ئێستادا ئۆتۆمبێلی کارەبایی زیادی کردووە، بەڵام هێشتا نرخیان گرانە و سەفەرکردنیش هاوڕێی ژینگە نییە بەمەرجێک ئەو کارەبایەی تێیدا بەکاردێت هاوڕێی ژینگە بێت و سەرچاوەی ئەو کارەبایەی ئۆتۆمبێلەکە کاری پێدەکات  سروشتی بێت وەکو سەرچاوەکانی وزەی سەوز وەکو رەشەبا یان تیشکی خۆر، لە راستیدا ئەو سەرچاوانەی کاربۆنیان نزمە  58 ٪ ی کارەبای بەریتانیایان پێکدەهێنا لە ساڵی 2020 دا لەنێویاندا وزەی ئەتۆمیش دێت.
 بەداخەوە بۆ ئەوانەی زۆر گەشت دەکەن، چونکە گەشتکردن بە فڕۆکە یەکێکە لەو شتانە تاک دەتوانێت نەیکات تاوەکو کەمتر ژینگە پیس بکات، گەشتە ناوخۆییەکان بە فڕۆکە زیاتر گازی ژەهراوی فڕێدەدەن بە رێژەی یەک کیلۆمەتر بۆ هەر کەسێک، هەروەها گەشتکردن بە شەمەندەنەفەر پێنج یەکی کاریگەری گەشتکردن ناوخۆیی بە فڕۆکەی هەیە.
 د. نیل جینینگز دەڵێت «بۆ ئەوانەی زیاتر بە فڕۆکە گەشت دەکەن ئەوا کەمکردنەوەی ئەو گەشتانەی بەفڕۆکە دەیکەیت کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە»

پێش کڕین بیربکەرەوە
بەپیی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بۆ ژینگە دروستکردنی یەک پانتۆڵی جینز پێویستی بە 3781 لیتر ئاو هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوە لۆکە و دروستکردن و گواستنەوە و شتنەوەی چەندی ئاو و وزە پێویستە، بۆیە دەتوانیت کاریگەری خۆت لەسەر پیسبوونی ژینگە کەمبکەیتەوە بەوەی جلەکانت چاکبکەیتەوە لەبری ئەوەی فڕێیان بدەیت و هی نوێ بکڕیت یان بیانبەخشیت لەبری ئەوەی فڕێیان بدەیت، هەروەها دەتوانیت جلوبەرگی خاوەن کوالیتی باش بکڕیت تاوەکو درەنگتر خراپ ببن و زیاتر بەرگە بگرن، لەو بوارەشدا چەندین کۆمپانیا هەیە جلوبەرگ بەکرێ دەدەن یان دەتوانیت جلی بەکارهاتوو بکڕیت.
دەکرێت هەڵبژاردنی گونجاوی ئامێر کارەباییەکانی ماڵ کاریگەری هەبێت لەسەر جێپەنجەی کاربۆنی تۆ، بۆیە دەتوانیت ئەو ئامێرانە بکڕیت کە خاوەنی کوالیتی بەرزن و درەنگ لەکاردەکەون و پێویستیان بە گۆڕین دەبێت تاوەکو کەمتر کاربکەیت لە زیادکردنی خاشاکی ئەلیکترۆنی و پیسبوونی ژینگەدا.   

سەرچاوە: BBC News 

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان