د. تارق جەوهەر سارمەمی
1-2
لەم کەشوهەوای بانگەشەی هەڵبژاردن و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و ئاڵۆزبوونی کێشەکانی خەڵک و زیادبوونی گوشارەکان لەسەر قەوارەی سیاسی و فیدڕاڵی هەرێم، ئایا رێژەی بایکۆت و بەشداریی دەنگدەران لە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 زیاتر دەبێت یان رێژەکە کەمتر دەبێتەوە، گەرمی و جیاوازی بانگەشەی ئەمجارەی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێژەی بەشداریی دەنگدەران زیاتر بەرز دەکاتەوە؟
ئەگەر چاوێک بە راپۆرت و ئامارە نێودەوڵەتییەکاندا بخشێنینەوە، زۆرێک لە راپۆرتەکان دەریانخستووە، کە ساڵی 2024 ساڵێکی جیاوازە بۆ دیموکراسیەت و بە ساڵێکی سەرسوڕهێنەر بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناوزەندکراوە، چونکە لە دەیان هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و ناوخۆیی و هەرێمایەتی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت. هەرچەندە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتنی دیموکراسیەت لێکدەدرێتەوە، بەڵام هاوکات لە زۆرێک لە وڵاتاندا کواڵیتی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئاستی بەشداریی دەنگدەرانیش لەکەمی داوە.
هەڵبژاردن دەرفەتێک بۆ دەنگدەران دەڕەخسێنێت تا بە ئارەزووی خۆیان گوزارشت لە گۆڕانکاری و چاکسازییەکان بکەن. ئەگەر سیاسەت یان یاسای نەخوازراو یان ناکاریگەر هەبێت، دەنگدەر لەرێی هەڵبژاردنەوە بەدەنگی خۆی دەتوانێت بەشداری لە گۆڕینی یاساکان و دیمەنی سیاسیدا بکات
لە سەرانسەری جیهاندا، متمانەکردن بە هەڵبژاردنەکان زیاتر 5/1 ئەو وڵاتانەی کە دەیانگرێتەوە 39 لە کۆی 173 وڵات، دۆخی بەشداریی دەنگدەرانیان لە هەڵبژاردنەکاندا خراپتر بووە بە بەراورد لەگەڵ شەش ساڵی رابردوودا. هەروەها شێوازی بەشدارییکردنی خەڵک و پڕۆسەکانی هەڵبژاردن لە چەند دەیەی رابردوودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە: لەکاتێکدا رێژەی بەشدارییکردن بەرەو دابەزین دەچێت، هاوکات رێژەی ناڕەزایەتی و ئاژاوەگێڕییەکان و رەتکردنەوەی ئەنجامەکان بە جۆرەها بیانوو لە بەرزبووندایە.
گرنگیی دەنگدەر لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا
1-بەهێزکردنی دیموکراسی: دەنگدەران بە بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، دەتوانن کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی حوکمڕانی دروست بکەن و چاودێریی دەسەڵاتی حزبی حوکمڕان بکەن، ئەمەش هاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەکان مسۆگەر دەکات و ماف و ئازادییەکان دەپارێزێت.
2-لێپرسینەوە: دەنگدەران داینەمۆی هێزی لێپرسینەوەن لە بەرپرسانی هەڵبژێردراو. ئەگەر کاندیدەکان بەڵێنی هەڵبژاردنەکانیان جێبەجێ نەکەن یان کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان نیشان بدەن، ئەوا دەنگدەر مافی ئەوەی هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سزایان بدەن و پارتێک یا کاندیدێکی تر وەک بەدیلێک بۆخۆی هەڵبژێرێت.
3-گۆڕانکاریی و چاکسازی: هەڵبژاردن دەرفەتێک بۆ دەنگدەران دەڕەخسێنێت تا بە ئارەزووی خۆیان گوزارشت لە گۆڕانکاری و چاکسازییەکان بکەن. ئەگەر سیاسەت یان یاسای نەخوازراو یان ناکاریگەر هەبێت، دەنگدەر لەرێی هەڵبژاردنەوە بەدەنگی خۆی دەتوانێت بەشداری لە گۆڕینی یاساکان و دیمەنی سیاسیدا بکات.
4-فرەچەشنی و نوێنەرایەتی: لەڕێگەی بەشداریی کاراوە دەنگدەران دڵنیا دەبن لەوەی کە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان نوێنەرایەتیی توێژە کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و کەلتورییە جیاوازەکان دەکەن، ئەمەش ئاستی بەشداریی فرەیی لایەنی لە نوێنەرایەتیکردن بەرز دەکاتەوە و بەشداری لە دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا دەکات.
سەرکەوتنی هەر سیستەمێکی دیموکراسی تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندیی بە هۆشیاری دەنگدەرانەوە هەیە، کە تا چەند شارەزاییان لەسەر ماف و ئەرکەکانی خۆیان هەیە. بۆیە هۆشیارکردنەوەی دەنگدەران و هاندانیان بۆ بەشدارییکردنی سیاسی بە پێویست دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف کە نوێنەرایەتیی ئیرادەی راستەقینەی خەڵک بکات، بەڵام چەند ساڵێکە تێبینی دەکرێت رێژەی بەشداریی جەماوەر لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عیراق کەمتر و کەمتر دەبێتەوە و رێژەی بایکۆت و دەنگی خۆڵەمێشی زیاتر هەڵدەکشێت.
ئێستا لە سەردەمێکی نادڵنیایی ریشەییدا دەژین، کە تێیدا چەندین ئاڵەنگاری ئاڵۆز هەڕەشە لە سەقامگیریی و گەشەکردن دەکەن. هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا رۆژ بە رۆژ ناکۆکی و ناڕەزایی لە سەر شێواز و پاکی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. بەهۆی ئەوەی سەرکردە سیاسییەکان ناڕەزایی دەردەبڕن و لێدوانی توند دەدەن و گومان لەسەر متمانەدان بە هەڵبژاردنەکان دروست دەکەن یان لە دادگاکاندا هەنگاوی یاسایی بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەگرنەبەر، ئەوەش بە ئاماژەیەکی گرنگ و نەرێنی بۆ دەنگدەران دەنێرێت. لە هەندێک حاڵەتدا ئەم جۆرە سیگناڵانە، رەوایەتی بە نیگەرانی ئەو لایەنانە دەدات، کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان بەدڵ نەبووە. لە هەندێکی تردا هەوڵێکە بۆلاوازکردنی باوەڕ و بڕوای گشتی بە سەرکەوتنی رکابەرەکەیان.
بەراوردێک بۆ هەڵبژاردنەکانی ماوەی نێوان ناوەڕاستی ساڵی2020 بۆ ناوەڕاستی ساڵی 2024 کراوە دەرکەوتووە، کە لە هەر پێنج هەڵبژاردن بەلایەنی کەم رێوشوێنی بەڕێوەچوونی یەکێک لە هەڵبژاردنەکان تانەی یاسایی لێدراوە، پڕۆسەی دەنگدان و ژماردنەوەی دەنگەکانیش، زۆرترین سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە بۆ تانەدان و رەتکردنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە.
هەر لەو ماوەیەدا لە هەر پێنج هەڵبژاردن یەکێکیان بۆ نموونە، کاندیدێکی دۆڕاو بۆ سەرۆکایەتی یان پارتێکی دۆڕاو لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، بە ئاشکرا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان رەتکردۆتەوە، لەهەندێک ناوچەی جیهان، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەر دە هەڵبژاردن یەکێکیان بایکۆتی کردووە. ئەم هۆکارانە بەگشتی بوونەتە مایەی دروستبوونی گومان و بێمتمانەیی بە پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن بەگشتی.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە ساڵی 2023 دا دیموکراسیەت بەردەوام لە دابەزیندا بووە، بەم هۆیەوە ئاڵەنگاری بەرچاو سەبارەت بە شێوازی نوێنەرایەتیکردن و مافەکان دەرکەوتووە. بە هەڵسەنگاندنی بوارە جیاوازەکانی باشتربوون و تێکچوونی هەر وڵاتێک، دەرکەوتووە ساڵی 2023 بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2018دا لە هەر نۆ وڵات، دۆخی چوار وڵات خراپتر بووە، لە کاتێکدا تەنها یەک وڵات لە هەر چوار وڵات دۆخەکەی باشتر بووە، ئەم رەوتە نەرێنییە لە دە ساڵی رابردوودا زیاتر پەرەی سەندووە. ئاستەنگەکانی بەردەم دیموکراسیەت لە هەموو بەشێکی جیهان و لە دابەزینی ئاستی دیموکراسیەت و هەڵبژاردنەکاندا هەستی پێدەکرێت. زەمینەی سەرکوتکردن بەردەوام خراپتر بووە، چونکە حکومەتەکان هەنگاوی گەورەتریان ناوە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و سنووردارکردنی دەربڕینی توانای خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا، کە بزانن کێ دەکەنە نوێنەری خۆیان و کێش حوکمڕانییان دەکات، دابەزینی ئەدای دیموکراسی لەو وڵاتانەدا دەبینرێت کە دەیان ساڵە لە ئازادترین وڵاتەکانی جیهاندان.
دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسیەت و هەڵبژاردنەکان کە بنکەکەی لە ستۆکهۆڵمە، رایگەیاندووە، ساڵی 2023 هەشتەمین ساڵ بوو لەسەریەک، کە پاکی هەڵبژاردنەکان و ئەدای دیموکراسی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، ئەمەش درێژترین ماوەی دابەزینە لەوەتەی ساڵی 1975تۆمارکراوە. دامەزراوەکە پێوەرەکانی خۆی بۆ دابەزینی دۆخی دیموکراسیەت لە جیهاندا بۆ زیاتر لە 100 هۆکار گەڕاندۆتەوە، بەڵام بەگشتی هەڵوەستەی لەسەر چوار جۆری سەرەکی کردووە بۆ پۆلێنکردنی ئەدای کارکردن: نوێنەرایەتی، ماف، سەروەریی یاسا و بەشدارییکردن.
کیڤن کاساس زامۆرا کە سکرتێری گشتی دامەزراوەکەیە، لە راپۆرتەکەدا دەڵێت: ئەم راپۆرتە وەک بانگەوازێک وایە کار بۆ پاراستنی دیموکراتییانەی هەڵبژاردنەکان دەکات، سەرکەوتنی دیموکراسیەت پەیوەندیی بە زۆر شتەوە هەیە، بەڵام ئەوە زۆر مەحاڵ دەبێت ئەگەر هەڵبژاردنەکان شکست بهێنن.
دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکانی وەک «تۆقاندن و ناڕێکی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، لە بابەتی دەستکارییکردنی تۆماری دەنگدەران، ژماردنەوەی دەنگەکان، لە زیادبووندایە». ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەرەکانی دەستوەردانی دەرەکی و زانیاری هەڵە و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکاندا» ئاڵەنگارییەکانی گەورەتر کردووە». بەشێوەیەکی گشتی ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ساڵی2023 بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ رێژەی 55.5 % دابەزیوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2008دا رێژەی بەشدارییکردن دەنگدەران 65.2 % بووە.
لە ئاستی جیهانیدا، نزیکەی 20 %ی ئەو هەڵبژاردنانەی لە نێوان ساڵانی 2020 تا 2024 بەڕێوەچووە، یەکێک لە کاندیدەکان یان لایەنە دۆڕاوەکان، ئەنجامەکانیان رەتکردۆتەوە. بەتایبەت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی2020 بینیمان چۆن دۆناڵ تڕامپ کە هەڵبژاردنەکەی دۆڕاندبوو، بە جۆرەها شێواز هەوڵیدا گومان بخاتە سەر پڕۆسەکە و ئەنجامەکەی رەتکردووە و بەساختەکاری وەسفیکرد.
