د. تارق جەوهەر سارمەمی
هەنگاوی یەکەم: رێکاری یاسایی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی سەرۆکایەتی بانگهێشتی ئەندامانی هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی لە 2ی مانگی کانوونی یەکەمی 2024 کۆببێتەوە، بەمەش سەرۆکی هەرێم تۆپەکەی هاوێشتە گۆڕەپانی حزب و لایەنە سیاسییەکان، کە ئەو چەند رۆژە کەمەی لەبەردەستیاندا ماوە، بگەنە جۆرێک لە رێکەوتنی سیاسی بۆ ئەوەی دانیشتنی یەکەم لە وادەی دیاریکراو و بەپێی ئەو رێکارە یاساییانە بەڕێوەبچێت، کە لە یاساکانی هەڵبژاردن و سەرۆکایەتیی هەرێم و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا ئاماژەیان پێکراوە، چونکە لە غیابی لێکتێگەیشتن و سازانی سیاسی لە نێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تر لەسەر کۆی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کە خۆی لە پەرلەمان – دەسەڵاتی جێبەجێکردن؛ بە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتەوە لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دوور نییە ئاستەنگ و لەمپەڕی گەورە بێنێتە بەردەم پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 2 - 12 - 2024 پەرلەمانی خولی شەشەم بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین کاندیدی دەرچوو کۆببێتەوە. مەرجە لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەماندا زۆرینەی رەها واتە پەنجا زاید یەک هەبێت لە کۆی 100 ئەندامەکە، ئامادەی دانیشتنەکە بن، بۆ ئەوەی دانیشتنەکە رەوایەتی یاسایی خۆی وەربگرێت.
بە پێی بڕگەی دووەم لە مادەی 11 بە تەمەنترین کاندید لەلایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێت. سەرۆکی یەکەم دانیشتن لە بەردەم پەرلەماندا وەک یەکەم ئەندام سوێندی یاسایی دەخوات و سەرۆکایەتیی دانیشنەکە دەکات، دواتر یەک بە یەک کاندیدە دەرچووەکان بەپێی بڕگەی 3 لە مادەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆ سوێندی یاسایی دەخۆن: ئەگەر هەر کاندیدێکی هەڵبژێردراو پابەندی ناوەڕۆکی ئەم سوێندە نەبوو، دەبێت سوێندەکەی دووبارە بکاتەوە.
لە رۆژی سوێندخواردنی یاساییەوە کاندیدە هەڵبژێردراوەکان دەبنە ئەندامی پەرلەمان و بە دەستبەکاربوو هەژماردەکرێن و هەموو مافێکی ئەندامێتیان دەبێت و هەموو ئەرکەکانی ئەندامێتیان دەکەوێتە ئەستۆ.
پارتی لە دوای هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، کە هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەلای خۆی دەمێنێتەوە، ئەمەش خاڵێکی سەرەکی ناکۆکییەکەی پارتییە لەگەڵ یەکێتیدا، کە رەنگە هەر ئەمەش ببێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم وپێکهێنانی حکومەتی هەرێم
هەر لە دانیشتنی یەکەمدا بەپێی مادەی 14ی پەرلەمان بە زۆرینەی رەهای ئەندامان و بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی ئەم ریکارانەی خوارەوە هەڵدەبژێرێت:
یەکەم: سەرۆکی یەکەم دانیشتن دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی دەکاتەوە.
دووەم: داوا لە پەرلەمانتاران دەکات هەرکەس بیەوێت دەتوانێت خۆی بپاڵێوێت، پاشان دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخات و پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات.
سێیەم: پرۆسەی دەنگدان بەپێی پیتی ئەلفبێی کوردی داوا لە ئەندامان دەکرێت دەنگ بە دەستەی سەرۆکایەتی بدەن کە لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان پێکهاتووە. لە دەنگدانەکەدا ئەندامانی دەنگدەر ناوی پاڵیوراوی خوازراوی خۆیان لەسەر پسوولەیەکی تایبەت بەو هەڵبژاردنە دەنووسێت و بە دەستی خۆی دەیخاتە ناو سندوقی تایبەت بەو پۆستەی دەنگی پێدەدات، واتە سێ سندوقی جیاواز بۆ هەر یەک لە پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان دادەنرێت.
چوارەم: کە پرۆسەی دەنگدانەکە تەواو دەبێت، سەرۆکی یەکەم دانیشتن کۆتایی پرۆسەی دەنگدان رادەگەیەنێت و داوا لە دوو لاوترین ئەندام دەکات، بەسەرپەرشتی خۆی لە جیاکردنەوەی دەنگەکان یارمەتی بدەن.
پێنجەم: ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی دوو رکابەر، یان زیاتر بۆ هەر یەکێک لە پۆستەکان یەکسان بوون، پرۆسەی دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە، ئەگەر دیسان ژمارەی دەنگەکان یەکسان بوون بەتیر و پشک پۆستەکە بۆ یەکێک لە پاڵێوراوەکان یەکلا دەبێتەوە.
شەشەم: ئەگەر بۆ هەر یەکێک لە پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان یەک پاڵێوراوی بێ رکابەر هەبوو، سەرۆکی یەکەم دانیشتن راستەخۆ بە (ناولێنان)، پاڵێوراوەکە بۆ پۆستەکە بە سەرکەوتوو رادەگەیەنێت. بەم جۆرە سەرۆکی یەکەم دانیشتن، ئەنجامی دەنگدانەکە بۆ ئەندامان ئاشکرا دەکات و داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردراو دەکات، بچنە جێگەی تەرخانکراوی خۆیان.
سیناریۆی هەڵپەساردنی دانیشتنەکە
لە مێژووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، تەنیا لە یەکەم دانیشتنی دەستپێکی خولەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و پێنجەم پەرلەمانی هەڵبژێردراودا دوای سوێندخواردنی ئەندامان، لە هەمان دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە (سەرۆک، جێگر وسکرتێری پەرلەمان) دەگرێتەوە هەڵبژێردراون، چونکە ئەوسا رێکەوتن و لێکتێگەیشتن و سازان لە نێوان یەکێتی و پارتیدا هەبوو. بەڵام لە خولی چوارەمی هەڵبژاردندا 2013 بەهۆی نەبوونی رێکەوتن و سازان نەتوانراوە لە یەکەم دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە بە تەمەنترین ئەندامی پارتی کە سەرۆکایەتی دانیشتنی دەستپێکی خولەکانی چوارەمی دەکرد، دوای سوێندخواردنی ئەندامان دانیشتنەکە بە کراوەیی بۆ ماوەی شەش مانگ هەڵگیرا. ئەمەش پێشێلکردنێکی روونی ریکارە یاساییەکان بوو کە لە خولی چوارەم روویدا. بۆیە بە دوور نازانرێت ئەمجارەش دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی خولی شەشەم دووچاری دۆخێکی هاوشێوە ببێتەوە، کە دوای سوێندخواردنی ئەندامان دانیشتنەکە بەکراوەیی هەڵپەسێردرێت. بەڵام ئەم سیناریۆیەش پێویستی بە رێکەوتنی پێشوەختەی لایەنەکان هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنەی کە خاوەنی ئەندامە بەتەمەنەکەیە و سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە دەکات!.
هەرچەندە ئەمجارە دۆخەکە جیاوازترە و رەنگە هەڵپەساردنی دانیشتنەکە بە ئاسانی تێنەپەڕێت، چونکە یەکەمجارە بەتەمەنترین ئەندام، کە سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی هەڵبژێردراو دەکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دەرەوەی لیستەکانی یەکێتی و پارتی دەبێت، ئەمەش وادەکات سێ بارە بوونەوەی سیناریۆی هەڵپەساردنی دانیشتنەکە و هێشتنەوەی بە کراوەیی زۆر قورستر بێت لە جاران، بەتایبەتی لە حاڵەتی هەڵپەساردنی دانیشتنەکە بە دوور نازانرێت هەندێک ئەندام و لایەنی سیاسی روو لە بەغدا بکەن و لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لە دژی هەڵپەساردنی دانیشتنی یەکەم تۆمار بکەن! بەمەش دادگای فیدڕاڵی دێتەوە سەر خەت و هەڵپەساردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان و هێشتنەوەی بەکراوەیی بە خەرقێکی قانونی و دەستووری لێک بداتەوە، بە بڕیار سەرۆکی تەمەن ناچار بکات کە دانیشتنەکە تەواو بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت. بەتایبەتی کە دادگای فیدڕاڵی پێشینەی بڕیاری لەم جۆرەی هەیە و لە 2010 لەسەر ئەوەی کە دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرۆکایەتی د. فواد مەعسوم.
سیناریۆی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی
ئەو سەردان و دیدارانەی چەند رۆژێکە یەکێتی پارتی و لایەنەکانی تر ئەنجامی دەدەن بۆ ئەوەیە خۆیان بۆ سیناریۆی دوانەخستن و هەڵنەپەساردنی یەکەم دانیشتن ئامادە بکەن، چونکە وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد لە غیابی رێکەوتن و سازانی سیاسی هەر یەک لە یەکێتی و پارتی هەوڵدەدەن جۆرێک لە هاوپەیمـانێتی و رێکەوتن لەگەڵ لایەنەکانی تر دروست بکەن!.
تا لە رۆژی 2 - 12 - 2024 ئەگەر سەرۆکی تەمەن دانیشتنەکەی درێژە پێدا و دەرگای خۆپاڵاوتنی لە بەردەم ئەندامان کردەوە، ئەوا هەریەکەیان کاندیدی و پاڵێوراوی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەبێت، چونکە لە خولی پێنجەم لەبەر ئەوەی پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان پەنجا زاید یەکیان هەبوو لە یەکەم دانیشتندا لەسەر یەکێتی نەوەستا و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا.
ئەگەر دوای سوێندخواردنی ئەندامان، دانیشتنەکەی دووشەممەی پەرلەمان هەڵنەپەسێردرێت و راستەوخۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش هەڵبژێردرێت، رەنگە پەرلەمان بە ریبەرایەتی یەکێتی و پارتی بەسەر دوو بەرە دابەش بن، چونکە هەردوولا باش دەزانن لە یەکەم دانیشتن هەر لایەنێک بتوانێت سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەست بێنێت، ئەوا تا رادەیەکی زۆر جڵەوی پرۆسەی سیاسی دەکەوێتە دەست و رێڕەوی هەنگاوەکانی دواتری هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بەپێی بەرژەوەندی و ئەجێندای سیاسی خۆی و هاوپەیمانەکانی دیاری دەکات.
هەنگاوی دووەم: هەڵبژاردنی سەرۆکی هەڕێمی کوردستان
دووەم هەنگاوی کردەیی و یاسایی بەرەو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتییە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە بەدەر لە حوکمەکانی ماددەی حەوتەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عیراق ژماره (1)ی سالی 2005 ی هەموارکراو پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەم رێکارانەی خوارەوه دەگرێتەبەر:
یەکەم:
1 - لە ماوەی (30) رۆژ له دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان دەرگای خۆ پاڵاوتن دەکاتەوە.
2 - خوازیارانی خۆکاندیدکردن کە مەرجەکانی ماددەی پێنجەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان - عیراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەمواركراو تێدايە لە ماوەی (3) رۆژ لە رێکەوتی کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن داواکاری و سیڤی خۆیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن.
3 - سەرۆکایەتی پەرلەمان لە ماوەی (2) دوو رۆژ لە رۆژی داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن، ناوی ئەو پاڵێوراوانە رادەگەیەنێت کە مەرجی یاساییان تیدایە.
4 - هەر كەسێك لەوانەی داواکارییان پێشکەش کردووە، ئەگەر ناوی رانەگەیەنرا، بۆی هەیە لە ماوەی (2) دوو رۆژ لە رێکەوتی راگەیاندنی ناوی كاندیدەكان لە بەردەم دادگای تەمییز تانە بدات، دادگای تەمییز لە ماوەی (2) دوو رۆژ تانەکە یەکلایی دەکاتەوە و بڕیاری دادگاش لەم بارەوە بنبڕە.
5 - سەرۆکی هەرێم له دەنگدانێکی ئاشکرا و بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان لە ماوەی (3) سێ رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکان هەڵدەبژێردرێت.
6 - ئەگەر هیچ پاڵێوراوێك دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، دەنگدان دووبارە دەکرێتەوە و كێبڕكێ لە نێوان ئەو دوو باڵێوراوەدا دەبێت، کە زۆرینەی دەنگیان هێناوە و ئەوەی لە جاری دووەمدا زۆرینەی بەدەستهێنا دەبێته سەرۆکی هەرێم، ئەگەر تەنها یەك پاڵێوراویش هەبوو بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەنگدانی ئاشکرا ئەنجام دەدرێت، ئەگەر پاڵێوراوەکە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی بەدەستهێنا دەبێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارە جۆرێک لە گۆڕانکاری لە هاوکێشەی ناو پەرلەمان دروست کردووە و جۆرێک لە هاوسەنگیی لە نێوان هەردوو هێزی دەسەڵاتدار دروست کردووە و پارتی زۆرینەی پەنجا کۆ یەکی لە دەست داوەو یەکێتیش وەک هێزێکی دووەم بە قەبارەی براوەی یەکەم کە چەند کورسییەکی زیادی کردووە چاوی لەوەیە یەکێک لە دوو سەرۆکایەتییەکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت نایەوێت چیتر رۆڵی لاوەکی لە حوکمڕانی هەرێمدا ببینێت، لەبەرانبەریشدا پارتی لە دوای هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، کە هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەلای خۆی دەمێنێتەوە، ئەمەش خاڵێکی سەرەکی ناکۆکییەکەی پارتییە لەگەڵ یەکێتیدا، کە رەنگە هەر ئەمەش ببێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم وپێکهێنانی حکومەتی هەرێم. لە نووسینی داهاتوودا هەنگاوی سێهەم باس دەکەین کە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
* راوێژکاری ڕاگەیاندن و شارەزا لە کاروباری پەرلەمان
یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، سەرکەوتوو دەبێت لە نزیک کردنەوەی روئیای لیستە سیاسییەکاندا؟