بایکۆتی هەڵبژاردن چییە؟
بایکۆتی هەڵبژاردن بریتییە: لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنێک لەلایەن کۆمەڵێک دەنگدەرەوە کە هەریەکەیان خۆیان لە دەنگدان بەدوور دەگرن. رەنگە بایکۆت وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی سیاسی بەکاربهێنرێت کە دەنگدەران هەست بکەن، ئەگەری ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە، یان سیستەمی هەڵبژاردن لایەنگری لە کاندیدەکانی دەسەڵات دەکات، یان ئەو سیاسەتەی کە هەڵبژاردنەکە رێکدەخات شەرعیەتی تێدا نییە، یان ئەو کاندیدانەی کە خۆیان کاندید دەکەن زۆر پەسەندکراونین. لەو دەسەڵاتانەی کە دەنگدانی ناچارییان هەیە، بایکۆت لەوانەیە ببێتە کردەوەیەکی نافەرمانی مەدەنی، یانیش لایەنگرانی بایکۆتەکە دەتوانن دەنگی سپی بدەن یان دەنگ بە «هیچ کام لەمانەی سەرەوە» بدەن. رەنگە ئەوانەی بایکۆتی دەنگدان دەکەن سەر بە گرووپێکی ناوچەیی یان نەتەوەیی دیارییکراو بن. رەنگە پارتێکی سیاسی یان کاندیدێکی دیارییکراو کاندید بوونی خۆی لە هەڵبژاردنەکەدا رەت بکاتەوە و داوا لە لایەنگرانی بکات بایکۆتی دەنگدان بکەن.
لە حاڵەتی ریفراندۆمدا، دەکرێت بایکۆت وەک تاکتیکی دەنگدان لەلایەن نەیارانی ئەو پێشنیازە بەکاربهێنرێت. ئەگەر ریفراندۆم پێویستی بە کەمترین رێژەی بەشدارییکردن هەبێت بۆ ئەوەی رەوا بێت، ئەوا رەنگە بایکۆت رێگری بکات لە گەیشتن بەم نیسابە. لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا زۆرجار تاک و لایەنەکان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتەکانی پارتی دەسەڵاتدار بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، بەو هیوایەی لەلایەن چاودێرانی دەرەوە هەڵبژاردنەکە بە ناشەرعی هەژمار بکرێت.
مەرج نییە هەموو جار بایکۆت بژاردەیەکی باش و بەسوود بێت بۆ لایەنە سیاسییەکان یا گروپە ئایینی و نەتەوەییەکان، چونکە بە بایکۆت دەکەونە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە، بۆ نموونە دوای2003لە عیراق عەرەبی سوننە لە روانگەی دەمارگیریی و قەبوڵنەکردنی پڕۆسەی رزگاری عیراق بڕیاریاندا بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژارندنی پەرلەمانی بکەن کە لە کانونی دووەمی 2005 بەڕێوەچوو، بەهۆیەوە دەرفەتیان بە کورد و شیعەدا، زۆرینە پێکبهێنن و بە خواستی خۆیان بنەماکانی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی نوێی عیراق لە چوارچێوەی دەستورێکی فیدڕاڵ و سیستەمێکی پەرلەمانی کۆماری بنووسنەوە.
بڕیاری سەرکردەکانی سوننە بۆ بەشداریینەکردن لە هەڵبژاردنەکەی مانگی یەکی ساڵی2005 ئێستا وەک یەکێک لە هەڵە ستراتیژییە گەورەکانی سوننە لە سەردەمی دوای سەدام سەیر دەکرێت. بانگەشەی لایەنگری دژە سوننە لەلایەن هەردوو لایەنی شیعە و دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانییەوەو راگەیاندنی ئەوەی کە هەڵبژاردنی شەرعی لەژێر داگیرکارییدا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، گروپە گەورەکانی سوننە وەک کۆمەڵەی زانایانی موسڵمان و پارتی ئیسلامی عیراق و فیدراسیۆنی هۆزەکانی عیراق بڕیارییاندا بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن. ئەم گروپانە لە سەرەتادا هەوڵیاندا هەڕەشەی بایکۆت بۆ دەستەبەرکردنی ئیمتیازاتەکان بەکاربهێنن، وەک نەهێشتنی پێکهاتەی تاک بازنەیی بۆ دەنگدان کە سوودی بۆ شیعەکان هەبێت یان دانانی خشتەی کاتی بۆ کشانەوەی ئەمریکا، بەڵام هیچ کام لەمانە نەگەیشتنە ئەنجام .جێگەی سەرسوڕمان نییە کە لایەنە سوننەکان لە هەڵبژاردنەکاندا لە کۆی 175کورسی پەرلەمان تەنها پێنج کورسییان بەدەستهێنا، لەوکاتەوە عەرەبی سوننە کەوتنە دەرەوەی ناوەندی بڕیاردان لە عیراق.
پرۆسەی هەڵبژاردن لە عیراق